مافی چارەی خۆنوسین لە یاسای نێودەوڵەتیدا و شێوازەکانی جێبەجێکرنی

06/02/2018 17:02:43

ئاوارە حسێن ئەحمەد

 

پێشەکی:

مافی چارەی خۆنوسین کە بووە بە پرەنسیپێکی جێگیر و چەسپاو لە یاسای نێودەوڵەتیدا و مافێکی گەوهەریی یاساییە بۆ هەموو نەتەوە و گرووپێک بەبێ جیاوازی.  لە دنیای ئەمڕۆدا باشترین شێواز بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەتی نوێ جێبەجێکردنی مافی چارەی خۆنووسینە بە بەدەستهێنانی ڕێگا ئاشتیخوازییەکەی.

بیرۆکەی مافی چارەی خۆنوسین دەگەڕێتەوە بۆ هەردوو شۆڕشی ئەمریکی (٤/٧/١٧٧٦) و فەڕەنسی (١٤/٧/١٧٨٩). دواتر چەندین سەرۆک و یاساناس گرنگی و گەشەیاندا بە مافی چارەی خۆنووسین.

لە ماوەی فەرمانڕەوایی بیست و هەشتەمین سەرۆکی ئەمریکا (تۆماس ودرو وێڵسن ٢٨/١٢/١٨٥٦—٣/٢/١٩٢٤)دا، گەشەی زۆری پێدرا. وێڵسن لە (٨/١/١٩١٨)دا (١٤) چواردە خاڵەکەی پێشکەشی کۆنگرێس کرد. ئەو پرەنسیپانەی دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو و هیوایەکی مەزنی بە گەلانی چەوساوە بەخشی بۆ بەدەستهێنانی ئازادییان.

 

مافی چارەی خۆنوسین لە یاسای نێودەوڵەتیدا:

پرەنسیپی مافی نەتەوەکان لە دیاریکردنی چارەنووسیان وەک پرەنسیپێکی گەوهەریی یاسای نێودەوڵەتی هاوچەرخ لە دەستووری ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەو جاڕنامە و ڕێککەوتننامانەی کە نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ گەلان و مافەکانیان دەریکردووە جێگیرکراوە، و لە پاش ئەوەوە بووە بە مافێکی گەوهەریی یاسایی و پێشێلکردنیشی بە مانای نکۆڵیکردن دێت لە مافە بنچینەییەکانی مرۆڤ و شكاندنی پرەنسیپی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئاستەنگ خستنە بەردەم پەرەسەندنی پەیوەندیی هاوکاریی دۆستانەی نێوان ئەندامانی نەتەوەیەکگرتوەکان و بڵاوکردنەوەی ئاشتی لە جیهاندا.

مافی چارەی خۆنوسین لە ماددەکانی (١- ٥٥- ٧٣- ٧٦)ی دەستووری ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکاندا جێگیر کرا(1).

بڕگەی (٢)ی ماددەی (١)ی دەستووری نەتەوەیەکگرتوەکان دەڵێت:(گەشەپێدانی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان نەتەوەکان لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی پرەنسیپی یەکسانی نێوان نەتەوەکان و پرەنسیپی مافی بڕیاردانی چارەی خۆنوسینی هەریەکەیان و گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاو بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە جیهاندا).

لە ڕێكه‌وتى ١٤/١٢/١٩٦٠دا، کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە خولی پانزەیەمیدا بە بڕیاری ژمارە (١٥١٤) جاڕنامەی بەخشینی سەربەخۆیی بە گەل و دەوڵەتە داگیرکراوەکانی پەسەند کرد. ئەو جاڕنامەیە  داوای دەستبەجێ  و بێمەرجی کۆتاییهاتنی داگیرکاریی دەکات بە هەموو شێوە و دیاردەکانییەوە و داوای مافی چارەی خۆنوسین دەکات بۆ گەل و دەوڵەتە داگیرکراوەکان. ماددەی (٢)ی جاڕنامەکە دەڵێت:(هەموو گەلێک مافی چارەی خۆنووسینی هەیە و ئەم مافە ئازادییان پێدەدات لە هەڵبژاردنی سستەمی فەرمانڕەواییان و ئازادانە بەدیهێنانی پەرەسەندن و گەشەپێدانی لایەنی ئابووری، کۆمەڵایەتيی و کەلتوورییان)(2).

