دیموكراسی نه ‌به‌دیلی ئیسلامه‌ و نه‌ ته‌واوكا‌ریشیه‌تی (له‌كۆمه‌ڵگه‌ی موسوڵماندا)

06/19/2019 08:51:08

ئه‌م بابه‌ته‌ قسه ‌و باسی زۆری له‌سه‌ركراوه‌و ڕاجیایی زۆریشی له‌سه‌ر هه‌یه‌، بۆیه‌ هه‌ركه‌س هه‌رچی بڵێت له‌م باره‌یه‌وه‌ له‌چوارچێوه‌ی ڕاوبۆچوون تێناپه‌ڕێت و بابه‌تێك كه‌ خۆی له‌خۆیدا فره‌ڕه‌هه‌ند وفره‌ چه‌شن و فره‌ مۆدێل بێت، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ڕاكانیش له‌سه‌ری جیاواز ده‌بن، جگه‌له‌وه‌ش ئه‌وانه‌ی قسه‌ی له‌سه‌رده‌كه‌ن جیاوازن له‌نێوان ئیسلامی وعه‌لمانی ولیبڕاڵ و سه‌رمایه‌دار و سۆشیالیست و نه‌ته‌وه‌ په‌رست و نێونه‌ته‌وه‌یی (ئینته‌رناشناڵ)، چه‌پ و ڕاستڕه‌و، دووباره‌ هه‌ریه‌ك له‌مانه‌ش توندڕه‌و و میانڕه‌و و شلڕه‌ویان هه‌یه‌، بۆنموونه‌ به‌ناوی ئیسلامه‌وه‌ ئه‌مپه‌ڕو ئه‌و‌په‌ڕه‌كه‌ی هه‌ر خوایان یه‌كه‌و ڕایه‌كانیان - ئاسمان و ڕێسمانن‌- بگره‌ لای هه‌ندێك له‌ خوایه‌كه‌شدا یه‌ك ڕانین ئه‌میان ئه‌ویتریان به‌كافرو زندیق و له‌دین ده‌رچوو ده‌زانێت و له‌م دنیا كوشتنی به‌ واجب ده‌زانێت بۆ قیامه‌تیش به‌ ئه‌هلی جه‌هننه‌می ده‌زانێ، به‌هه‌مان شێوه‌ش عه‌لمانی و ناسیۆنالیست و ئه‌وانی تریش .

بۆیه‌ له‌وه‌ها حاڵه‌تێكدا باسكردن له‌ هه‌ر شتێك ده‌بێته‌ جێگای ڕاجیایی، بۆیه‌ من چاوه‌ڕێ نیم كۆده‌نگی له‌سه‌ر دیموكراسیه‌ت دروست ببێت، به‌ڵام به‌پێویستی ده‌زانم دید و بۆچوونی خۆم له‌سه‌ر دیموكراسی بنووسم، ئه‌و كات به‌رامبه‌ر ئازاده‌ چه‌نده‌ لای په‌سه‌نده‌ و چه‌نده‌ دژی ده‌وه‌ستێته‌وه،‌ له‌وكاته‌شدا باشتر وایه‌ منیش و ئه‌ویش ڕای یه‌كتر قبوڵ بكه‌ین بۆئه‌وه‌ی بتوانین پێكه‌وه‌ بژین، دواجاریش ڕای من و ڕای ئه‌ویش هه‌ر ڕایه‌و قسه‌ی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ نییه.

سه‌ره‌تا با له‌پێناسه‌وه‌ و دواتریش له‌بنه‌ماو خه‌سڵه‌ته‌كانی دیموكراسییه‌وه‌ ده‌ستپێبكه‌ین، دواتر سه‌رنج و تێبینیه‌كان و له‌ كۆتاییشدا ده‌رئه‌نجام بخه‌ینه‌ڕوو.

له‌ پێناسه‌ی كورت و پوختی دیموكراسیدا ده‌وترێ: (الديمقراطية نظام سياسي واجتماعي، حيث الشعب هو مصدر السيادة و السلطة، فهو يحكم نفسه عن طريق ممثلين عنه، وهي تعني في الأصل حكم الشعب لنفسه  ــ موقع ابن خلدون، اسس النظام السياسي الديمقراطي،13/2/2011).

به‌و پێیه‌،‌ دیموكراسی سیستمێكی سیاسی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ كه‌ گه‌ل خۆی تیایدا سه‌رچاوه‌ی ڕه‌وایه‌تیدانه‌ به‌ ده‌سه‌ڵات‌، واته‌ خۆی ده‌سه‌ڵاتداره‌ به‌سه‌ر خۆیه‌وه‌، له‌ڕێگه‌ی ڕه‌وایه‌تێدان به‌ ده‌سه‌ڵاتێك كه‌ نوێنه‌رایه‌تی هاوڵاتیانی ئه‌و گه‌له‌ ده‌كات و خۆی هه‌ڵیبژاردووه، واته ‌فه‌رمانڕه‌وایه‌تی هه‌رگه‌لێك مافی خودی هاوڵاتیانی ئه‌و گه‌له‌یه‌.

به‌كورتی ئه‌م سیستمه‌ له‌ حوكمڕانی بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی سیستمی پاشایه‌تی پشتاوپشتی بنه‌ماڵه‌كان وده‌سه‌ڵاتی كه‌نیسه‌ هاتووه‌، كه‌به‌ناوی خواوه‌ فه‌رمانڕه‌وایه‌تیان‌كردووه‌ و ده‌سه‌ڵاتیان بۆ خۆیان قۆرخكردووه‌ و بوون و مانه‌وه‌یان له‌ ده‌سه‌ڵاتدا له‌ سه‌روی ویست و حه‌زو ئیراده‌ی هاوڵاتیانه‌وه‌ بووه‌ و خه‌ڵك مافی ‌‌گۆڕینیانی نه‌بووه‌.

له‌كاتێكدا ئیسلام نه‌ڕێگه‌ی به‌ گواستنه‌وه‌ی پشتاوپشتی ده‌سه‌ڵاتداوه‌و نه‌ هیچ كه‌سێكیش(جگه‌ له‌ پێغه‌مبه‌ران) به‌نوێنه‌ری خواو (معصوم) و پارێزراو له‌ ڕه‌خنه‌ ده‌زانێت.

