جیاوازی بۆچوونی سیاسی لە فکری ئیسلامییدا

09/03/2018 16:18:47

پ.ى.د.ئاراس محمد ساڵح

 

یەکێک لەو بابەتانەی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا لە نێوان موسڵمانان و دیدو بۆچوون و ئاڕاستە ئیسلامیەکاندا جێگەی مشتومڕ و لێکدانەوەی زۆرە بابەتی جیاوازی سیاسيیە، ئایا موسڵمانان کام دیدو بۆچوون و شێوازی کاری سیاسی هەڵبژێرن، چۆن کاری سیاسی بکەن و هەوڵی باڵادەستی حوکمی شەرعی بدەن، ئایا لەناو سەرچاوە سەرەکيیەکانی ئیسلامدا کە (قورئان و سونەتن) شێوازی کاری سیاسی یەکلایی کراوەتەوە و پێویستە موسڵمانان پێوەی پابەندبن و لێی لانەدەن؟ یان فیقهی سیاسی ئیسلامی هەمووی بەڵگەی شەرعی لەسەرە لە قورئان سونەتدا؟ یان بەشێکی زۆری بنەما و سەرچاوەکانی فیقهی سیاسی ئیسلامی دەگەڕێتەوە بۆ ئیجتیهاد و بیری کاربەدەست و موجتەهیدەکانی فیقهی ئیسلامی؟ لێرەدا هەوڵدەدەین لەناو کەلەپووری سیاسيی و مێژووی ئیسلامیدا وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەینەوە؟

    ئاینی ئیسلام وەک پەیامێکی ئاسمانی گرنگی دەدات بە دەوڵەتداريی و ڕێکخستنی کاروباری سیاسی وڵات، بەڵام لەناو دەقەکانی ئیسلامدا وەک قورئان و سونەت جۆری سستمی سیاسی دیارینەکراوە، بەڵکو بەدرێژایی مێژوو هەڵبژاردنی خەلیفە و ناوی کەسی یەکەمی دەسەڵات و کێ ببێتە خەلیفەی موسڵمانان شێوازی حوکمڕانی هەموو ئەمانە بەپێی ئیجتیهاد و لێکدانەوەی موسڵمانان بووە، بە دەقی شەرعی دیاری نەکراون، ئەگەر شێوازی حوکمڕانی دیاری بکرایە ئیتر وەک دەقێکی ئاینيی چەسپاو سەیری دەکراو نەدەتوانرا دەستکاری بکرێت و بگۆڕێت.

بەڵام ئەوەی لە بنەماکانی ئیسلامدا جەختی لێکراوەتەوە چەسپاندنی دادگەريی و بەدیهێنانی بەرژەوەندی گشتییە، بەڵام بە چ شێوەیەک حوکمڕانی دەکرێت چۆن بەرژەوەندی گشتی دێتەدی؟ ئایا تەنها یەک ڕێگا و یەک شێوازی حوکمڕانی و سیاسەتکردن هەیە؟ بێگومان هەموو ئەمانە لەبەرئەوەی بە دەقی شەرعی یەکلایی نەکراونەتەوە جێگەی مشتومڕی زۆرن، ئەم بابەتە زیاتر بۆ ئیجتیهاد و بیرکردنەوەی خودی مرۆڤ دانراوە، دەکرێت بەپێی ئیجتیهاد و خوێندنەوەی مرۆڤ بگۆڕێت، هەروەها لەکات و جێگەیەکەوە بۆ سەردەمێکی تر گۆڕانی بەرسەدا دێت، بەڵام ئەوەی سەنتەرە لە فکری سیاسی ئیسلامیدا هێنانەدی بەرژەوەندی گشتیە (تحقیق المصلحە العامە) بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندی گشتی هەموو ڕێگایەکی شەرعی کراوەیە لە بەردەم دەسەڵاتداران و ئەهلی زانست و ئیجتیهادا(1).