ئەو جاڕنامەیە بە گرنگترین بەڵگەنامە دادەنرێت کە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەریکردبێت بۆ بەخشینی سەربەخۆیی و ڕیسواکردنی کۆڵۆنیالیزم و داگیرکاریی. لە هەقیقەتیشدا بەرجەستەبوونێکی ڕاستگۆیانەی بەخشینی سەربەخۆییە بە گەلانی ژێر چەپۆک و ئەو گەلانەی کە  لەژێر سستەمی ویصایە (چاودێری)دابوون. هەربۆیە جاڕنامەکە بە پێویستی دەزانێت ڕێوشوێنی گونجاو و  لەبار بگیرێتەبەر بۆ گواستنەوەی دەسەڵات بۆ گەلانی ئەو هەرێمانە و بە ئازاديی و بەبێ هیچ مەرج و دەستپێوەگرتنێک و بە ویستی ئازادانەی خۆیان تاوەکو  توانای وەرگرتنی سەربەخۆیی و سەربەستی تەواویان فەراهەم بکرێت بەبێ گوێدانە جیاوازیی نەتەوە، نەژاد، ڕەگەز، ئاین، ڕێبازی ئاینيی و بیروباوەڕی سیاسی. 

پرەنسیپی مافی بڕیاردانی چارەنووس لەبەر گرنگییە یاساییەکەی دیسان لە هەردوو ڕێککەوتننامەی مافە سیاسيی و شارستانییەکان و ڕێککەوتتنامەی مافە ئابووريی و کۆمەڵایەتيی و کەلتوورییەکانی ساڵی (١٩٦٦)دا جێگیرکرایەوە. بڕگەی (١)ی ماددەی (١)ی هەردوو ڕێککەوتننامەکە دەڵێت:(هەموو گەلێک مافی چارەی خۆ نووسینی هەیە، بەپێی ئەو مافە بۆیان هەیە بە ئازادی بڕیار لەسەر چارەنووسی سیاسیی خۆیان بدەن و بە ئازادیش درێژە بە گەشەپێدانی لایەنی ئابووريی و کۆمەڵایەتيی و کەلتوورییان بدەن)(3).

کەواتە دەتوانین بڵێین مافی چارەی خۆنوسین مافێکی گەوهەریی یاسایی دەستەبەرکراو و  چەسپاوە بۆ هەموو نەتەوە و گرووپێک بەبێ هیچ جۆرە جیاوازییەک. کە بەشێوەیەکی ئازادانە بڕیار لەسەر چارەنووسی  یاسایی و سیاسی خۆیان دەدەن و بەشێوەیەکی ئازادانە پەرە بە بوارە ئابووريی و کۆمەڵایەتيی و کەلتوورییەکانی خۆیان دەدەن. هەموو ئەو ماددە و بەڵگەنامە یاساییانە داندەنێن بە مافی چارەی خۆنوسین بۆ هەموو نەتەوەیەک بەبێ جیاوازی  و دان بە یەکسانیی گەل و دەوڵەتە ناسەربەخۆکاندا دەنێن لەگەڵ گەل و دەوڵەتانی سەربەخۆ، لە بەرامبەر پرەنسیپەکانی یاسای نێودەوڵەتیی گشتی وەک مەرجێکی گرنگ و بنەڕەتی بۆ بەستنی پەیوەندی دۆستانە لە نێوان هەموو نەتەوەکانی جیهان. کە ئەوەش پاراستنی ئاشتيی و سەقامگیریی نێودەوڵەتی لێدەکەوێتەوە. پێشێلکردنی ئەو پرەنسیپە گەوهەرییە یاساییە واتە پێشێلکردنی چەند مافێکی بنچینەیی کە یاسای نێودەوڵەتی مسۆگەری کردووە. بەمەش بەرپرسیارێتیی نێودەوڵەتی دروست دەکات بۆ ڕاگرتنی ئەو پێشێلکارییەش دەستێوەردان دێتە کایەوە. بەمەش ئاشتيی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەخاتە مەترسییەوە. جا بۆئەوەی تەواوی گەلانی ژێر چەپۆک بە مافە یاسایی و سروشتییەکانیان بگەن و ئازادی بە دەستبهێنن و  بتوانن بە دۆستانە لەگەڵ گەلانی ئازاددا بژین. ئەرکێکی  یاسایی و ئاکاریی کۆمەڵگای نێودەوڵەتيی و ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکانە کە هەرچی زووترە کار بۆ سەربەخۆیی گەلانی ژێر چەپۆک و نا ئازاد  و لەناویشیاندا کورد بکەن و ڕێگربن لە ڕێگای پێشێلکارییە یاساییەکان و  ئەو مافا یاساییەنەی کە خۆیان دەستەبەریان کردووە.

