داواى لێخشۆبوون له‌ جه‌لاد گفتۆگۆى هه‌ڵه‌بجه‌ييه‌كان له‌گه‌ڵ عه‌لى حه‌سه‌ن مه‌جيد

04/09/2018 15:21:18

داواى لێخشۆبوون له‌ جه‌لاد

گفتۆگۆى هه‌ڵه‌بجه‌ييه‌كان له‌گه‌ڵ عه‌لى حه‌سه‌ن مه‌جيد

ئاماده‌كردنى: عادل صديق عه‌لى

حاجى عه‌لى سۆفى ساڵح (حه‌مه‌عه‌لى سۆفى ساڵحى دارتاش) كه‌سايه‌تييه‌كى ديارى هه‌ڵه‌بجه‌يه‌، ئه‌و له‌دايكبووى ساڵى 1953ى گه‌ڕه‌كى پير محه‌مه‌دى شاره‌كه‌يه‌، ناوبراو يه‌كێك بووه‌ له‌و هاوڵاتيانه‌ى كه‌ به‌ر له‌ كيميابارانى شاره‌كه‌، له‌گه‌ڵ ماڵ و منداڵه‌كه‌يى و هه‌ندێك له‌ كه‌سوكاريدا به‌ره‌و شارى سلێمانى هه‌ڵهاتووه‌، دوا كيميابارانى شاره‌كه‌ و ئه‌و ڕه‌وشه‌ پڕ له‌ تراژيديايه‌ى كه‌ به‌سه‌ر دانيشتوانى شاره‌كه‌دا هات، هه‌ستى مرۆڤايه‌تيى و هاوشارى پاڵى پێوه‌ ده‌نێت كه‌ به‌هاوكارى ژماره‌يه‌ك كه‌سايه‌تى ديارى ديكه‌ى شاره‌كه‌ ياداشتێك بنوسن و ئاڕاسته‌ى لێپرسراوانى ئه‌وده‌مى شارى سلێمانى بكه‌ن. له‌م ديداره‌دا حاجى عه‌لى به‌وردى تيشك ده‌خاته‌ سه‌ر هه‌وڵه‌كانيان و ئه‌و ديداره‌ تايبه‌ته‌ش كه‌ له‌گه‌ڵ عه‌لى حه‌سه‌ن مه‌جيد له‌ شارى كه‌ركوك بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ئه‌نجامياندا، ناوبراو له‌ ديدگا و تێڕوانينى خۆيى و به‌پشت به‌ستن به‌و زانيارييانه‌ى كه‌ بيره‌وه‌رييه‌كانى هاوكارى ده‌كه‌ن ورده‌كارى ئه‌و هه‌وڵانه‌مان بۆ ده‌خاته‌ ڕوو.