    ئەوەی لە قورئان و سونەتدا جەختی لێکراوەتەوە دادگەريی و شورا و ستەم نەکردنە، هەروەها هەڕەشەی توند کراوە لەوانەی ئەمانەتی دەسەڵاتداری گشتی دەگرنە دەست و کەمتەرخی تێدا دەکەن و ئەمانەت ناپارێزن، هەر ئەوەیشە بەدرێژایی مێژوو ئەهلی سوننە زۆر کەم لایان بەلای فیقهی سیاسیدا کردوەتەوە، لەبەرئەوەی زانایانی ئەهلی سوننە لە فیتنەی دەسەڵاتداری ترساون کە زۆر کات مرۆڤ لەکاتی دەسەڵاتداریدا تووشی لادان بووە، هەروەها لەبەرئەوەی ئەهلی سوننە بەدرێژای مێژووی ئیسلامی خاوەنی دەسەڵات بوون و زۆر پێویستیان بە هەموو بنەما و لقەکانی فیقهی سیاسی نەبووە و زۆر بایەخیان بەو لایەنە نەداوە.

  دادگەریى و بەرقەرارکردنی لەناو کۆمەڵدا یەکێکە لە بنەما سەرەکیيەکان و قورئان و سونەت و زۆر جەختی لێدەکەنەوە، هەروەها هەموو ڕێگا و بنەماکانی چەسپاندنی دادگەری لەناو دەق و بنەماکانی ئیسلامدا یەکلایی کراونەتەوە، تەنانەت قورئان جەخت دەکاتەوە کە بەهۆی ڕق و کینە و جیاوازی ئاینەوە نابێت پەنا بۆ نادادی بەرن، بەڵکو دادگەری تەقوا و خواپەرستی ڕاستەقینەیە، وەک دەفەرموێت: (وَلَا يَجْرِمَنَّكُمْ شَنَآَنُ قَوْمٍ عَلَى أَلَّا تَعْدِلُوا اعْدِلُوا هُوَ أَقْرَبُ لِلتَّقْوَى وَاتَّقُوا اللَّهَ إِنَّ اللَّهَ خَبِيرٌ بِمَا تَعْمَلُونَ) المائدة: 8. با ڕق و کینەتان لە گەلێک واتان لێنەکات نادادی بکەن، دادگەربن، دادگەری نزیکە لە تەقوا و خواناسيیەوە، خوای گەورە ئاگادارە بە کارەکانتان.

    یەکێکی تر لە بنەماکانی تری سیاسەت لە ئیسلامدا شورایە، شورا یەکێکە لەو بنەمایانەی قورئان جەختی لەسەر دەکاتەوە، بەڵام ئایا شورا واجبە یان موستەحەب؟ ئەگەر شورا کرا پێویستە پێوەی پابەند بین یان نا؟ هەموو ئەمانە جێگەی جیاوازی موسڵمانانە، لە بابەتی شورادا یەک بۆچوون و تەفسیری یەکلاکەرەوە نیە، کەواتە لێرەشدا جیاوازی هەیە و ناکرێت تەنها ڕای یەک موفەسیر یان فەقیهو ئوصولی بەڕاست بزانرێت و ئەوانی تر بە بەتاڵ(2).

    ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ سەرەتای کاری سیاسەت و دەوڵەتداری لە ئیسلامدا، سەرەتای کاری دەوڵەتداری لە مێژووی ئیسلامییدا لە دەوڵەتی مەدینەوە دەستپێدەکات کە پێغەمبەر (د.خ) نەخشەو پلانی بۆ داڕشتووە و هەرخۆشی کەسی یەکەمی ئەو دەوڵەتە بووە، پێغەمبەر (د.خ) لە شاری مەدینەدا بنکەی دەوڵەتی لە مزگەوتەکەی خۆیدا داناوە و لەیەک کاتدا دەسەڵاتی ڕاپەڕاندن و قەزا و سوپا بەدەست خۆیەوە بووە و هەموویان بە بڕیاری خۆی کاروبارەکانی ڕاپەڕاندووە، بەڵام کۆدەنگيی و یەکڕیزی ناوخۆی دەستبەر کردووە و لە هەمان کاتدا دەستوری دەوڵەتی نووسیوەتەوە کە بە (صەحیفەی مەدینە) ناسراوە، بۆئەوەی هەموو کەسێک ئەرک و واجبی خۆی بزانێت و کەس ستەمی لێ نەکرێت و پەڕاوێز نەخرێت بەهەر بیانیویەکەوە بێت، پێغەمبەر (د.خ) لە دەستوری وڵاتدا جێگەی ناموسڵمانەکانیشی کردووەتەوە کە جولەکەکان بوون، چونکە دەوڵەت سنوری فراوانترە و ناکرێت لە وڵاتێکدا یەک جۆر خەڵکی هەبن و بە زۆر خەڵکی لەسەر یەک عەقیدە و بیرکردنەوە کۆبکرێتەوە، دەستوری مەدینە بنەمای هاوڵاتی بوونی ئیقرار کردووە، کەواتە هاوڵاتیانی یەک نیشتمان بازنەی ئەو نیشتمانە کۆیان دەکاتەوە و ماف و واجبەکانیان دیاری دەکات(3).

