ڕاجيايى له ئيجتيهادى سياسى له‌لاى ئيسلامیه‌كان له نێوان ڕه‌حمه‌تى فراوانى ئيسلام و ته‌نگه‌به‌رى بيرى شمولى

05/30/2018 08:58:29

د.عوسمان عه‌لى

ئيمام شافيعى ده‌ڵێت: بۆچوونى من ڕاسته‌ ده‌كرێت هه‌ڵه‌بێت، بۆچى غه‌يرى من هه‌ڵه‌يه‌ ده‌كرێت ڕاست بێت.

ئه‌و وته‌يه‌ى ئيمامى شافيعى چه‌ند جوانه، كه ‌له‌ سه‌ره‌وه ‌باسكراوه‌، ئه‌وه‌ش له ‌سۆنگه‌ى تێگه‌يشتنى دروسته‌وه‌يه ‌بۆ ئيسلام، ده‌كرێت بكرێته‌ مايه‌ى مامه‌ڵه‌كردنمان له‌گه‌ڵ ئه‌وانى تر. ئێمه‌ پێويستمان ‌به‌ بۆچوونى فه‌يله‌سوفانى ڕۆژئاوايى وه‌ك: تۆماس هۆبز، جۆن لۆك، دايڤد هيوم، ئاده‌م سميس نيه ‌له ‌سه‌ده‌ى 17 و 18 بۆ وه‌گرتنى به‌هاكانى پێكه‌وه‌ژيان و ڕێزگرتن له ‌ڕاى كه‌سانى تر، دكتۆر ئيسماعيل فاروقى" اطلس الحضارة الاسلامية" ده‌ڵێت: بيروباوه‌ڕى يه‌كتاپه‌رستى پێچه‌وانه‌ى ماركسيى و نازيى ‌و فاشييه‌،  كه ‌له‌سه‌ر شموليى و ململانێى ناكۆكان قه‌بوڵى فره‌يى ده‌كات له‌چوارچێوه‌ى يه‌كگرتن و يه‌كبوون، ئه‌وه ‌نهێنى هێزى شارستانييه‌تى ئيسلامييه‌، كه‌ چه‌ندين پێشه‌نگى سه‌ده ‌شارستانيه‌تى مرڤايه‌تى بوو، به ‌مه‌فهومى قورئانى گه‌واهيده‌ربوون له‌سه‌ر خه‌ڵك.

به‌ڵام ڕابوونى ئيسلامى هاوچه‌رخ له‌گه‌ڵ ئيجابياتى زۆرى به‌تايبه‌ت له ‌بوارى سياسى، به‌ڵام ئه‌وه ‌هه‌يه ‌نازانێت فكرى شمولى وه‌رگرتووه‌ له ‌ماركسى و نازى له ‌قه‌بوڵ نه‌كردنى بۆچوونى خه‌ڵكانى تر، ‌په‌نابردن بۆ به‌خائين سه‌يركردن و كافركردنى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه ‌ڕايان جياوازه‌.

هه‌روه‌ك هه‌ندێك نووسه‌رى ئيسلامى له‌ رێگاى نووسينه‌كانيان بوونه‌ته ‌‌موفتى كۆمه‌ڵێك پارت و گرووپ له‌ سه‌ده‌ى بيست و يه‌ك، به‌هۆى ئه‌و جۆره‌ فه‌توايه‌وه‌ ده‌ستيان چووه‌ته ‌خوێنى مسوڵمانان، ئه‌وه‌ى له‌ ڕابردوو له‌ ئه‌فغانستان و جه‌زائير و يه‌مه‌ن و سوريا و عێراق و كوردستان ڕوويدا، به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ده‌يڵێين. ئه‌وه‌ نه‌ك به‌فيڕۆدانى خوێنى مسوڵمانان بوو، به‌ڵكو شێواندنى پڕۆژه‌ى شاستانى ئيسلامى بوو.

كوردستان له‌ چه‌ند مانگى ڕابردوودا دۆخێكى زۆر ناشيرنى به‌خۆيه‌وه‌بينى، ئه‌ويش ململانێى ناشيرنى هه‌ندێك له ‌ئيسلامييه‌كان بوو، كادير و كه‌سايه‌تييه ‌ئيسلامييه‌كان له ‌كوردستان يه‌كتريان به ‌ترسنۆك و خيانه‌ت و پاشكۆيه‌تى تۆمه‌تبار ده‌كرد، هه‌ر لايه‌نه‌ ئه‌وى ترى تۆمه‌تبار ده‌كرد، ئه‌گه‌ر هه‌ر لايه‌نێك له‌و لايه‌نانه‌ى كه‌ هێرشيان ده‌كرده ‌سه‌ر يه‌ك چه‌كيان هه‌بوايه‌ بوايه ‌به‌كاريان ده‌هێنان به‌رامبه‌ر ئه‌و‌ى تر.