من(حاجى عه‌لى سۆفى ساڵح) هه‌تا شه‌وى دووه‌مى هێرشه‌كه له‌ هه‌ڵه‌بجه‌دا ژياوم‌، دواى ئه‌وه‌ى كه‌ تۆپخانه‌كانى ئێران و عێراق ده‌ستيان به‌ بۆردومانكردنى شاره‌كه‌ كرد، خه‌ڵكى ده‌ستيكرد به‌ خۆپه‌نادان، له ‌گه‌ڕه‌كه‌كه‌ى خۆماندا ته‌نها ئێمه ‌ژێرزه‌مينمان هه‌بوو، وتم به‌ خێزانم هه‌موو خه‌ڵكى گه‌ڕه‌ك بانگ بكات بۆ ژێرزه‌مينه‌كه‌ و نانێكى باشيشيان بۆ ئاماده‌ بكات، با كه‌س هاتوچۆ نه‌كات و بكوژرێت، چونكه‌ هه‌ر له‌و كاتانه‌دا كوڕى مه‌لا مه‌حمودى سه‌راو تۆپێكى ئێرانى لێيدا و كوشتى، ڕۆژى 14/3 سوپا شكا و له ‌ناوچه‌ى نه‌ورۆڵييه‌وه‌ به‌ره‌و شار پاشه‌كشه‌يان كرد، ده‌بابه‌يه‌كيان له‌وبه‌رى گوڵانه‌وه‌ سووتا، نزيكه‌ى (30-40) سه‌رباز له‌ كۆڵانى ماڵى مامۆستا شێخ نوره‌دينه‌وه‌ سه‌ركه‌وتن تا هاتنه‌سه‌ر ڕێگا سه‌ره‌كييه‌كه‌ى ناوشار، يه‌كێكيان داواى جگه‌ره‌ى كرد، ئێمه‌ش بايعى مان هه‌بوو هه‌موو جۆره‌ جگه‌ره‌يه‌كمان وه‌رده‌گرت، به‌ڵام له‌ ماڵه‌وه‌ كه‌سمان جگه‌ره‌ خۆر نه‌بووين، منيش عه‌لاگه‌يه‌ك جگه‌ره‌مان هه‌بوو لێم ڕادان، به‌ڵام كه‌سيان پاكه‌تيان وه‌رنه‌گرت، ته‌نها يه‌كى جگه‌ره‌كيان وه‌رگرت و دواتر ڕۆيشتن به‌ره‌و تۆوشك و عه‌نه‌ب، دواى نيو سه‌عات عه‌له‌بارانه‌ى براى مامۆستا عوسمان له‌ به‌غداده‌وه‌ گه‌ڕايه‌وه‌،  دايبه‌سه‌ريدا و وتى باوكه‌ڕۆ براڕۆ ئه‌وه‌ چى ئه‌كه‌ن له‌م ژێرزه‌مينه‌دا ڕاكه‌ن بڕۆن، ئێمه‌ش كه‌وتينه‌ خۆمان، من سه‌ياره‌يه‌كى سۆپه‌رم پێبوو، حه‌مه‌ڕه‌شيدى براشم سۆپه‌رێك و يه‌ك دوو گه‌ڵابه‌شمان هه‌بوو، ڕۆيشتم گه‌ڕام به‌سه‌ر دراوسێكانماندا و تكام لێكردن كه‌ ده‌رچن و له‌ناو شاردا نه‌مێنن، وتم با شار چۆڵكه‌ين هه‌ڵه‌بجه‌ وێران ئه‌بيت،  كاك عارفى ڕه‌شه‌ى باش چاوه‌ش زانيم كه‌ زۆر كه‌مده‌سته‌ به‌ينى خۆم و خوا به‌ زۆر (500)دينارمدا به‌سه‌ريدا وتم پێى ده‌رچۆ، ئه‌مه‌ جاران نيه‌ بڕۆيت و بگه‌ڕێيته‌وه‌ ڕجات لێ ئه‌كه‌م، باوكى عه‌به‌ى مامه‌(مامۆ فه‌ره‌ج) وتم مامه‌ عه‌به‌ له‌ شار ده‌رچۆ لێره‌ مه‌مێنه‌، ئه‌مه‌ دواى نيوه‌ڕۆى ڕۆژى 14/3 بوو.

به‌ڵام كه‌سيان نه‌هاتن، خۆم و خێزانم و مناڵه‌كان(9مناڵ)، سوارى قه‌مه‌ره‌كه‌ كرد و به‌ره‌و سلێمانى به‌ڕێكه‌وتم، براكانم زووتر ده‌رچوون، فه‌ره‌جى برام گه‌ڵابه‌يه‌كى پڕ كرد له‌ خه‌ڵكى گه‌ڕه‌ك و ڕۆيشت، حه‌مه‌ڕه‌شيديش پێش ئه‌و ده‌رچوو، منيش دواى ئه‌وان، عه‌لى محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د (عه‌له‌ بارانه‌) له‌ دواى ئێمه ‌گه‌ڵابه‌يه‌كى پڕ كرد له‌ خه‌ڵكى، به‌ڵام نه‌يتوانى ده‌رچێت، له‌ سێ ڕييانى زه‌ڵم مناڵێكم بينى له‌نێو بێشكه‌يه‌كدا و له‌ناو زيلێكدا مردبوو، نزيكه‌ى سێ تا چوار ئۆتۆمبيلى وه‌رگه‌ڕاومان له‌سه‌ر ڕێگاكه‌دا بينى، به‌ڵام دڵنيا نه‌بووم كه‌ مردوويان تێدايه‌ ياخود نا، هه‌ر له‌ زه‌ڵم ناقيله‌يه‌ك تۆپى ئێران لێيدابوو وه‌رگه‌ڕابوو ئه‌و ناوه‌ى چه‌ور كردبوو، به‌وهۆيه‌شه‌وه‌ (7تا8) ئۆتۆمبيل وه‌رگه‌ڕابوو.