    پێغەمبەر (د.خ) دە ساڵ لە مەدینەدا دەوڵەتداری کردووە، دەوڵەتێک لەسەر پەیامی پێغەمبەرایەتی، بەڵام بۆ دوای خۆی شێوەی حوکمڕانی دیاری نەکردووە و نەیفەرمووە لە دوای من بەو شێوەیە وڵات بەڕێوەبەرن، تەنانەت جێنشینی بۆ خۆیشی دانەناوە بە دەقێکی ڕاشکاو نوسراو(4). بەڵکو جیاوازی هەیە لە نێوان زانایاندا، ئایا ئەبوبەکر بە دەقێکی شەرعی کراوە بە خەلیفە یان دەقێکی ئاماژەیی، یان بە هەڵبژاردن لەلایەن موسڵمانانەوە؟، هەندێ ئاماژە هەیە لە فەرمودەکاندا کە بە (النص الاشاری) ناو دەبرێن، ئەو ئاماژانە هەموویان بۆ ئەوە دەچن پێغەمبەر(د.خ) لە دوای خۆی ئەبوبەکری صدیقی لە شوێنی خۆی داناوە، یان بەلایەوە باش بووە لەدوای خۆی ئەبوبەکر ببێتە فەرمانڕەوای موسڵمانان، ئەگەر پێغەمبەر(د.خ) بە فەرمودەیەکی ڕاشکاو یان فەرمانێکی نوسراو ئەبوبەکری دەستنیشان بکردایە لە دوای خۆی ببێتە خەلیفە، ئەوا جیاوازی نەدەکەوتە نێوان هاوەڵان کە کێ ببێتە خەلیفە، تەنانەت لەسەر ناوی خەلیفەیش جیاوازی هەبووە، کە سەرۆکی وڵات ناوی چی بێت(5)؟!. ناوی خەلیفە لەلایەن موسڵمانەکانەوە دیاریکراوە نەک ئەوەی دەقێکی شەرعی دیاری کردبێت، ئەو ناوە تا ڕۆژگاری عومەری کوڕی خەتاب مایەوە، هەتا هەندێک لە هاوەڵان وتیان ئێمە موسڵمانین و عومەر ئەمیرمانە، لەوەوە خەلیفە ناونرا ئەمیری موسڵمانان لە سەردەمی عومەری کوڕی خەتابدا و کەسیش نەیوت ئەو ناوە لادانە لە ئیسلام و کۆدەنگی موسڵمانان(6).

    هەڵبژاردنی ئەبوبەکری صدیق لە دوای کۆچی پێغەمبەر(د.خ) بە خەلیفەی موسڵمانان سەرەتا جیاوازی هەبوو ئایا کەسێکی پشتیوان یان کۆچەر ببێتە خەلیفە، پاشان بەهەوڵی عومەری کوڕی خەتاب لە سەقیفەی بەنی ساعیدە موسڵمانان ئەبوبەکری صدیقیان هەڵبژارد بە خەلیفە و پاشان لە مەدینەدا کۆدەنگی لەسەر کراو ئەبوبەکری صدیق بووە خەلیفەی موسڵمانان، هەرچەندە کۆمەڵە دەقێکی ئاماژەپێکردن هەبووە بۆئەوەی ئەبوبەکری صدیق ببێتە خەلیفە، بەڵام بەشێکی زۆر ئیجتیهادی تێدا بووە کە بەهێزترین کەس لە دوای پێغەمبەر(د.خ) کە شوێنەکەی پڕ بکاتەوە ئەبوبەکری صدیقە(7).