پیغه‌مبه‌ری خوایش(صلى الله عليه وسلم) پاش كۆچی دوایی خۆی نه‌كه‌سی ده‌ستنیشانكرد بۆ جێنشینی خۆی و نه‌هیچ میكانیزمێكیشی دیاریكرد بۆ ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و جێنشینه‌، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ده‌ستكراوه‌یی موسوڵمانان له‌و باره‌یه‌وه‌، ته‌نانه‌ت پێگه‌ و نازناوی (خلیفه‌)‌‌ش دوای كۆچی دوایی ئه‌بوبه‌كر جێگه‌ی قسه‌ له‌سه‌ركردن بوو، بۆیه ‌عمری كوڕی خطاب ووتی ئه‌بوبه‌كر جێنشینی پێغه‌مبه‌ربوو(صلى الله عليه وسلم)، بۆیه‌ مافی خۆی بوو پێی بوترێ (خلیفه)‌، به‌ڵام من جێنشینی ئه‌بوبه‌كرم نه‌ك پێغه‌مبه‌ری خوا(صلى الله عليه وسلم)، بۆیه‌ نازناوی(أمير المؤمنين)ی لێنرا.

جگه‌ له‌وه‌ش له‌ سه‌رده‌می فراوانبوونی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامیشدا هه‌موو ئه‌و هه‌رێم و ناوچانه‌ی ده‌كه‌وتنه‌ سنوور و ژێرده‌سه‌ڵاتی ئیسلامیه‌وه‌، بژارده‌ی یه‌كه‌م مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی پێشوو بووه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتدا، یان كه‌سێكیتر هه‌ر له‌ خۆیان كه‌شیاوی ئه‌وكاره‌بێت.

واته‌ ئیسلام هیچ ڕێگر نییه‌ له‌ ده‌ستنیشانكردنی ده‌سه‌ڵاتداران له‌ ناو خودی هاوڵاتیاندا به‌بێ هه‌ڵاوێردن و له‌ لایه‌ن خودی هاوڵاتیانیشه‌وه،‌ به‌ هه‌ر شێوازێكیش كه‌ خۆیان به‌ گونجاوو دادپه‌روه‌رانه‌ی بزانن.

له‌ سیستمی دیموكراسیدا هاوڵاتیان خۆیان ده‌سه‌ڵاتدارانی خۆیان داده‌نێن، له‌ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ و له‌چوارچێوه‌ی گرێبه‌ستێكی كۆمه‌ڵایه‌تیدا و بۆ كاتێكی دیاریكراو، بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ی هاوڵاتیان پابه‌ندی ئاینی ئیسلام‌ بوون و ڕێزیان له‌ بنه‌ماكانی ده‌گرت، ئه‌وا متمانه‌ ده‌ده‌نه‌ كه‌سانێك كه‌ سنووری بنه‌ماكانی ئایین نه‌به‌زێنن و ده‌سه‌ڵات به‌ حه‌زی ئه‌وان ده‌بێت، ئه‌گه‌ریش به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ بوو واته‌ ئه‌وان كه‌مینه‌ بوون، یان بوون به‌ كه‌مینه‌،  ئه‌و كات كه‌مینه‌كه‌ به‌پێی سیستمی دیموكراسی ( وه‌ك پیكهاته‌یه‌كی ئه‌وه كۆمه‌ڵگه‌یه‌) ڕێزلێگیراو ده‌بن و مافه‌كانیان پارێزراو ده‌بێت و ته‌نها ده‌توانن ده‌ست به‌ ئاینه‌كه‌یانه‌وه‌ بگرن و واز له‌ ده‌سه‌ڵات بهێنن بۆ زۆرینه‌كه‌، له‌ ڕاستیدا موسوڵمانان له‌ كاتێكدا كه‌ زۆرینه‌ و ده‌سه‌ڵاتداربن  دروشمه‌كه‌یان (....فَمَن شَاءَ فَلْيُؤْمِن وَمَن شَاءَ فَلْيَكْفُرْ...الكهف /29) ده‌بێت، ئیتر به‌ كه‌مینه‌یی به‌نیازن‌ بڵێن چی؟!.

سه‌باره‌ت به گرنگترین‌ خه‌سڵه‌ت و بنه‌ما گشتی و دیاره‌كانی دیموكراسیش، هه‌ڵوێسته‌یه‌ك له‌سه‌ر هه‌ریه‌كه‌یان به‌ جیا ده‌كه‌ین تابزانین چه‌نده‌ له‌گه‌ڵ بنه‌ما نه‌گۆڕ و جێگیره‌كان و ڕۆح و فه‌لسه‌فه‌ی شه‌ریعه‌تی ئیسلامیدا دێته‌وه‌ یان دژو پێچه‌وانه‌یه‌.

گرنگترین‌ خه‌سڵه‌ت و بنه‌ما گشتی و دیاره‌كانی دیموكراسی

1/شه‌رعیه‌تی سیستمی سیاسی، واته‌ ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانی به‌ ڕه‌زامه‌ندی هاوڵاتیان بێت و له‌ لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرابێت.

واته پێویسته‌‌ ده‌سه‌ڵاتدار ڕه‌وایه‌تی له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ به‌ده‌ستهێنابێت و جێگه‌ی قبووڵ و ڕه‌زامه‌ندی هاوڵاتیان بێت، نه‌ك سته‌مكارو خۆسه‌پێن بێت وبه‌زۆر و زۆرداری وڵات به‌ڕێوه‌ ببات.