له‌نێو سه‌ياره‌كه‌ى ئێمه‌داشدا منداڵ ئه‌گريا و خۆشم بانگ و سه‌ڵام لێدابوو، به‌ڵام كه‌س ڕێگرى لێ نه‌كردين هه‌تا گه‌يشتينه‌ گوندى سه‌راوى سوبحان ئاغا، به‌درێژايى ئه‌و ڕێگايه‌ هيچ سه‌ربازێكى عێراقيمان نه‌دى، له‌ سه‌راوه‌ سه‌يرى هه‌ڵه‌بجه‌مان ئه‌كرد تۆپى ئێرانى لێى ئه‌دا و دوكه‌ڵ ئه‌چوو به‌ ئاسماندا، ئيتر من هيچ ئومێدێكم نه‌ما.

هه‌ر له‌ سه‌راو له‌گه‌ڵ حه‌مه‌ڕه‌شيد و فه‌ره‌جى برامدا يه‌كمان گرته‌وه‌، پاشان به‌ره‌و سلێمانى به‌ڕێكه‌وتين، كه‌ گه‌يشتينه‌ گوندى كانى پانكه‌ سه‌ربازى عێراقى ڕێگه‌يان لێگرتين، فه‌ره‌جى برام عه‌ره‌بييه‌كى زۆرباشى ئه‌زانى له‌گه‌ڵ سه‌ربازه‌ عيراقييه‌كاندا تێكچوو، وتى زۆر عه‌يبه‌ بۆ ئێوه‌ ئێمه ‌ماڵ و منداڵمان له‌ژير تۆپ و ئاگرى ئێران ده‌ركردووه‌ ئێوه‌ ناهێڵن بڕۆين بۆ ناوچه‌يه‌كى سه‌لامه‌ت، له‌گه‌ڵ سه‌ربازه‌كه‌دا ده‌ستياندايه‌ يه‌خه‌ى يه‌كتر، فه‌ره‌ج وتى ئێوه‌ ده‌بابه‌تان جێهێشتووه‌، ئێمه‌ ماڵمان جيهێشتووه‌، وتى شار چۆڵ بووه‌، تۆپى ئێران خه‌ڵكى زۆرى كوشتووه‌، به‌ هه‌ر جۆريك بوو ده‌رباز بووين و گه‌يشتينه‌ شارى سلێمانى، با ئه‌وه‌ش بڵێم پێش ئێمه ‌خه‌ڵكى زۆر ده‌رچوو بوو، ئه‌وه‌ى عاقڵ بوو ڕۆژى 13/3 شارى به‌ره‌و سلێمانى به‌جێهێشت، ئه‌وانى ديكه‌ ڕۆژى 14/3 ده‌رچوون.

كوڕێكى زاوام له‌ به‌غداده‌وه‌ گه‌ڕابوويه‌وه‌ و كوڕێكى به‌ناوى (حسه‌ين) له‌گه‌ڵ خۆيدا هێنابوو، له‌ سه‌يدسادق داينابوو وتبووى من ئه‌ڕۆم بۆ هه‌ڵبه‌جه‌ ماڵ و مناڵه‌كه‌م ئه‌هێنم، ئيتر ئێمه‌ گه‌يشتينه‌ سلێمانى و ڕۆيشتينه‌ ماڵى فازيلى مه‌حمودى عه‌ليله‌ كه‌ ئامۆزاى باوكمه‌‌ له‌ شه‌هيدانى سه‌رچنار، ئه‌و شه‌وه‌ ماينه‌وه‌، به‌يانى زوو به‌ گريان و خه‌فه‌ت و مه‌راقه‌وه‌ هه‌ستاين و ڕۆيشتين بۆ ئه‌سحابه‌سپى(15/3) بۆئه‌وه‌ى هه‌واڵ و ده‌نگوباسى هه‌ڵه‌بجه‌ بزانين، هه‌ركه‌سمان ئه‌بينى ئه‌وه‌نده‌ى خۆمانى لێ ئه‌زانى، دواتر ڕۆيشتين بۆ قه‌برسانى سه‌ركارێز و له‌وێ ماينه‌وه‌، فڕۆكه‌مان ئه‌بينى له‌ قه‌ره‌داغه‌وه‌ به‌ره‌و هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌ڕۆيشت، له‌وكاته‌دا فڕۆكه‌يه‌ك لێيدرا فڕۆكه‌يه‌كى تر هات و فڕۆكه‌وانه‌كه‌ى هه‌ڵگرت و بردييه‌وه‌، ئه‌و ڕۆژه‌مان هه‌ر به‌ چاوه‌ڕوانى تێپه‌ڕاند، هيچ جۆره‌ په‌يوه‌ندييه‌كيش نه‌مابوو.