 ئەبوبەکری صدیق دوو ساڵ و سێ مانگ خەلیفە بووە، پێش ئەوەی کۆچی دوایی بکات لەبەرئەوەی وڵات لە جەنگدا بووە، بۆئەوەی لەکاتی کۆچی دوایی خەلیفەدا جیاوازی و شڵەژان لەناو موسڵماناندا دروست نەبێت، عومەری کوڕی خەتابی دەستنیشان کرد بۆ شوێنگرتنەوەی خۆی و ڕاوێژی بە گەورە هاوڵان کرد، ئەوانیش پشتگیری ئەو هەنگاوەیان کرد و دواتر هەموو موسڵمانان بەیعەتیان پێدا.

ئەبوبەکری صدیق لە هەڵبژادنی عومەری کوڕی خەتابدا کارێکی کردووە کە پێغەمبەر (د.خ) نەیکردووە، هەروەها هیچ دەقێکی قورئان و سونەتیش فەرمانی بەو هەنگاوە نەکردووە، لێرەدا ئەوە تێدەگەین کە سستمی سیاسی ئیسلامی یەک جۆری دیاریکراوی نیە، هەروەها بەدیهێنانی بەرژەوەندی گشتی لە سستمی سیاسی ئیسلامیدا سەنتەرە(8).

عومەری کوڕی خەتاب دە ساڵ خەلیفە بووە، کاتێک لە پەلامارێکی تیرۆریستیدا بریندارکرا، لە كاتی برینداريی و پێش ئەوەی کۆچی دوایی بکات، شەش هاوەڵی هەڵبژارد کە هەر شەشیان لە مژدە پێدراوانی بەهەشت بوون، بۆئەوەی لەناو خۆیاندا کەسێکیان هەڵبژێرن بە خەلیفەی موسڵمانان، ئەو شەش هاوه‌ڵەش عوسمانی کوڕی عەفانیان بە خەلیفە هەڵبژارد.

ئەو هەنگاوەی عومەر هیچ یەک لە پێغەمبەری خوا(د.خ) و ئەبوبەکری صدیق بۆ هەڵبژاردنی خەلیفە و دەستنیشانکردنی ئەو کارەیان نەکردبوو، بەڵام لەبەرئەوەی لە هەموو لایەکەوە فتوحاتی ئیسلامی بەردەوام بوو، زۆرینەی هاوەڵان لە دەرەوەی مەدینە و لە وڵاتە فەتحکراوە دوورە دەستەکان بوون، هەروەها بۆئەوەی کاروباری موسڵمانان پەکی نەکەوێت و وڵات توشی بۆشایی سیاسی نەبێتەوە، عومەری کوڕی خەتاب ئەو هەنگاوەی ناوە، هیچ یەکێک لە هاوەڵانیش نەیانوتووە ئەو هەنگاوە بەڵگەی شەرعی لەسەر نیە، لەو بارودۆخەدا باشترین هەنگاو دەستەبەری بەرژەوەندی گشتی بکات ئەو هەنگاوەی عومەر بووە، کەواتە سستمێکی سیاسی جێگیر نیە لە فیقهی سیاسی ئیسلامیدا کەس بۆی نەبێت لێی لابدات(9).

لە دوای شەهیدبوونی عوسمانی کوڕی عەفان دەوڵەتی ئیسلامی تووشی باردۆخێکی نالەبار بووەتەوە، لەلایەن خەلیفەشەوە کەس دیاری نەکرابوو ببێتە جێگەداری، لەوکاتەدا دەستەی یاخیگەران دەستیان بەسەر مەدینەدا گرتبوو، ئەو هاوەڵانەی لە مەدینەدا بوون کەوتنە خەمی ئەوەی کەسێک بکەنە خەلیفە و وڵات لەو بارودۆخە نالەبارە ڕزگار بکەن، لەوکاتەدا باشترین کەسێک بەلایانەوە کە بتوانێت لەو قۆناغەدا جڵەوی وڵات بگرێتە دەست و بارودۆخەکە هێور بکاتەوە عەلی کوڕی ئەبوتالیب بوو، هەرچەند عەلی زۆر حەزی لە هەڵگرتنی ئەو ئەمانەتە نەدەکرد لەو بارودۆخە سەختەدا، بەڵام وەک واجبێکی ئاینی ڕازی بووە، لەدوای ئەوەی بووەتە خەلیفە بەهۆی باردۆخی نالەباری مەدینەوە ناچار بووە پایتەختی خەلافەتەکەی لە شاری مەدینەوە بگوازێتەوە بۆ شاری کوفە لە عێراق.