له‌ ڕاستیدا جوانترین و گه‌شاوه‌ترین نموونه‌ی كرداری ئه‌م بنه‌مایه‌ له‌ سه‌ره‌تای ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی و له‌ لایه‌ن یه‌كه‌م ده‌سه‌ڵاتداری ئیسلامی پاش پێغه‌مبه‌ری خوا، كه‌ ئه‌بوبه‌كری صدیق بوو، گوزارشتی لێكراو كرایه‌ بنه‌ما، كاتێك له‌ وتاری ده‌ستبه‌كار بوونیدا به‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی ووت:

ئه‌ی‌ خه‌ڵكینه‌ من كراومه‌ته‌ ده‌سه‌ڵاتدار و كاربه‌ده‌ستی ئێوه‌ هه‌رچه‌ند من باشترینی ئێوه‌ نیم، گوێڕایه‌ڵم بن تائه‌و كاته‌ی فه‌رمانی خواتان ‌به‌ دروستی به‌سه‌ردا جێبه‌جێده‌كه‌م، هه‌ركاتیش لامدا ئه‌وا ڕاستم بكه‌نه‌وه‌ ...‌

داهێنانی ئه‌نجوومه‌نێكیش به‌ناوی (ئه‌هلی حه‌ل و عه‌قد) واته‌ ئه‌نجوومه‌نێك كه‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌ستن و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گرێبه‌ستی ڕه‌وایه‌تیدانی به‌ده‌سه‌ڵاتی كه‌سی یه‌كه‌م هه‌یه له‌ ڕێگه‌ی ده‌نگدانه‌وه‌‌، ئه‌ویش نموونه‌یه‌كی تره‌ له‌و باره‌یه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه‌ش به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان كه‌ بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ له‌توانادابووه هه‌ڵبژێردراوی خه‌ڵك بوون و نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكیان كردووه‌ و ئه‌وان ڕه‌وایه‌تیان داوه‌ به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ (ئه‌م جۆره‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی ناڕاسته‌وخۆی سه‌رۆك تا ئیستاش له‌ هه‌ندێ وڵاتی دیموكراسی وه‌ك ئه‌مریكا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، واته‌ خه‌ڵك نوێنه‌رانی خۆیان بۆ ئه‌نجوومه‌نێك هه‌ڵده‌بژێرن كه‌ ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه‌ كاریان ته‌نها هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكه‌).

2/ گرتنه‌به‌ری میكانیزمی (هه‌ڵبژاردن) بۆ ده‌ستنیشانكردنی نوێنه‌رانی خه‌ڵك له‌ لایه‌ن خودی هاوڵاتیانه‌وه‌.

له‌ڕاستیدا ئه‌گه‌ر به‌دیلی هه‌ڵبژاردن بۆ ده‌ستنیشانكردنی ده‌سه‌ڵاتداران و نوێنه‌ران، ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌یی و پشتاو پشت بێت یان خۆكردن به‌ نوێنه‌ری خوا و ئیدیعای شه‌رعیه‌تی ئاسمانی‌ بێت (جگه‌ له‌ پێغه‌مبه‌ران) ئه‌وا ئیسلام نه‌ڕێگه‌ی پێداوه‌و نه‌ په‌سه‌ندیشی ده‌كات.

له‌ ڕوویه‌كی تریشه‌وه‌ هه‌ڵبژاردن واته‌ ڕای زۆرینه‌، ئه‌گه‌ر پێچه‌وانه‌كه‌ی وه‌ربگرین ده‌كاته‌ خۆسه‌پاندنی كه‌مینه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش دادپه‌روه‌ری تێدا نییه‌.

له‌گه‌ڵ ساده‌یی وسه‌ره‌تابوونی ژیان له‌و سه‌رده‌مه‌دا، نموونه‌ی ساده‌ی په‌یڕه‌وكردنی هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌ر و (نقیب) داهێنانێكی ئیسلامی بووه‌ و ئه‌گه‌ر لێی بگه‌ڕانایه‌ ئێستا سیستمی هه‌ڵبژاردن له‌ لووتكه‌ی هه‌ره‌به‌رزی پێشكه‌وتندا ده‌بوو.

3/ هه‌بوونی ده‌وڵه‌تی یاسا، كه‌ ڕێز له‌ هاوڵاتیان بگرێت و مافه‌كانیان بۆ دابین بكات و سنووردانان بۆ تاكڕه‌وی و یاساشكێنی ده‌سه‌ڵاتداران له‌ ڕێگه‌ی دامه‌زراوه‌كانی تایبه‌ت به‌ پارێزگاری له‌ مافی گشتی و هاو‌ڵاتیان..

سه‌روه‌ریی یاسا، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر زه‌ویدا جێبه‌جێكردنێكی هه‌بوو‌بێت ئه‌وه‌ له‌ شه‌ریعه‌تی ئیسلامدا‌ بووه‌ ، له‌ ئیسلامدا كه‌سه‌كان به‌ حه‌قدا ده‌ناسرێنه‌وه‌ نه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌،‌ واته‌ ڕاست ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر حه‌ق بڕوات و په‌یڕه‌وی له‌و حه‌قه‌ بكات ، نه‌ك كه‌سێك به‌حه‌ق بزانرێت بێ گوێدانه‌ ئه‌وه‌ی هه‌رچی بكات.

نموونه‌ی هه‌ره‌ به‌رزی یاسا سه‌روه‌ریش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ری ئیسلا‌م فه‌رموویه‌تی هۆكاری له‌ناوچوونی ئوممه‌ته‌ پێشینه‌كان ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ ئه‌گه‌رخه‌ڵكی لاواز تاوانی بكردایه‌ یاسایان به‌سه‌ردا جێبه‌جێده‌كرد به‌ڵام ئه‌گه‌ر خانه‌دان بوایه‌ چاوپۆشی لێده‌كراو وازی لێده‌هێنرا.

ده‌سه‌ڵاتدار به‌ حوكمی پێگه‌كه‌ی، پێویسته‌ له‌ سه‌ری نموونه‌ی هه‌ره‌به‌رزی پابه‌ندبوون بێت به‌و به‌رنامه‌و یاساو شه‌ریعه‌ته‌ی كه‌ به‌نیازه‌ به‌سه‌ر خه‌ڵكیدا جێبه‌جێی بكات نه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ئیسلام زۆر به‌ جدی و زۆر به‌توندی پێداگیری له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ ده‌كات هه‌رله‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی ئاساییدا، چی بگات به‌ ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتداران (أَتَأْمُرُونَ النَّاسَ بِالْبِرِّ وَتَنسَوْنَ أَنفُسَكُمْ وَأَنتُمْ تَتْلُونَ الْكِتَابَ أَفَلَا تَعْقِلُونَ) البقرة/44  .