ڕۆژى دواتر ڕۆيشتين بۆ مه‌ركه‌زى سه‌ركارێز جه‌مالى حه‌مه‌فه‌ره‌جى كوێخا و نه‌جمه‌دينى برايى و حاجى كه‌ريمى ئه‌لى موراد و حه‌مه‌فه‌ره‌جى برام و حه‌مه‌ڕه‌شيد و ڕه‌ئوف و حه‌مه‌ى عه‌له‌كه‌رشه‌ل و كۆمه‌ڵێكى تربووين وتمان بۆ نه‌ڕۆين بۆ تۆوه‌قووت كه‌ ئه‌كه‌وێته‌ سه‌ر ده‌رياچه‌ى ده‌ربه‌نديخان و به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ڵه‌بجه‌يه، به‌ڵكو كه‌سيك له‌ هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ بێت و هه‌واڵێكى ئه‌و ناوچه‌ى لێ بپرسين، سێ سۆپه‌رمان پێ بوو به‌ڕێكه‌وتين له‌ ڕێگه‌ى زه‌ڕايه‌ن ـ ده‌ربه‌نديخانه‌وه‌ لاماندايه‌وه‌ بۆ تۆوه‌قووت، هێزێكى زۆر هاتبوو بۆ ئه‌و ناوچه‌يه‌، كه‌ سه‌ربازه‌كان پێيان ئه‌وتين بۆ كوێ ئه‌ڕۆن، ئه‌مان وت بۆ لاى حه‌مه‌ى حه‌سه‌ن ئه‌ڕۆين ئيشمان هه‌يه‌، حه‌مه‌ موسته‌شارێكى ناسراو بوو باره‌گاكه‌ى له‌و ڕێگايه‌دا بوو، ئه‌مه‌مان ته‌نها بۆ به‌ڵگه‌ دروستكردبوو، ئه‌وه‌ وايكرد ڕێگريمان لێ نه‌كه‌ن، هێزێكى زۆر به‌ تۆپ و ده‌بابه‌ و ڕاجيمه‌ و مه‌دفه‌عى و ئه‌نواع جۆرى چه‌كى تر له‌و ناوه‌دا كۆكرابوويه‌وه‌، هه‌رچى گه‌نمى ئه‌و ده‌شته‌ هه‌بوو‌ به‌ شۆفڵ و بيلدۆزه‌ر هه‌موويان ته‌خت كردبوو، ئێمه‌ چووينه‌ به‌رزاييه‌كه‌ى تۆوه‌قووت‌، هه‌تا كاتژمێر(11) له‌ژێر دره‌ختێكدا دانيشتين، به‌ته‌واوى نازان چه‌ند له‌ (11) لايدابوو، چوار فڕۆكه‌ به‌ نزمى له‌ قه‌ره‌داغه‌وه‌ هاتن به‌سه‌ر ئێمه‌دا به‌ره‌و هه‌ڵه‌بجه‌ ڕۆيشتن، هه‌موومان بانگ و سه‌ڵا و هاوارمان لێ هه‌ستا، له‌و نيوه‌ڕۆيه‌دا هه‌ڵه‌بجه‌ يه‌ك پارچه‌ بوو به‌ ئاگر، دواتر فڕۆكه‌كان گه‌ڕانه‌وه‌، ئێمه‌ش له‌ ترسدا به‌په‌له‌ ئۆتۆمبيله‌كانمان برده‌ دۆڵێكى تر، وتمان له‌وانه‌يه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌دا له‌ ئێمه‌ش بده‌ن، دواتر به‌ناچارى گه‌ڕاينه‌وه‌ بۆ سلێمانى، ئێمه‌ نه‌مان ده‌وێرا له‌وه‌ زياتر له‌وێ بمێنينه‌وه‌، به‌ هه‌موويه‌وه‌ نزيكه‌ى كاتژمێر و نيوێك له‌وێ ماينه‌وه‌.