     لەکاتی هەڵبژاردنی خەلیفەی چوارەمیشدا هیچ یەکێک لەو شێوازانەی پێشوو پیادە نەکراوە، بەڵکو ئەوەی بەلای موسڵمانانەوە گرنگ بووە دەستەبەری بەرژەوەندی گشتی بووە، ئەویش بە ڕزگارکردنی وڵات لەو بارودۆخە خراپەی تێیکەوتبوو، هەروەها ئەوەی زۆر ڕەچاوکراوە هەڵبژادنی خەلیفەیەکی بەهێز بووە کە بتوانێت لە ئاست ئەو بارودۆخە سەختەدا بێت، بۆ ئەو کارە قورسەیش بەهێزترن کەسیان دەستنیشان کردووە، هەموو ئەو هەنگاوانەیش بە ئیجتیهاد و بۆچوونی موسڵمانان بووە نەک جێبەجێکردنی دەقێکی شەرعی(10).

      قۆناغی فەرمانڕەوایی خەلیفەکانی ڕاشدین بە سیاسەتی سەرکەوتوو و عەقڵانی (راشد) ناونراوە لەلایەن مێژوونووسەکانەوە، تەنانەت و نەیار و ڕۆژهەڵاتناسەکانیش دانیانناوە بەو حوکمڕانیە سەرکەوتووەدا، چونکە لەگەڵ هەموو کارەساتەکاندا وەک مردنی خەلیفەکان و بەردەوامی فتوحاتی ئیسلامی و نائارامی سیاسی و... هتد، بۆ تەنها ساتێک بۆشایی سیاسی و دەسەڵات دروست نەبووە لەناو دەوڵەتی ڕاشدیندا، بەڵکو لەگەڵ هەموو پێشهاتەکاندا ئیجتیهادیان کردووە و بڕیاری گەورەیان داوە و کۆدەنگیان دروستکردووە لەسەر هەنگاو و ئیجتیهادەکانیان، هەروەها زۆرترین وڵات فەتحکراوە و سنوری دەوڵەتی ئیسلامی فراوان بووە و لە سنوری دەوڵەتەکەیندا زۆر کاری گەورەیان کردووە، وەک گەشەپێدانی وڵات و پێشخستنی زانست و ڕۆشنبیريی و ئابووريی و دروستکردنی چەند شارێک چەسپاندنی بنەماکانی ئیسلام و دەوڵەوتداری لە هەموو وڵاتە فەتحکراوەکاندا(11).

    لێرەدا پێویستە ئەو پرسیارە بکرێت ئایا كار و كردەوەی خەلیفەکانی ڕاشدین دەبێتە بەڵگەی شەرعی و نابێت موسڵمانان بەدرێژایی مێژوو لێی لابدەن؟ خەلیفەکانی ڕاشدین هاوەڵی پێغەمبەر(د.خ) بوون، هەروەها کاربەدەست بوون (اولی الامر) کە گوێڕایەڵیان واجبە، بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا جیاوازی هەیە لە نێوان زانایاندا لەمبارەیەوە، کۆمەڵێک لە زانایان ڕایان وایە کار و ئیجتیهادی خەلیفەکانی ڕاشدین ئەگەر کۆدەنگی هاوەڵانی لەسەر بێت حوکمی فەرمودەی مەرفوعی هەیە، بەڵام ئەگەر کۆدەنگی هاوەڵانی لەسەر نەبوو ئەوە نابێتە بەڵگە بۆ دوای خۆیان(12).

 بەڵام ئەگەر کار و ئیجتیهادی خەلیفەکانی ڕاشدین بەڵگەیش بێت و پێویست بێت موسڵمانانی دوای خۆیان پێوەی پابەندبن، ئەوا خەلیفەکان هەموویان بەیەک شێوە حوکمڕانیان نەکردووە، هەر لە هەڵبژاردنی خەلیفە و دیاریکردنی جێنشینی بۆ خۆیان و مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتەکاندا، لە زۆر کار و کردەوەی تردا حیاوازیان هەیە و بەپێی بارودۆخ و بەرژەوەندی گشتی وڵات و نەتەوە ئیجتبهادیان کردووە و هەنگاویان ناوە.