ئه‌بوبه‌كری صدیق به‌ خه‌ڵكی ڕاگه‌یاند كه‌ (ئه‌ی خه‌ڵكینه‌ به‌هێزترینتان لای من لاوازترینه‌ تا مافی خه‌ڵكی لێده‌سه‌نمه‌وه‌، لاوازترینیشتان لای من به‌هێزترینه‌ تا مافه‌كه‌ی بۆ وه‌رده‌گرمه‌وه‌).

عمری كوڕی خطاب كاتێك بیستی كوڕی والی میصر سوكایه‌تی به‌ كه‌سێكی قبطی كردووه‌ و ئازاریداوه‌، زۆر تووڕه‌ بوو و سزای كوڕی والی داو سه‌رزه‌نشتی باوكیشیكرد، چونكه‌ پێیوابوو كه‌ كوڕه‌كه‌ی له‌ په‌نای ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ئه‌ودا ئه‌و سته‌مه‌ی كردووه‌،بۆیه‌ به‌ تووڕه‌ییه‌وه‌ ڕوو به‌ والی ووتی: (متى استعبدتم الناس وقد ولدتهم امهاتهم احرارا).

4/ سه‌ربه‌خۆیی و جیكاردنه‌وه‌ی هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاته‌كانی یاسادانان ، جێبه‌جێكردن، دادوه‌ری.

بۆ بابه‌تی سه‌ربه‌خۆیی دادگاكان وتێكه‌ڵنه‌كردنی ده‌سه‌ڵاته‌كان، ته‌نها نموونه‌ی ڕاوه‌ستانی علی كوڕی ئه‌بوطالب له‌ به‌رده‌م قازیدا، له‌ كاتێكدا ئه‌و خه‌لیفه‌ی موسوڵمانان بوو، به‌هۆی سكاڵای هاوڵاتیه‌كی جووله‌كه‌ و به‌ شایه‌ت وه‌رنه‌گرتنی حه‌سه‌نی كوڕی وحوكمكردنی قازی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كابرای جووله‌كه به‌سه‌ بۆ به‌ڵگه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌.

ته‌نانه‌ت عه‌لی كوڕی ئه‌بو طالب ڕازی نه‌بووه‌ كه‌ قازى به‌( اميرالمؤمنين) ناوی ببات له‌كاتی دادگاییكردنه‌كه‌دا، وتوویه‌تی ئێستا ئێمه‌ له‌ به‌رده‌م دادگادا وه‌ك یه‌كین.

5/ ده‌سته‌به‌ركردنی ماف و ئازادییه‌كان، ئازادی ڕاده‌ربڕین، بیروباوه‌ڕ، كۆبوونه‌وه‌، ڕۆژنامه‌گه‌ری،...هتد.

له‌ ئیسلامدا مرۆڤ ڕێزلێگیراوه‌ وه‌ك مرۆڤ به‌ده‌ر له‌ بیروو بۆچوون و كارو كرده‌وه‌كانی، له‌ دنیاشدا ڕێگه‌ پێدراوه‌ بۆ هه‌ڵوێست وه‌رگرتن له‌ ئایین به‌ هه‌ردوو باری ئه‌رێنی و نه‌رێنی (....فَمَن شَاءَ فَلْيُؤْمِن وَمَن شَاءَ فَلْيَكْفُرْ...) الكهف /29. و پاداشت و سزای ئه‌و هه‌ڵوێسته‌شی بۆ هه‌ڵگیراوه‌ بۆ ڕۆژی دوایی و پاش زیندووبوونه‌وه‌، هه‌وروه‌ها ئازادیشه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی ڕێگه‌ی چاكه‌كاری یان خراپه‌و تاوانكاری(له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ پێدراو نیه‌ بۆ زیانگه‌یاندن و ئازاردانی خه‌ڵك و سزای بۆ دانراوه‌، وه‌ك هه‌ر به‌رنامه‌و سیستمێكی تری دونیا )، له‌ ئیسلامدا به‌ زۆركردن له‌ خه‌ڵك بۆ باوه‌ڕهێنان و موسوڵمانبوون ئه‌و كه‌سه‌ ده‌بێته‌ (منافق) نه‌ك موسوڵمان، چونكه مه‌رجی‌ موسوڵمانبوون قه‌ناعه‌ت و ڕه‌زامه‌ندی و ڕاستگۆییه (وَلَوْ شَاءَ رَبُّكَ لَآمَنَ مَن فِي الْأَرْضِ كُلُّهُمْ جَمِيعًا  أَفَأَنتَ تُكْرِهُ النَّاسَ حَتَّى يَكُونُوا مُؤْمِنِينَ) يونس/99 ، خه‌ڵك ئازادن كه‌ باوه‌ڕئه‌هێنن یان نا، به‌ڵام ئازاد نین سوكایه‌تی به‌ ئایینی خه‌ڵك بكه‌ن ئه‌گه‌ر كه‌مینه‌ش بن، چی بگات به‌ ئایینی زۆرینه‌ی خه‌ڵك.

خه‌ڵكی ده‌شته‌كی ڕه‌خنه‌ی توندی له‌ پێغه‌مبه‌ر گرتووه‌ (صلى الله عليه وسلم) و ئازادیش بووه‌، قورئانیش ده‌فه‌رمووێت ئێوه‌ جنێو مه‌ده‌ن به‌ خواكانی ئه‌وان با ئه‌وانیش جنێو نه‌ده‌ن به‌ خواكانی ئێوه‌ به‌نه‌فامی، له‌ هه‌موو حاڵه‌تێكیشدا ڕای جیاواز شتێكه‌و جنێو و سوكایه‌تی بابه‌تێكی تره‌ و ڕێگه‌پێنه‌دراوه‌ .

ئه‌وه‌ش ده‌وترێ سه‌باره‌ت به‌ ڕێگه‌ نه‌دان به‌ په‌شیمان بوونه‌وه‌ له‌ ئیسلام و كوشتنی ئه‌و كه‌سه‌ی له‌ ئیسلام پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه‌، قسه‌ی زۆری له‌سه‌ره‌وپێچه‌وانه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ڕۆحی ئیسلام و بنه‌مای(....فَمَن شَاءَ فَلْيُؤْمِن وَمَن شَاءَ فَلْيَكْفُرْ...)الكهف /29 و  (لَعَلَّكَ بَاخِعٌ نَّفْسَكَ أَلَّا يَكُونُوا مُؤْمِنِينَ) الشعراء/3.