ئه‌و شه‌وه‌ نه‌مانتوانى نه‌ نان نه‌ ئاو بخۆين زۆر ناڕه‌حه‌ت بووين، كه‌سوكارمان هه‌موويان ئه‌هاتن بۆ لامان، ئه‌وانيش وه‌ك ئێمه‌ ناڕه‌حه‌ت و نيگه‌ران بوون، سه‌رله‌به‌يانى ڕۆژى 17/3 هاتينه‌ بازاڕ نه‌مانده‌زانى هه‌ڵه‌بجه‌ كيميايى باران كراوه‌، ڕۆژى 18/3 هه‌ندێك خه‌ڵك په‌يابوون وتيان كيميايى دراوه‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌، له‌وه‌ به‌دوا بۆماوه‌ى (10 تا 15) ڕۆژ ئێمه‌ هه‌موو به‌يانييه‌ك ده‌هاتينه‌ به‌رده‌م دوكانه‌كانى ئه‌سحابه‌سپى، به‌كۆمه‌ڵ ئه‌وه‌ستاين، بۆئه‌وه‌ى ده‌نگوباسێكى هه‌ڵه‌بجه‌ بزانين، دوكانداره‌كانيش بێزارببوون لێمان، جارجار ئه‌من و ئيستيخبارات ئه‌هاتن و بڵاوه‌يان پێ ئه‌كردين، به‌ڵام زۆر و زه‌خيان به‌كارنه‌ئه‌هێنا، داوايان لێ ئه‌كردين ئه‌و ناوه‌ چۆڵ بكه‌ين، له‌ ڕۆژانى 18و19/3 دا ئيتر هه‌واڵ گه‌يشت كه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ كيمياييباران كراوه‌، هه‌واڵ هات ئه‌م ماوه‌ ئه‌و مردووه‌، ئه‌وه‌ى ماوه‌ چووه‌ بۆ ئێران، هه‌واڵى سه‌ير سه‌ير ئه‌هات كێ كوێر بووه‌ كێ له‌ ئێران بينراوه‌ و خوشكه‌كه‌ت كوێر بووه‌، عه‌له‌بارانه‌يان له‌ ئێران بينيوه‌، هه‌ركه‌سه‌ كه‌وتووه‌ته‌ شار و ناوچه‌يه‌كى ئێرانه‌وه‌، دواتر خه‌ڵكێك بۆ سۆراخ كردنى كه‌سوكاريان هه‌وڵياندا له‌ قه‌ڵادزێ وه‌ بڕۆنه‌ ئێران.

دوو ڕۆژ دواى كيمياييبارانى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ حه‌مه‌فه‌ره‌ج و حه‌مه‌ڕه‌شيدى برامم وت عه‌له‌بارانه‌ى زاوامان حسه‌ينى له‌ سه‌يدسادق جێهێشتووه‌، حسه‌ين له‌وكاته‌دا (4 تا 5) ساڵان ئه‌بوو، ئه‌ڵێن سه‌يدسادقيش چۆڵى كردووه‌ و كه‌سى لێ نه‌ماوه‌، با بڕۆين سۆراغێكى ئه‌و كوڕه‌ بكه‌ين، كه‌ ڕۆيشتين وتمان ده‌روێشێكى شيخ عوسمان ڕه‌فيقى عه‌له‌بارانه‌يه‌ ئه‌يدۆزينه‌وه‌، له‌ پشتى مزگه‌وته‌كه‌ى ناو بازاڕى عه‌ربه‌ت ئه‌و كاته‌ ئه‌و ناوه‌ ده‌شت بوو لامان كرده‌وه‌ وتم حه‌مه‌فه‌ره‌ج ئه‌وه‌ (حسه‌ين)ه‌، مه‌سينه‌يه‌كى پێ بوو، چڵم هاتبووه‌ خواره‌وه‌ به‌ده‌م و لوتيدا و خه‌ريكى ياريكردن بوو، به‌رد و خۆڵى له‌ خۆى كۆكردبوويه‌وه‌ و حه‌مامۆڵكێ(يارى)ى ئه‌كرد، كه‌ چاومان پێى كه‌وت بانگ و سه‌ڵامان لێدا، خه‌ڵك كۆبوونه‌وه‌، وتيان ئه‌وه‌ چييه‌، وتمان ئه‌م مناڵه‌ خوشكه‌زاى ئێمه‌يه، كابرايه‌ك وتى كاكه‌ ئه‌و مناڵه‌ دراوه‌ته‌ ده‌ستى من، وتمان ئه‌مه‌ كوڕى عه‌له‌بارانه‌يه‌، خوشكه‌زاى ئێمه‌يه‌، خوا ئه‌زانێ باوكى ماوه‌ ياخود نا، به‌ڵام له‌لاى كوڕه‌كه‌ ئه‌م قسه‌مان نه‌كرد، وتمان با خه‌فه‌ت نه‌خوات، له‌وكاته‌دا خه‌ڵكى سه‌يدسادق هه‌ريه‌كه‌يان ڕوويان كردبووه‌ شوێنێك، ئه‌م ماڵه‌ هاتبوونه‌ عه‌ربه‌ت، وتيان به‌ ئه‌مانه‌ت دراوه‌ته‌ ده‌ستى ئێمه‌، هه‌رچۆنيك بوو حسه‌ينمان هێنايه‌وه‌ و تۆزيك دڵمان خۆش بوو سوكناييمان بۆ هات، دواتر گه‌ڕاينه‌وه‌ بۆ سلێمانى.