     یەکێک لە کێشەکانی فیقهی سیاسی ئیسلامی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا کە زۆر جەدەل و گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، بابەتی ئایا کام جۆرە سیاسەتکردن بۆ خزمەتی ئیسلام و موسڵمانان شەرعیە و کام شێواز نا شەرعیە؟ لەهەمان کاتدا ئایا تەنها یەک شێواز لە سیاسەتکردن هەیە؟ بەڵام ئەوەی ڕوون ئاشکرایە لە سستمی سیاسی ئیسلامیدا یەک جۆری دیاریکراو لە کاری سیاسی نیە، بەڵکو هەموو هەنگاوێکی سیاسی بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندی گشتی بێت دروستە و کەسیش ناتوانێت بڵێت تەنها شێوازەکەی من دروستە و ئەوانی تر پێچەوانەی قورئان و سونەتن، چونکە قورئان و سونەت بە دەقی شەرعی جۆر و چۆنیەتی سیاسەتکردن و کاروباری کارگێڕی و دەوڵەتداریان یەکلایی نەکردوەتەوە، مادام هیچیان بەڵگەی ڕاشکاویان نیە و هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ ئیجتیهادی مرۆڤەکان، لەبەرئەوەی ئیجتیهاد و فیقهی هەڵگۆزرا و لە دەقەکان بەرهەمی ئەقڵی مرۆڤە نابێتە هەقی ڕەهاو بنەمای شەرعی بە جۆرێک ئەگەر کەسێک پێچەوانەی هەنگاوی نا گوناهبار دەبێت و لە ئاین لایداوە.

     لێرەدا لەبەرئەوەی چۆنیەتی دەوڵەتداری و کاری سیاسيی و بەڕێوەبردنی وڵات یەک شێوای دیاریکراوی نیە بە دەقی شەرعی و ڕاشکاو، بەڵکو بەشێکی زۆری فیقهی سیاسی دەگەڕێتەوە بۆ ئیجتیهاد و لێکدانەوەی مرۆڤ، کەواتە گومانی تێدا نیە بەپێی سروشتی مرۆڤ فرەڕايی و دیدو بۆچوونی جیاواز دروست دەبێت و لە وڵاتـێکەوە بۆ وڵاتـێکی تر لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی تر گۆڕانی بەسەردادێت، هەربۆیە پێویستە موسڵمانان دیدوبۆچوونی جیاوازی یەکتری قبوڵ بکەن، هەروەها نابێت بەهیچ جۆرێک تۆمەتی بیدعە و لادان لە ئاین و تەخوین و تەفسیق بدەنە پاڵ کەسێک دیدوبۆچوونی سیاسی لەوان جیاوازە، بەڵکو بۆچوونی هەموویان ئەگەری دروستيی و سەرکەوتن و شکستی هەیە.

      فیقهی سیاسی ئیسلامی ڕوبەرێکی فراوانی بۆ ئیجتیهاد و بیری مرۆڤ هێشتوەتەوە، ئەگەر نەڵێن هەموو فیقهی سیاسی ئیسلامی بەرهەمی لێکدانەوەی فەقیهو کاربەدەستەکان بووە(أولی الامر) ، ئەوەی لە دەقە شەرعیەکاندا جەختی لێکراوەتەوە ڕەوشتی سیاسی و دەسەڵاتداريیە، وەک ستەم نەکردن و دادگەری و یەکسانی و پاراستنی ئەمانەت و ڕاستگۆیی، ئەوەی وەک بنەمایەکی سیاسيی و قەزایی لە زۆر دەقدا چەسپاوە و تەنانەت بەپێی سونەتی خوایی هۆی بەردەوامی دەسەڵات و دەوڵەت دادگەرییە.