بۆیه‌ ده‌وترێ مه‌به‌ست پێی( المرتد المحارب)ه‌ واته‌ ئه‌و موسوڵمانه‌ی پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه‌ وله‌ به‌ره‌ی  دژ به‌ موسوڵماناندا ده‌جه‌نگێت، واته‌ هه‌ركات موسوڵمانێك پاشگه‌زبوویه‌ و له‌به‌ره‌ی دژایه‌تیكردنی ئیسلامدا وه‌ك جه‌نگاوه‌رێك دژایه‌تی ده‌كرد ئه‌وكات موسوڵمان بوونه‌كه‌ی پێشووی نابێته‌ پارێزبه‌ندی بۆی.

ئیسلام چه‌ندین بنه‌ما و ڕێنمایی بۆ گفتوگۆ و ڕاگۆڕینه‌وه‌ داناوه‌، ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌ به‌ ڕێگه‌پێدانی هه‌بوونی نه‌یار و ڕای جیاواز، تاوه‌كو ئه‌و حیواره‌ی له‌ گه‌ڵدا بكرێت،

( قُلْ هَاتُوا بُرْهَانَكُمْ إِن كُنتُمْ صَادِقِينَ) البقرة/111 ، (قُلْ هَذِهِ سَبِيلِي أَدْعُو إِلَى اللَّهِ عَلَى بَصِيرَةٍ أَنَا وَمَنِ اتَّبَعَنِي )يوسف/108 ، (إِنَّا أَوْ إِيَّاكُمْ لَعَلَى هُدًى أَوْ فِي ضَلَالٍ مُّبِينٍ) سبأ/24 ، (وَجَادِلْهُم بِالَّتِي هِيَ أَحْسَنُ) النحل/125.

6/ ڕێزگرتن له‌ مافی پێكهاته جیاوازه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه‌ له‌(‌ ئاین، نه‌ته‌وه، ڕه‌گه‌ز.....هتد )‌.

هه‌ڵوێستی ئیسلام له‌م باره‌یه‌وه‌ زۆر ڕوون و ئاشكرایه‌ و یه‌كه‌م ده‌ستووری نووسراوی مه‌دینه‌ له‌ نێوان پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی دانیشتوانی مه‌دینه‌دابوو، كه‌ تێیدا پێكه‌وه‌ژیان به‌رجه‌سته‌ بوو وه‌ هاوڵاتیبوون كرایه‌ بنه‌ما و ماف و ئه‌ركه‌كان ده‌ستنیشان كران و ( لهم ما لنا و علیهم ماعلینا ) نووسرایه‌وه‌ و كاری پێكرا.

بۆ مرۆڤه‌كان به‌گشتی(الناس سواسية كأسنان المشط )  و بۆ نه‌ته‌وه جیاوازه‌كان ( لافضل لعربي على أعجمي الا بالتقوى ) به‌رنامه‌ و درووشمی مامه‌ڵه‌كردن بوو.

بۆ ژنان (ولهن مثل الذي عليهن بالمعروف) ڕاگه‌یه‌نرا.

بۆیه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ هه‌رچی دابهێنرێت ناگات به‌وه‌ی ئیسلام هێناویه‌تی.

7/چه‌سپاندنی بنه‌مای ده‌ستووریبوون واته‌ هه‌بوونی ده‌ستوور و ڕێزلێگرتنی و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆدادگا له‌كاتی ڕاجیایی له‌ سه‌ری، به‌و پێیه‌ی هه‌ریه‌ك له ده‌سه‌ڵات و‌ هاوڵاتیانیش پابه‌ندی به‌نده‌كانی ده‌ستووربن و له‌كاتی ناكۆكی له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی برگه‌كانی ده‌ستوور هه‌موان بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لای دادگا بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی.

ئه‌م بابه‌ته‌ یه‌كێكه‌ له‌ بنه‌ما گرنگ و هه‌ستیار و جه‌وهه‌ریه‌كان، له‌به‌ر چه‌ند هۆیه‌ك:

یه‌كه‌م/ هه‌بوونی ده‌ستوور به‌مه‌رج گیراوه‌، واته‌ پێویسته‌ وڵات ده‌ستووری هه‌بێت.

دووه‌م/ مه‌رجه‌ ڕه‌شنووسی ده‌ستوور پاش ئاماده‌كردنی بخرێته‌ به‌رده‌ست هاوڵاتیان بۆ په‌سه‌ندكردنی له‌ ڕێگه‌ی ڕاپرسییه‌وه‌، واته‌ ماده‌كانی ده‌ستوور ته‌عبیر له‌ ڕاو بۆچوونی زۆرینه‌ی خه‌ڵك ده‌كات و زۆرینه‌ به‌ ئاسانی ده‌توانن مافه‌كانی خۆیان زامن بكه‌ن و له‌ ده‌ستووردا جێگیری بكه‌ن.

سێیه‌م/  گۆڕانكاری و هه‌مواركردنه‌وه‌ی بڕگه‌كانی ده‌ستوور مه‌رج و ڕێوشوێنی سه‌ختی بۆ دانراوه ‌(له‌زۆربه‌ی وڵاتاندا)، به‌و پێیه‌ په‌رله‌مان زۆر ده‌ستكراوه ‌نییه‌ له‌ ده‌ستكاریكردنی بڕگه‌كانی ده‌ستوور.

چواره‌م/ ده‌ستوور زامنی له‌ گرێژنه‌ ده‌رنه‌چوونی ده‌سه‌ڵاتی یاسا دانانه‌، چونكه‌  ( المشروعية ) (واته‌ دژوپێچه‌وانه نه‌بوونی هه‌ر یاسایه‌ك له‌گه‌ڵ یاساكانی سه‌رووی خۆیدا)‌ مه‌رجی ڕێگه‌ پێدانی ده‌رچوونی هه‌ر یاسایه‌كه‌، واته‌ هه‌ر یاسایه‌ك كه‌ له‌ په‌رله‌مان ده‌رده‌چێت پێویسته‌ دژو پێچه‌وانه‌ نه‌بێت له‌گه‌ڵ هیچ بڕگه‌یه‌كی ده‌ستووردا چونكه‌ ده‌ستوور له‌ یاسا باڵاتره‌.