نزيكه‌ى (10 بۆ 12) ڕۆژ دواتر ئێواره‌يه‌ك ئه‌من و ئيستيخبارات هاتن و له‌ ئه‌سحابه‌ سپى ته‌وقيان كردين، من واى بۆ ئه‌چووم دوكانه‌كانى ئسحابه‌سپى كه‌ ئێمه‌ ڕۆژانه‌ له‌ به‌رده‌مياندا كۆده‌بووينه‌وه‌ بێزار ببوون لێمان و ئه‌وان خه‌به‌ريان لێدابين، وتوويانه‌ با بڵاوه‌ بكه‌ن و لێره‌ نه‌مێنن، له‌و ڕه‌شبگيرييه‌دا نزيكه‌ى (200)كه‌سى خه‌ڵكى هه‌ڵه‌بجه‌ گيرا، له‌ به‌رده‌م ماسى فرۆشه‌كاندا دايان ناين، منيش گيرام، پێشتر سۆپه‌ره‌كه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌م فرۆشتبوو، وتم ئه‌مه‌ به‌يقومه‌ بابيفرۆشم و يه‌كێكى ديكه‌ بكڕم، ‌سۆپه‌رێكى تازه‌م كڕى بوو، له‌ به‌رده‌م دوكانى حاجى مه‌حمودى خه‌راجياندا له‌ نزيك مزگه‌وتى دوودرگا له‌وێ دائه‌نيشتم، سويچه‌كانم فڕێدا بۆ عه‌بدولى حاجى جاسوس، وتم ئێمه ‌گيراوين نازانم بۆ كوێمان ئه‌به‌ن، ئه‌و سه‌ياره‌م بۆ به‌ره‌وه‌، ئه‌يزانى له‌ كوێيايه‌، جوندييه‌ك هاته‌ دوامه‌وه‌ و له‌قه‌يه‌كيدا له‌ پشتم، به‌ڵام عه‌بدول عاقڵانه‌ سويچه‌كه‌ى هه‌ڵگرت و ڕۆيشت، ئێمه ‌ماينه‌وه‌ هه‌تا دواى عيشا، دواتر به‌لێدان بردينيان بۆ ئيستيخبارات و ڕيزيان كردين، دواتر عه‌سكه‌رێكى عه‌ره‌ب هات هه‌ر به‌م نه‌فسه‌ وتى: مژده‌م بده‌نێ بروسكه‌ كراوه‌ بۆ سه‌دام حسه‌ين يان نه‌فيتان ئه‌كه‌ن يان عه‌فوتان ئه‌كه‌ن.

له‌نێو خێزانى خۆماندا ئه‌وجاره‌ ته‌نها منى به‌ركه‌وت، به‌ڵام هه‌موو خه‌ڵكه‌كه‌ هه‌ڵه‌بجه‌يى بوو، زۆرى پێ نه‌چوو هاتن وتيان مژده‌مان بده‌نێ به‌رئه‌بن، ئيستيخبارات له‌ گه‌ڕه‌كى شاره‌وانى بوو لاى ساحه‌ى يارييه‌كه‌، كاتێك ئازاديان كردين هه‌ركه‌سێك كه‌ ده‌هات عه‌سكه‌رێك له‌مبه‌ر و عه‌سكه‌رێك له‌وبه‌ر تێيان هه‌ڵئه‌داين، هه‌رچى كه‌سوكارمان بوو هاتبوون به‌ ده‌ممانه‌وه‌، من ڕۆيشتمه‌وه‌ و فه‌ره‌جى براشم ڕۆيشته‌وه‌ بۆ گه‌ڕه‌كى هه‌واره‌ به‌رزه‌، سه‌ياره‌كه‌ى لاى عه‌بدول هێنايه‌وه‌‌.