      قۆناغێکی زێڕینی مێژووی سیاسيی و ژیاری ئیسلامی سەردەمی عومەری كوڕی خەتاب و فەتحی عێراق و وڵاتی فارسە (بلاد الفارس)ه، فارسەکان یان ئێرانیەکان لە پێش ئیسلامدا و بۆ ماوەی (1500ساڵ) خاوەنی دەوڵەت و سیاسەت و فەلسەفە و کتێب و کتێبخانە بوون، کاتێک موسڵمانەکان وڵاتی فارس فەتح دەکەن و کەلەپووری سیاسيی و مەعریفی ئەو وڵاتە دەکەوێتە دەستیان سودی زۆری لێوەردەگرن و بۆ سیاسەت و دەوڵەتداری، وەک دیوانی سەربازی و دارایی و بەرید مۆرو...هتد، لەو قۆناغە بەدواوە سستمی سیاسی ئیسلامی گەشەی زۆر دەکات، کەواتە سودوەرگرتن لە ئەزمونی گەلان لە بواری سیاسيی و ژیاريی و مەعریفیدا هەنگاوێکی باشە و ئیسلام ڕێگری لێناکات، بەڵکو تەوزیفکردنی بۆ خزمەتی گەل و نیشتمان کارێکی باشە هەروەک موسڵمانان و کەسێکی وەک عومەری کوڕی خەتاب ئەو کارەیان کردووە لە کاتی فەتحی وڵاتی فارسدا(13).

كۆتایی توێژینەوە: قۆناغی دەوڵەتی ڕاشدین لە مێژووی ئیسلامیدا قۆناغێکی گرنگە، چونکە حوکمڕانیەکی سەرکەوتوو بووە، لە هەمان کاتدا لەبەرئەوەی خەلیفەکانی ڕاشدین و ئەوانەی خاوەن بڕیار بوون هەموویان هاوه‌ڵی پێغەمبەر(د.خ) بوون، هاوەڵانیش هەموو ئەهلی ئەمانەت و عەدلن لە ڕوانگەی ئەهلی سوننەتەوە، لەبەرئەوە دەکرێت کارەکانیان وەک بەڵگەی شەرعی سەیر بکرێت ئەگەر کۆدەنگیان هەبوو (الاجماع) موسڵمانان بیانکەنە پێشەنگی خۆیان لە کاروباری ژیانی ڕۆژانەی تاک و هەتا ئاستی گشتيی و دەوڵەتداريی و سیاسەتکردن.

    هەروەها ئەو ئەزمونەی خەلیفەکانی ڕاشدین پەیڕەویان کردووە دەکرێت بکرێتە سەرچاوە و وەک کەلتورێکی ئیسلامی سیاسی سەیری بکرێت و سودی لێوەربگیرێت، هەر لە هەڵبژاردنی خەلیفە و سیاسیەتی مامەڵەکردن و کاروباری ئیداری و دارایی و سەربازیى و..هتد، خەلیفەکانی ڕاشدین لە سیاسەتکردن و بەڕێوەبردنی وڵاتدا کە شێوازی چەسپاویان پەیڕەو نەکردووە، بەڵکو بەپێی کات و سەردەم و بەرژەوەندی گشتی ئیجتیهادیان کردووە و گۆڕانیان کردووە لە کاروباری سیاسيی و دەوڵەتداریدا.

ئەو گۆڕان و گەشەکردنەی لە سیاسەتی خەلیفەکانی ڕاشدیندا ڕوویانداوە ئاماژەی بەهێزن کە فیقهی سیاسی ئیسلامی فیقهێکی گۆڕاوە و سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئیجتیهاد و ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتی، هەر هەنگاوێک بەرژەوەندیەکی گشتی بەدیبهێنێ کارێکی باشە و ئیسلام پشتگیری دەکات، دەکرێت شێوازی حوکمڕانی بەپێی بەرژەوەندی گشتی بکرێت نەک گەڕانەوە بۆ قۆناغێکی مێژوویی، چونکە هیچ قۆناغێکی مێژوویی نابێتە بەڵگەی شەرعی کە موسڵمانان وەک ئەو قۆناغە سیاسەت بکەن و کاروباری وڵات بەڕێوەبەرن.