بۆیه‌ ده‌ستووریبوون له‌ سیستمی دیموكراسیدا، هۆكارێكه‌ بۆ گونجانی ئه‌و سیستمه‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌ و كه‌لتووره‌ جیاوازه‌كان و ده‌بێته‌ كاڵایه‌ك بۆ باڵاجیاوازه‌كان، چونكه‌ له‌كۆتاییدا زۆرینه‌ی خه‌ڵك جۆری بیركردنه‌وه‌و به‌رنامه‌ی ژیانی خۆیان له‌ ده‌ستووردا ده‌چه‌سپێنن و په‌رله‌مانیش ناچارده‌كه‌ن بۆ پابه‌ندبوون به‌و ده‌ستووره‌وه‌.

8/ زامنكردنی مافی نه‌یاربوون و به‌رهه‌ڵستكاری ( حق المعارضة )، واته‌ رێگه‌دان به‌ هه‌بوونی ئۆپۆزیسیۆن.

مافێكی پارێزراوی خه‌ڵكه‌، هه‌ركاتێك بینیان ده‌سه‌ڵات به‌ره‌و لادان و سته‌م ده‌ڕوات هه‌وڵی چاككردن و ته‌نانه‌ت گۆڕینیشی بده‌ن و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش خۆیان ڕێكبخه‌ن، ئیسلام هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ (ئه‌هلی حه‌ل وعه‌قد)ی داهێناوه‌ واته‌ ئه‌نجومه‌نێك مافی به‌ستن و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وی ئه‌و گرێبه‌سته‌ی هه‌یه‌ كه‌ له‌ نێوان ده‌سه‌ڵاتدار و هاوڵاتیاندا هه‌یه‌ .

9/ ده‌ستاوده‌ستكردنی ئاشتییانه‌ی ده‌سه‌ڵات.

ئیسلام هیچ ڕێوشوێنێكی له‌م باره‌یه‌وه‌ دانه‌ناوه‌ بۆ واده‌ی مانه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا، به‌ڵكو زیاترگرنگی  به‌ شیاوی و له‌باری ئه‌و ده‌سه‌ڵاتداره‌ داوه‌، بگره‌ له‌ئیسلامدا رێز له‌ واده‌ش نه‌گیراوه بۆمانه‌وه‌ و به‌رده‌وامبوون له‌ ده‌سه‌ڵاتدا‌، ته‌نانه‌ت خودی ده‌سه‌ڵاتداره‌كان ئه‌وه‌یان ڕاگه‌یاندووه‌ بۆ خه‌ڵك كه‌ (ئێوه‌ تا ئه‌و كاته‌ له‌سه‌رتانه‌  گوێڕایه‌ڵی ئێمه‌ بن كه‌ ئێمه‌ پابه‌ندی به‌رنامه‌كه‌ بین و ئه‌گه‌ر لاماندا ئه‌وا به‌گوێمان مه‌كه‌ن). بۆیه‌ هیچ ڕێگریه‌ك نیه‌ له‌ دیاریكردنی ماوه‌ی مانه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا به‌ پێی ئه‌و گرێبه‌سته‌ی له‌ نێوان خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵاتداراندا ده‌به‌سترێت.

ئه‌وه‌ش كه‌ ڕوویدا له قۆرخكردنی ده‌سه‌ڵات و‌ گۆڕینی حوكمڕانی بۆ حوكمی پشتاوپشتی بنه‌ماڵه،‌ لادان بووله‌ بنه‌ماكانی حوكمڕانی له‌ئیسلامدا (كه‌ ده‌بێت جێنشین به‌ ره‌زامه‌ندی ئه‌هلی حه‌ل و عه‌قد دیاری بكرێت)،.

واته‌ ده‌سه‌ڵاتدارهه‌ركات لایدا به‌ركه‌نار ده‌كرێت نه‌وه‌ك كوڕاوكوڕیان به‌ پاشایه‌تی له‌ دایك ببن به‌بێ ڕه‌چاوكردنی شیاوێتی و له‌باربوونیان،  ته‌نانه‌ت له‌سه‌رده‌می عمری كوڕی خطابدا كار به‌ سیستمی دیاریكردنی ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاتی والیه‌كان كرا وه‌ك سه‌ره‌تایه‌ك بۆ سنوورداركرنی مانه‌وه‌ی والیه‌كان له‌ ده‌سه‌ڵاتدا .

ئێستا پاش ئه‌م هه‌ڵوێسته‌یه‌ به‌گشتی ده‌گه‌ینه‌ چه‌ند سه‌رنج و ده‌رئه‌نجامیك:

1/ ئیسلام وه‌ك ئه‌وه‌ی ئاینێكی ئاسمانییه‌و به‌ بڕوای ئێمه‌ی موسوڵمان خوای به‌دیهێنه‌ری زه‌وی و ئاسمان داڕێژه‌ریه‌تی، به‌دووره‌ له‌ هه‌موو نوقسانی و كه‌م وكورتیه‌ك، بۆیه‌ باسكردن له‌ ئیسلام و دیموكراسی به‌ واتای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئیسلام نوقسان بێت و به‌ دیموكراسی زاده‌ی بیری مرۆڤه‌كان نوقسانی شه‌ریعه‌تێكی خوایی پڕبكرێته‌وه‌.