ئه‌و شه‌وه‌ كه‌ به‌ربووين چوومه‌وه‌ بۆ ماڵى خۆمان، ڕۆژى دوايى ڕۆيشتم بۆ بازاڕ، ئه‌سحابه‌سپى چۆڵ و هۆڵ بوو، عه‌له‌شينم به‌رچاو كه‌وت وتم حاجى عه‌لى با كارێك بكه‌ين بۆ خه‌ڵكى هه‌ڵه‌بجه‌، من خه‌ريكه‌ ئه‌تاسێم، با چيتر خه‌ڵكى هه‌ڵه‌بجه‌ سه‌رگه‌ردان نه‌بن، نزيكه‌ى دوو مانگ دواى كيمياباران بوو من ئه‌م بيرۆكه‌م بۆ هات، وتم به‌خۆم توخوا مرۆڤ بۆچى درووست بووه، مرۆڤ دروست بووه‌ بۆئه‌وه‌ى كارى چاك بكات، ڕۆحى وه‌ته‌نى تيابێت، شه‌عبه‌كه‌ى خۆشبوێت، وتم ئه‌ڕۆم چه‌ند پياوێكى هه‌ڵه‌بجه‌يى هه‌ڵه‌بژێرم ئه‌م فيكره‌ى خۆميان بۆ باس ئه‌كه‌م، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵم بوون ماڵيان ئاوا، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵيشم نه‌بن ئه‌وه‌ منيش به‌ ته‌نها ناتوانم هيچ كارێك بكه‌م.

زۆربه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ دياريم كردبوون له‌وكاته‌دا له‌ سلێمانى بوون، هه‌ريه‌كه‌يانم له‌ گه‌ڕه‌كێك دۆزييه‌وه‌، پرس و ڕام پێكردن، مامۆستا له‌تيف له‌ عه‌لوه‌كه‌ى سلێمانى بوو، شێخ نورى براى شێخ كه‌مالى عه‌بابه‌يلێ(عه‌قيدى ته‌قاوتى عه‌سكه‌رى بوو) هه‌ر له‌ سلێمانى بوو، مامۆستا شێخ خاليد له‌ مزگه‌وتى ئيسكان بوو، ماڵى بردبووه‌ حوجره‌ى مزگه‌وته‌كه‌، موحسينى كوڕى ئيمام و خه‌تيبى ئه‌وێ بوو، به‌ڵام مامۆشتا شێخ نوره‌دينى براى له‌ زه‌ڕايه‌ن بوو. بۆ ماڵى هه‌ركه‌سيان ڕۆيشتووم خۆم به‌ ته‌نها بووم و كه‌سم له‌گه‌ڵ خۆم نه‌بردووه‌، به‌ هه‌موويانم وت سه‌ردانتان ئه‌كه‌مه‌وه‌.

فكره‌كه‌ش ئه‌وه‌ بوو وتم سه‌ردانى كاربه‌ده‌ستانى سلێمانى ئه‌كه‌ين و سكاڵاى خۆمان و داماوى خه‌ڵكى هه‌ڵه‌بجه‌يان بۆ ڕوون ئه‌كه‌ينه‌وه‌، پێيان ئه‌ڵێين ئێمه‌ خه‌ڵكى هه‌ڵه‌بجه‌ين له‌ نيوه‌ شه‌ودا ئێران داويه‌تى به‌سه‌رماندا و خه‌ڵكه‌كه‌ش به‌وشێوه‌ سه‌رگه‌ردان بووه‌، فكره‌كه‌ش دواى خوا هى خۆم بوو، خواى گه‌وره‌ خستييه‌ دڵمه‌وه‌. با ئه‌وه‌ بڵێم جگه‌ له‌ ڕه‌شبگيرييه‌كه‌ى ئه‌و جاره‌ى ئێمه‌، جارێكى تريش ژماره‌يه‌كى زۆر له‌ خه‌ڵكى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ سلێمانى گيران، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ منى تيانه‌بوو، دواى ئه‌مجاره‌ من فكره‌كه‌م بۆ هات، من وتم با ئه‌م جه‌ماعه‌ته‌ كۆببينه‌وه‌ و له‌ چه‌ند خاڵێكدا داواكارييه‌كانمان بخه‌ينه‌ به‌رده‌ستى كاربه‌ده‌ستانى سلێمانى (موحافيز، داموده‌زگا ئه‌منييه‌كان، حيزبى كارتۆنى كه‌ باره‌گاكه‌يان له‌ نزيك به‌نزينخانه‌ى عه‌قارى بوو).