 فیقهی سیاسی ئیسلامی لەبەرئەوەی ڕووبەرێکی فراوانی دەگەڕێتەوە بۆ ئیجتیهاد و لێکدانەوەی خودی مرۆڤ و ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتی، هەموو ئەمانەیش ژیری مرۆڤ دیاری دەکات نەک دەقێکی شەرعی یەکلاکەرەوە، لەبەرئەوە کەس ناتوانێت تەنها بۆچوونەکانی خۆی بەڕاست بزانێت و هەموو ئاڕاستە و بۆچوونەکانی تر بە پێچەوانەی ئیسلام دابنێت، چونکە ئیجتیهاد زانایان هەرچەندە پلەوپایەیان بەرز بێت نابێتە هەقی ڕەها و ئەوانی تر ببنە بەتاڵ، بۆیە پێویستە هەمووان دیدبۆچوونی جیاوازی سیاسی یەکتر قبوڵ بکەن و تۆمەتی بیدعە و لادان و تەخوین و تەفسیق نەدەنە پاڵ یەکتری، لەهەمان کاتدا ئەو جۆرە جەدەل و تۆماتانە لە نەزانی و بیئاگایی لە فیقهی سیاسی ئیسلامەوە سەرچاوەیان گرتووە، نەک زانست و بەڵگەی شەرعی دروست.

سەرچاوە و پەراوێزەکان

[1]- ینظر: أ.د. عبدالرزاق احمد السنهوري، فقه الخلافة وتطورها لتصبح عصبة أمم شرقية، الطبعة الأولى 1422هـ2001م، مؤسسة الرسالة، بيروت ـ لبنان، ص 79 وما بعدها.

2 ينظر: د. عبدالرزاق السنهوري، فقه الخلافة، ص 192 وما بعدها. د.أكرم ضياء العمري، الخلاة الراشدة، ص97 وما بعدها.

3 ينظر: د. مهدي رزق الله  احمد، السيرة النبوية في ضوء المصادر الاصلية، الطبعة الاولى 142هـ 1992م، مركز ملك فيصل للبحوث والدرسات الاسلامية- الرياض، ص 293 وما بعدها. و د.أكرم ضياء العمري، السيرة النبوية الصحيحة، الطبعة الثامنة1430هــ2009م، مكتبة العبيكان، الرياض، م2ص272 وما بعدها.

4 ينظر: عبدالرزاق السنهوري، فقه الخلافة، ص277 وما بعدها.

5 ينظر: الامام علی بن علی ابن محمد ابن ابی العز الدمشقی، شرح العقیدة الطحاوية، التحقيق: د.عبدالله عبدالمحسن التركي وشغيب الارنؤوط، بدون عدد الطبع ولا تاريخ النشر، مؤسسة الرسالة، بيروت- لبنان، م2ص 698 وما بعدها.

6 ينظر: محمد رضا، تاريخ و سيرة ومناقب أمير المؤمنين عمر الفاروق، الطبعة الاولى 1355هـ 1936م،  ص29.

7 ينظر: د.محمد محمد علي الصلابي، الانشراح ورفع الضيق في سيرة أبي بكر الصديق، الطبعة الاولى 1423هـ2002م، دار التوزيع والنشر الاسلامية، القاهرة، ص 117 وما بعدها.

8 ينظر: د.محمد محمد علي الصلابي، الانشراح ورفع الضيق في سيرة أبي بكر الصديق ص391 وما بعدها.

9 ينظر: محمد رضا، تاريخ و سيرة ومناقب أمير المؤمنين عمر الفاروق ص626 وما بعدها.

10 ينظر: د. أكرم ضياء العمري، عصرالخلافة الراشدة، بدون عدد الطبع ولا تاريخ النشر، مكتبة العبيكان، الرياض، ص 58 وما بعدها.

11 د.حسن ابراهيم حسن، تاريخ الاسلام السياسي والاجتماعي، الطبعة الرابعة عشرة، 1416هـ1996م، دار الجيل- بيروت، دار النهضة المصرية- القاهرة، م1ص144 وما بعدها.

12 ینظر: د.أكرم ضياء العمري، عصر الخلافة الراشدة، ص93 وما بعدها.

13ينظر: د.علي محمد الصلابي، فصل الخطاب في سيرة ابن الخطاب أمير المؤمنين عمربن الخطاب شخصيته وعصره، الطبعة الأولى  1423هـ 2002م، مكتبة الصحابة- الامارات، ص 315-316.