 

شێوازەکانی جێبەجێکردنی مافی چارەی خۆنوسین:

لە یاسای نێودەوڵەتیدا چەندین ڕاڤەکاریمان هەیە بۆ بڕیاردانی مافی چارەی خۆنوسین و ڕاگەیاندن و بەدەستهێنانی سەربەخۆیی. لێرەدا هەوڵدەدەین ڕاڤەکاریی سروشتی یاسایی پرەنسیپی مافی چارەی خۆنوسین  و شێوازەکانی جێبەجێکردنی بخەینەڕوو.

١/ مافی چارەی خۆنوسینی ناوخۆیی:

مافێکی یاسایی دانیشتوانی دەوڵەتێکە بۆ هەڵبژاردنی سستەمی فەرمانڕەوایی دەوڵەتەکەیان و دەستنیشانکردنی شێوەی حکومەتەکەیان، بە ویستی ئازادانە و مافی دروستکردنی بڕیاری سیاسیی خۆیان(4). ئەم مافە بە تەنها چارەنووسی سیاسی ناگرێتەوە، بەڵکو مافی دانیشتوانی دەوڵەتە بۆ بە ئازادی پەرەپێدانی لایەنی ئابووريی و کۆمەڵایەتيی و کەلتووریی خۆیان. بە کورتی مانایەکی تری ئەم مافە دەستبەرکردن و جێبەجێکردنی تەواوی مافەکانی هەموو گرووپە جیاوازەکانە لە چوارچێوەی هەرێمی ئەو دەوڵەتەی کە لێیدەژین.

٢/ مافی چارەی خۆنوسینی دەرەکی:

جێبەجێکردنی ئەم مافە بریتییە لە لەناوبردنی کۆڵۆنیالیزم و داگیرکاريی و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەت بۆ هەموو گرووپ و نەتەوە داگیرکراوەکان، بەبێ هیچ جۆرە جیاوازییەک(5). بەپێی ئەم ڕاڤەکارییە هەر گرووپ و نەتەوەیەک کە تا هەنووکە داگیرکراوە و دەچەوسێنرێتەوە و نەگەيشتووە بە سەربەخۆیی، و مافی چارەی خۆنوسینی ناوخۆی بۆ دەستەبەر نەکراوە و جێبەجێنەکراوە، ئەوا مافێکی یاسایی هەیە کە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی ڕابگەیەنێت و لەو دەوڵەتە جیاببێتەوە کە لەناویدا بە چەوساوەییەوە دەژی.

ئەو مافەش ئەگەر هاتوو بە شێوازە جۆراوجۆرەکانی ئاشتییانە و دیپلۆماسییانە مسۆگەر نەکرا، ئەوا دەتوانرێت هێز بەکاربهێنرێت بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی. هەربۆیە بەکارهێنانی هێز لەلایەن بزوتنەوە ئازادیخوازەکان بۆ سەربەخۆیی کە خاکەکەیان داگیرکراوە و نەتەوەکەیان دەچەوسێنرێنەوە، ئەگەر هاتوو لە چوارچێوەی یاساکانی جەنگ و پرەنسیپەکانی مافی چارەی خۆنووسیندا بێت ڕەوا و یاساییە. گەرچی ئەمڕۆ بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تێکۆشان و ناوی زۆرێک لەو بزوتنەوە ئازادیخوازانەی خستووەتە ڕیزی تیرۆرەوە.

٣/ مافی چارەی خۆنووسین بە ڕاپرسی:

یاساناسانی نێودەوڵەتی ئەم شێوازە بە باشترین شێواز دادەنێن بۆ جێبەجێکردنی مافی چارەی خۆنوسین بەپێی یاسای نێودەوڵەتی ئەگەر بێتوو نوسراوبێت و زارەکی نەبێت، لەژێر چاودێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئەنجامبدرێت، گەرەنتی یاسایی دەبێت. ئەم شێوازەی مافی چارەی خۆنوسین دەکرێت پەڕلەمانی هەرێمێک بڕیاری ڕاپرسییەکە بدات، یان لە بەرەنجامی ماددەیەکی دەستووری بێت کە لە دەستووری دەوڵەتەکەدا ڕاپرسی جێگیر کرابێت. یان ڕاپرسییەکە بە پەیمانێک دەکرێت کە لە نێوان حکومەتی ناوەنديی و حکومەتی هەرێمەکدا بەسترابێت. ئەمەش بەوە دەبێت کە هەرێمی دەوڵەتێک ڕاپرسی ئەنجامبدات بۆ هاووڵاتیانی هەرێمەکەی کە ئایا هاووڵاتییەکانی دەیانەوێت لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتەدا بمێننەوە کە هەنوکە لێی دەژین یان جیاببنەوە و سەربەخۆیی وەربگرن(6).