به‌ڵكو ئیسلام بۆ ئه‌وه‌ی گونجاوو له‌ بار بێت بۆ سه‌رده‌مه‌ جیاوازه‌كان، به‌ جۆرێك داڕێژراوه‌ كه‌ بابه‌ته‌كانی (عقیدة و عبادات و أخلاق) له‌به‌رئه‌وه‌ی جێگیرن، حوكمه‌كانی به‌ تێرو ته‌سه‌لی باسیان لێكراوه‌ و بوار بۆ ڕاو بۆچوون و كات و سه‌رده‌م دانه‌نراوه‌، به‌ڵام بابه‌ته‌كانی شێوازی حوكمڕانی و كاروباری ژیانی دنیای مرۆڤه‌كان، له‌به‌رئه‌وی په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ گۆڕانكاری له‌ كات و سه‌رده‌مه‌كاندا، بۆیه‌ ته‌نها هێڵ و بنه‌ما گشتییه‌كانی وه‌ك(عدل و شوری و...) باسی لێكراوه‌و وورده‌كاریه‌كانی جێهێڵراوه‌ بۆ مرۆڤه‌كان.

2/دیموكراسی به‌گشتی وه‌ك دۆخی شلی مادده‌ وایه‌ كه‌ ده‌ڵێ شێوه‌ی ئه‌و ده‌فره‌ وه‌رده‌گرێ كه‌ له‌ناویدایه‌، (حكم الشعب للشعب) له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا كه‌ باوه‌ڕیان به‌ هیچ ئایین و‌ به‌رنامه‌یه‌ك نه‌بێت كه‌ سنوورداریان بكات، ئه‌وا دیموكراسی لای ئه‌وان ده‌بێته‌ هه‌واو ئاره‌زوو و ڕێكه‌وتنی خۆیان، له‌سه‌ر هه‌رچی رێككه‌وتن ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ شه‌ریعه‌ت و به‌رنامه‌ی ژیانیان، بۆیه‌ بۆ ئه‌وان دیموكراسی ده‌بێته‌ دین چونكه‌ خۆیان دینێكیان بۆ خۆیان دیاری نه‌كردووه‌، به‌ڵام بۆ گه‌لێكی وه‌ك ئێمه‌ كه‌ هه‌میشه‌ لادان له‌ بنه‌ماكانی ئایین هێڵی سووری ده‌سه‌ڵات وخه‌ڵكیش بووه،‌ ئه‌وكات دیموكراسی لای ئێمه‌ ده‌بێته‌ شێوازو ئامرازی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌سه‌ڵات نه‌ك، دین و شه‌ریعه‌ت .

3/دیموكراسی چه‌ندین مۆدێلی جیاوازی هه‌یه‌ و پێناسه‌ی جۆراوجۆری بۆكراوه‌ له‌لایه‌ن خودی په‌یڕه‌وكه‌رانییه‌وه‌ بۆیه‌ ڕاجیایی هه‌یه‌ له‌سه‌ر خه‌سڵه‌ت و بنه‌ماكانی دیموكراسی هه‌ندێك به‌ (5)وهه‌ندێك به‌(8)وهه‌ندێك به‌ (10)بنه‌ما ده‌ستنیشانی ده‌كه‌ن، ئێمه‌ش وه‌ك هه‌رنه‌ته‌وه‌یه‌كی سه‌ر زه‌وی بۆمان هه‌یه‌ كار به‌ مۆدێلێك له‌ دیموكراسی بكه‌ین كه‌ گونجاو و كۆك بێت‌ له‌ گه‌ڵ ئاین و نه‌ریتی كۆمه‌ڵگه‌ی خۆمان و ‌وه‌ك هه‌ر بابه‌تێكی تازه‌ و سه‌رده‌م سوود له‌ چاكه‌كانی وه‌ربگرین و خۆمان له‌ زیانه‌كانی به‌دووربگرین .

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێویسته‌ له‌ سه‌ر پێكهاته‌ جیاوازه‌كان جورئه‌تێكی حه‌كیمانه‌ و دڵسۆزانه‌ به‌ خه‌رج بده‌ن، له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی گه‌له‌كه‌یان و كۆتایی هێنان به‌و دابڕان و شیر و تیر له‌یه‌ك ساوینه و كار بۆ پێكهاتن له‌ سه‌ر خزمه‌تكردن به‌ هاوڵاتیان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی وڵات بكه‌ن، نه‌ك گه‌ڕان به‌شوین جیاوازی و پێداگیری له‌سه‌ر هۆكاره‌كانی ناكۆكی.‌

ئێمه‌ لای خۆمانه‌وه‌ مۆدێلێك له‌ دیموكراسی به‌ گونجاو ده‌زانین كه‌ڕێكخه‌ری سیستمی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئیداری سه‌رده‌میانه‌ بێت كه‌ له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی ژیاندا گو‌نجاوبێت و كاروباری دنیای خه‌ڵكی پێ ڕێكبخه‌ین تا ئه‌وسنووره‌ی به‌زاندنی بنه‌ماكانی ئایینی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی تیا پارێزراوبێت و مافی پێكهاته‌كان و وڕێزو كه‌رامه‌ت وشكۆی تاكی تیا پارێزراو بێت.

ئه‌مه‌ش پێویستی به‌ جورئه‌ت و متمانه‌ به‌خۆبوون  و نه‌ترسان له‌پێشكه‌وتن هه‌یه ‌له‌سه‌ر بنه‌مای (الحكمة ضالة المؤمن أنى وجدها فهو احق بها) واته‌ (حیكمه‌ت و دانایی وونبووی موسوڵمانه‌و له‌ هه‌ر كوێ و لای هه‌ركه‌س بینیه‌وه‌‌ ئه‌و شایه‌نتره‌ به‌و حیكمه‌ته‌).

4/ ڕاسته‌ ده‌وترێ دیموكراسی حوكمی زۆرینه‌یه‌، به‌ڵام یه‌كێك له‌ بنه‌ماكانی دیموكراسی ڕێزگرتنه‌ له‌ كه‌مینه‌كان و پاراستنی مافه‌كانیان، بۆیه‌ لام سه‌یره‌ ئێمه‌ی موسوڵمان سه‌ری زمان و بنی زمانمان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆرینه‌ی ڕه‌های گه‌لی‌ كورد موسوڵمانه‌ كه‌چی به‌قه‌ده‌ر كه‌مینه‌یه‌ك متمانه‌مان به‌ خۆمان نییه‌، خێرا خۆمان لێ بچووك ده‌بێته‌وه‌ ده‌ڵێین، ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ له‌سه‌ر هاوڕه‌گه‌زبازی ڕێككه‌وتن ئه‌وا ده‌بێ بكرێ به‌ یاسا.