ئيجتيهادى سياسى، كه‌پێى ده‌گوترێت فيقهى سياسى ئيجتيهاده ‌له ‌پرسه ‌فه‌رعييه‌كان نه‌ك كرۆكى عه‌قيده‌، ئه‌وه‌ش سروشتيه ‌كه ‌تێروانينى جياواز هه‌بێت بۆ ئه‌و پرسانه‌، له ‌پرسى ئيجتيهاد ئيبن قه‌يم ده‌ڵێت: له‌پرسى سوننه‌ت و ئيجماع نه‌بێت،  ئينكارى كاركرن به ‌ئيجتيهادى ناكرێت، ئه‌و كه‌سه ‌ئيجتيهادى كردبێت، يان شوێن ئيجتيهاد كه‌وتبێت. (اعلام الموقعين 3 – 365).

ئيمامى حه‌ره‌مين ده‌ڵێت: موجته‌هيد بۆى نيه‌ ڕه‌خنه‌ و سه‌رزه‌نشتى موجته‌هيدێكى تر بكات، له ‌بابه‌تێك كه‌ڕاجيايى له‌سه‌ره‌، چونكه‌ هه‌موو موجته‌هيدێك له ‌بابه‌تى فه‌رعى پێكاويه‌تى، هه‌ركه‌س گووتى: ئه‌و موجته‌هيده‌ پێكاويه‌تى ديارينه‌كراوه‌، قه‌ده‌غه‌ ده‌بێت سه‌رزه‌نشتى موجته‌هيدى مه‌زهه‌‌به‌كانى تر بكات. (الإرشاد  ص 312(

ئه‌و توندييه‌ى له‌لاى هه‌ندێك له ‌ئيسلامييه‌كانى كوردستان بينمان له ‌پرسى ڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌ت، يان ئۆپۆزسيۆن، سه‌رچاوه‌ى له‌ نه‌زانى به ‌ڕه‌حمه‌تى فراوانى ئيسلام و قبوڵ نه‌كردنى فره‌يى وه‌گرتووه‌، هه‌روه‌ها تێكه‌وتنه ‌له‌ ته‌نگه‌به‌رى بيرى شمولى كه ‌خراوه‌ته‌ پاڵ ئيسلام، يان خۆشكردنى ئاگر له‌پێناو دروستكردنى ئاژاوه ‌له ‌نێو ماڵى كورددا، هه‌ندێك له‌ كاديرانى ئيسلامى كه ‌باگراوندێكى به‌هێزى فيكريان  نيه‌، په‌نايان برده ‌به‌جوێن و بوختان، ته‌نها بۆچوونى خۆيان پێ ڕاسته‌، ئه‌وه‌ش جۆرێك له ‌پيرۆزى بۆ ديدوبۆچوونى خۆيان دروستكردووه‌.

ئه‌سڵ له‌ ئيسلام گومان باشى به‌كارى خه‌ڵكانى تر و مامه‌ڵه‌ى جوان له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ى كه ‌ديمان جياوازه ‌بنه‌مايه‌كه ‌له ‌بنه‌ماكانى ئيسلام، يه‌كێكه ‌له‌ مه‌باديئى شه‌ريعه‌ت، له‌ فه‌رموده‌يه‌ك هاتووه‌، كه‌سێك له ‌مزگه‌وته‌كه‌ى پێغه‌مبه‌ر ميزى ده‌كرد، هاوه‌ڵان سه‌رزه‌نشتيان كرد، پێغه‌مبه‌ر صلى الله عليه وسلم نه‌هى لێكرد، فه‌رمووى: لێى گه‌ڕين با ته‌واوى بكات، پاشان شوێنه‌كه‌ى به ‌ئاو پاك بكه‌نه‌وه‌، به‌و پياوه‌شى فه‌رموو: مزگه‌وته‌كان بۆ ئه‌و پيسيانه ‌ناشێن.

ئێمه‌ پێويستمان به‌ گه‌شه‌پێدانى فيقهى سياسى ئيسلامى هه‌يه‌، كه‌ له‌ شه‌ريعه‌تى ئيسلاميى و توراسى ئيسلامى به ‌ڕه‌چاوكردنى (مقاصد الشريعه)‌ سه‌رچاوه‌ى گرتبێت، قبوڵى فره‌يى و ڕاى جياواز بكات.