نمونەی ئەو جۆرە ڕاپرسییانەش:

* تەیموری خۆرهەڵات، پاش ئەوەی لە سەدەی شانزەیەمەوە لەلایەن پورتوگالەوە داگیرکرابوو، لە ٢٨/١١/١٩٧٥ سەربەخۆیی بەدەستهێنا. بەڵام نۆ ڕۆژ پاش سەربەخۆیی لەلایەن ئیندۆنیسیاوە داگیرکرایەوە. دوای جینۆسایدێک لەو وڵاتە، گەلی تەیموری خۆرهەڵات بە چاودێری نەتەوەیەکگرتووەکان لە ٣٠/٨/١٩٩٩ ڕاپرسییەکی گشتیی ئەنجامدا و بەڕێژەی (78,50%) هاووڵاتیان دەنگیان بە بەڵێ بۆ سەربەخۆییدا(7). ئەوەش بوو لە ٢٧/٩/٢٠٠٢ وەک یەکەمین دەوڵەتی سەربەخۆ لە سەدەی بیست و یەکەمدا بوو بە ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.

* مۆنتینیگرۆ لە ٢١/٥/٢٠٠٦ ڕاپرسی سەربەخۆیی ئەنجامدا، ئەویش پاش ئەوەی بەپێی ماددەی (٦٠)ی دەستووری دەوڵەتی یەکگرتووی سڕبیا و مۆنتینیگرۆی ساڵی ٢٠٠٣ هاتووە کە دوای تێپەڕینی سێ ساڵ ڕاپرسی سەربەخۆیی ئەنجام دەدرێت(8). هەر ئەوەش بوو هاووڵاتیانی مۆنتینیگرۆ بەڕێژەی لە (55,5%) دەنگیان بە بەڵی بۆ سەربەخۆییدا و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیش دانی بەسەربەخۆییەکەیدانا و لە ٢٨/٦/٢٠٠٦ لە ئەندامێتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وەرگیرا.

* گەلی باشووری سودان کە پاش ئەوەی حکومەتی ناوەندی خەرتوم و بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی سودان لە ساڵی ٢٠٠٥دا پەیمانی نایڤاشا-یان بەست. سەربەخۆیی باشووری سودان یەکێک بوو لە ئەنجامەکانی جێبەجێکردنی پەیماننامەکە. نایڤاشا ئاماژەی کردبوو کە لە ٩/١/٢٠١١ ڕاپرسی دەکرێت، ئایا گەلی باشووری سودان دەیانەوێت وەک هەرێمێک لە چوارچێوەی سوداندا بمێننەوە یاخود سەربەخۆیی وەردەگرن. هەر ئەوەش بوو ئەنجامی ڕاپرسیەکە لە بەڕێژەی (98,83%) هاووڵاتیان دەنگیان بە بەڵێ بۆ سەربەخۆییدا، و لە ١٤/٧/٢٠١١ لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک دەوڵەتێکی تازە سەربەخۆ بە ئەندام وەرگیرا(9).

٤/ جێبەجێکردنی مافی چارەی خۆنوسین بە تاکلایەنە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی:

ئەمەش یەکێکە لە شێوازەکانی جێبەجێکردنی مافی چارەی خۆنوسین، کە تاکلایەنە سەربەخۆیی ڕادەگەیەندرێت. دەکرێت پەڕلەمان ئەنجامی بدات یان بڕیار بەدەستانی ئەو گرووپەی سەربەخۆییەکەی بۆ ڕادەگەیەنرێت.

نمونەی ئەم جۆرە سەربەخۆییانەش:

* ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کاتی ئازادی هیندستان (ئازاد هیند) لەلایەن (سوبهاش چاندرا بۆس)ەوە لە سەنگاپورە. سوبهاش پاش ئەوەی خۆی دەگەیەنێتە ئەڵمانیا و چاوی دەکەوێت بە ڕاوێژکاری ئەوکاتی ئەڵمانیا ئەدۆڵۆف هیتلەر و هاوکاری ئەڵمانیا بەدەستدەهێنێت. دواتر بەرەو ژاپۆن بەڕێدەکەوێت و سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی ژاپۆن هیدکی تۆجۆ ئامادەیی هاوکاریی بێ مەرجی ژاپۆنی پێشکەش دەکات.

سوبهاش دەستبەجێ بە هاوکاری دەوڵەتانی ناوەند لە ناوەڕاستی جەنگی جیهانی دووەمدا لە ٢١/١٠/١٩٤٣ دەوڵەتی کاتی ئازادی هیندستان ڕادەگەیەنێت(10).

* ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی تاکلایەنەی بەنگلادیش و جیابوونەوەی لە پاکستان، لەلایەن (شێخ موجیب ڕەحمان)ەوە. پاش ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی (١٩٧٠) پارتەکەی شێخ موجیب لە کۆی (٣٠٠) کورسی پەڕلەمان (١٦٠) کورسی بەدەستهێنا، بەڵام سەرۆکی پاکستان ئاغا محەمەد یەحیا خان داواکەی شێخ موجیب پەسەند نه‌كرد بۆ دەستوورێکی فیدراڵيی و بەشداریکردن لە پڕۆسەی یاسایی و سیاسيی و بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە گەشەدان بە لایەنی ئابووريی و کۆمەڵایەتيی و کەلتووریی و گرفت و ئاستەنگیان بۆ دروست كردن تا گه‌يشتە جینۆسایدکردنیان. ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە شێخ موجیب ڕەحمان لە ٢٦/٣/١٩٧١ سەربەخۆیی بەنگلادیش ڕابگەیەنێت(11).

* ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی تاکلایەنەی کۆسۆڤۆ، لەلایەن پەڕلەمانی کۆسۆڤۆوە. پەڕلەمانی کۆسۆڤۆ لە ١٧/٢/٢٠٠٨ تاکلایەنە سەربەخۆیی کۆسۆڤۆی ڕاگەیاند و لە سڕبیا جیابویەوە. ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە سڕبیا لە ١٧/٤/٢٠٠٩ لە دادگای دادی نێودەوڵەتی سکاڵای لەسەر تۆمار بکات. دادگا لە ٢٢/٧/٢٠١٠ بڕیاریدا و ئاماژەی بەوە کرد کە (ڕاگەیاندنی تاکلایەنەی سەربەخۆیی کۆسۆڤۆ پێشێلکاری نییە بۆ یاسای نێودەوڵەتی گشتی، چونکە یاسای نێودەوڵەتی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی قەدەغە نەکردووە).(12).

ئەنجام

لە ئەنجامی ئەم توێژینەوەیە گەيشتینە ئەوەی کە مافی چارەی خۆنوسین مافێکی یاسایی و سروشتییە بۆ هەموو گروپێکی مرۆیی بەبێ جیاوازی لە یاسای نێودەوڵەتیدا جێگیر و دەستەبەرکراوە. ئەو مافە بە چەندین شێواز جێبەجێدەکرێت، باشترین شێوازیان جێبەجێکردنی مافی چارەی خۆنوسینە بەشێوازی ڕاپرسی، ئەم شێوازەش بە چەند ڕێگایەکە کە باشترینیان بۆئەوەی گەرەنتی جێبەجێکردنی هەبێت ڕاپرسییەکە بە ڕێککەوتنێکی نوسراو بە چاودێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.

 

سەرچاوەکان

1)  See articles (1, 55, 73, and 76) of the UN organization charter.

2) Declaration on the granting of independence to colonial countries and peoples, (1960).

3) See article (1) of the both International Convention on Civil and Politic Rights and the Convention Economic, Social and Cultural rights (1966).

4) Awara Hussein, Genocide and the declaration of an independent country, first edition, Jamal Erfan cultural organization press, 2014, page (99).

5) Awara Hussein, former source, page (99).

٦) ئاوارە حسێن، پێکهێنانی دەوڵەت لە یاسای نێودەوڵەتیدا و چۆنیەتی پێکهێنانی دەوڵەتی کوردستان (وتار)، ماڵپەڕی کوردۆساید، ٢٦/١١/٢٠١٤.

٧) ئاوارە حسێن، جینۆسایدی کورد لە ڕوانگەی یاسای تاوانکاری نێودەوڵەتییەوە، چاپی یەکەم، چاپخانەی حەمدی، ٢٠١٧، لاپەڕە (٦٣٥).

8) See article (60) of the constitutional charter of the state union of Serbia and Montenegro ٩) ئاوارە حسێن، جینۆسایدی کورد لە ڕوانگەی یاسای تاوانکاری نێودەوڵەتییەوە، ل٦٣٥.

10) https://en.wikipedia.org/wiki/Azad_Hind, latest visit 21,10,2017.

11) https://en.wikipedia.org/wiki/Proclamation_of_Bangladeshi_Independence, latest visit 28,07,2017.

12)https://en.wikipedia.org/wiki/International_Court_of_Justice_advisory_opinion_on_Kosovo%27s_declaration_of_independence, latest visit 15,04,2017.