من ده‌ڵێم ئه‌گه‌رزۆرینه‌ی گه‌لی كورد له‌سه‌ر هاوڕه‌گه‌زبازی ڕێككه‌وتن ئه‌وا ئێمه‌ نه‌ماوین و ئه‌گه‌ر پێغه‌مبه‌ریش بین وه‌ك لوط پێغه‌مبه‌ر (سه‌لامی خوای له‌سه‌ربێت) هه‌ڕه‌شه‌ی شاربه‌ده‌ربوونمان لێده‌كرێت  (أَخْرِجُوا آلَ لُوطٍ مِّن قَرْيَتِكُمْ  إِنَّهُمْ أُنَاسٌ يَتَطَهَّرُونَ) النمل/56 ،  كه‌چی ئێمه‌ هه‌ر بیر له‌ خۆ فه‌رزكردن ده‌كه‌ینه‌وه‌، پێم سه‌یره‌ خه‌ڵك به‌گژی هه‌وردا ده‌چێت ئێمه‌ش به‌ زۆرینه‌ی ڕه‌های خه‌ڵكیشه‌وه‌ ده‌ترسین ژێر پێ بخرێین، له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ كرانه‌وه‌ به‌ڕووی دیموكراسیدا نه‌بووه‌ كه‌ موسوڵمانی ژێرده‌سته‌ كردووه‌، به‌ڵكوبه‌شێكی پیلانی زلهێزه‌كانه‌و به‌شێكیشی ده‌رئه‌نجامی بیری توندڕه‌ویی و كافركردنی خه‌ڵك و به‌ ئه‌ژدیها وێناكردنی ئیسلامه‌، كه‌ خه‌ڵك ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ موسوڵمانه‌ به‌ڵام ده‌نگ و متمانه‌كه‌ی به‌ ئیسلامیه‌‌كان نییه‌ چونكه‌ ده‌ترسن ئێمه‌ به‌ناوی ئیسلامه‌وه‌ ئازادییه‌‌كانیان لێ به‌رته‌سك بكه‌ینه‌وه‌. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌یبینین له‌ ئه‌وروپا و ڕۆژئاوای دیموكراسیدا، نموونه‌ی پارێزراوی مافی كه‌مینه‌یه‌، چی بگات به‌ زۆرینه‌ ئێمه‌ خۆمان شاهیدی ئه‌وه‌ین ئه‌و موسوڵمانانه‌ی له‌ وڵاتی به‌ناو ئیسلامی خۆیان ژیانیان نه‌پارێزراوه‌، به‌ هه‌مان ستایل و پابه‌ندبوونه‌كانی خۆیانه‌‌وه‌ په‌ناده‌به‌نه‌‌ ئه‌و وڵاتانه‌و خۆیان و ماڵ و منداڵیان له‌وێ ژیان به‌سه‌رده‌به‌ن .

5/ ڕازیبوون به‌ دیموكراسی وه‌ك میكانیزم و مۆدێلیك له‌ به‌ڕێوه‌‌بردنی وڵات و ده‌سه‌ڵاتداری، به‌ مانای ده‌ست هه‌ڵگرتن له‌ ئیسلام و حوكمی ئیسلام نییه‌ به‌ڵكو ڕێككه‌وتنه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی تیایه‌ و ده‌رچوونیش نییه‌ له‌ ئیسلام.

بۆیه‌ من به‌ موسوڵمانان ده‌ڵێم نیگه‌ران نه‌بن دیموكراسی كوفر نییه،‌ ئه‌گه‌ر په‌یڕه‌وكه‌رانی بۆ خۆیان كافر نه‌بن، هه‌روه‌ها به‌ دیموكراسخوازانیش ده‌ڵێم بێ خه‌م بن ئیسلامه‌تی له‌ دیموكراسی زیاتر مافی زۆرینه‌ و كه‌مینه‌ و تاكیشی تیا پارێزراوه‌.

بۆ نموونه‌ له‌ ئیسلامدا مه‌سیحییه‌كی كه‌مینه‌ ماڵ و ژیان و كه‌رامه‌تی پارێزراوه،‌ له‌وه‌ش زیاترمافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ یاساكانی ئایینه‌كه‌ی خۆی به‌سه‌ردا جێ به‌ جێ بكرێت كه‌ ئه‌مه‌ له‌ ئه‌وروپا و ڕۆژئاوا بۆ موسوڵمان ده‌سته‌به‌رنه‌كراوه‌ و یاسای كارپێكراو هه‌مان یاسای ده‌وڵه‌ته‌.

6/ هه‌موو ئه‌وه‌ی وترا مه‌به‌ست لێی خودی ئیسلام و دیموكراسییه‌ وه‌ك‌ به‌رنامه‌ و سیستم، نه‌ك ئه‌و نموونانه‌ی به‌ناوی ئیسلام یان دیموكراسیه‌وه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا سه‌رقاڵی كوشتن و بڕین وسته‌مكاری و تاڵانكردنی خێروبێری وڵاتن و له‌سه‌ر ئه‌رزی واقع شتێك په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن هیچ شتێك نیه‌ جگه‌ له‌ ئاره‌زوو هه‌وه‌سی شێتانه‌ بۆ حوكم و ده‌سه‌ڵات وسته‌مكردن و تاڵانكاری و ئه‌وه‌ی بوونی نه‌بێت به‌رنامه‌و سیسته‌م و مافی خه‌ڵك وحساب كردنه‌ بۆ ئاین و نه‌ته‌وه‌ و ئاینده‌ وبه‌رژه‌وه‌ندی و داهاتووی گه‌له‌كه‌یان‌.

بۆیه له‌ كۆتاییدا‌ ده‌توانین بڵێین :

دیموكراسی داهێنان و ئه‌زموونێكی به‌رهه‌می ژیریی مرۆڤه‌كانه‌،

 نه‌به‌دیلی ئیسلامه‌ و نه‌ ته‌واوكه‌ریشیه‌تی

به‌ڵكو سیستمێكی په‌سه‌ندی ڕێگه‌ پێدراوه،

‌ وه‌ك میكانیزمێك بۆ حوكمڕانی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ ئیسلامیه‌كاندا.