سه‌رئه‌نجام دواى كۆبونه‌وه‌ى كه‌سايه‌تييه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌،‌ يادداشتێك نوسراو داواكارييه‌كان‌ له‌ چه‌ند خاڵيكدا ڕێكخرا، ‌دواتر نوسخه‌ى ئه‌و يادداشته درا به‌ هه‌ريه‌كه‌ له‌:‌ موحافيز، ئه‌منى سلێمانى، شورته‌ى سلێمانى، حيزبى كارتۆنى(ئه‌حمه‌دى سۆفى مه‌حمودى عه‌نه‌بى)، ئه‌وانيش يادداشته‌كه‌يان لێوه‌رگرتين و وتيان داواى چاوپێكه‌وتنتان له‌ سه‌روو خۆمان بۆ ئه‌كه‌ين، ئێمه‌ له‌و يادداشته‌دا داواى باشكردنى ڕه‌وشى ئاواره‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌مان كردبوو.

ئێمه له‌ يادداشته‌كه‌دا داواى بينينى سه‌دام حسه‌ينمان كردبوو، ده‌مانزانى ته‌نها ئه‌و ده‌توانێت قسه‌ له‌م بابه‌ته‌دا بكات، دواى ماوه‌يه‌ك داواكه‌مان قبوڵكرا، وه‌ڵامى ياداشته‌كه‌يان هێنا بۆ من، منيش براده‌ره‌كانم ئاگادار كرده‌وه‌ و پێموتن كاتێكى نزيكيان داناوه‌، وتم با فرياى خۆمان بكه‌وين يادداشتێكى تر بنووسين  و بڕۆين بۆ به‌غداد، دواى نوسينى يادداشته‌كه‌ به ‌سێ ئۆتۆمبيل به‌ره‌و به‌غداد به‌ڕێكه‌وتين، ژماره‌مان چوارده‌ كه‌س بوو، ئه‌وانه‌ى كه‌ له‌ بيرم ماون بريتى بوون له‌ (حاجى كه‌ريمى ئه‌لى مراد، حه‌مه‌ى عه‌له‌كه‌رشه‌ل، مامۆستا شێخ خاليد، مامۆستا شێخ نوره‌دين، مامۆستا له‌تيفى بامۆكى، مامۆستا مه‌لا‌ موساى بياره‌يى، مامۆستا شێخ محه‌مه‌دى زاواى مامۆستا شێخ جه‌ميلى موفتى، مامۆستا شێخ موحسينى شێخ خاليد، مه‌لا محه‌مه‌دى به‌ريد، حاجى عه‌لى سۆفى ساڵح، شێخ نورى براى شێخ كه‌مالى عه‌بابه‌يلێ، مه‌لا محه‌مه‌دى سه‌وڵێى عه‌نه‌بى)، له‌وكاته‌دا هه‌ريه‌كه‌ له مامۆستايان‌: شێخ خاليدى موفتى، شێخ نوره‌دينى موفتى، مه‌لا موسا، مه‌لا محه‌مه‌د، وتيان ئێمه ‌هه‌ڵه‌بجه‌يين بارمان لاره،‌ پياوى ئه‌وه‌ نين بچينه‌ ئوتێل، وتيان ئێمه‌ ئه‌ڕۆين بۆ ماڵى شێخ عوسمانى بياره‌ وه‌كو ماڵى خۆمان وايه‌، ماڵيان له‌ جاده‌ى فڕۆكه‌خانه‌ بوو، شوێنه‌كه‌ نه‌فه‌قى شورته‌ى پێ ئه‌ڵێن، ماڵى شێخ عوسمان له‌وێ بوو.

ڕۆيشتينه‌ خانه‌قاكه‌ى شێخ عوسمان، ڕێزێكى زۆريان لێگرتين و ميواندارييه‌كى باشيان كردين، نزيك سه‌عات (9:30)ى شه‌و مامۆستا شێخ نوره‌دين و مامۆستا شيخ خاليد وه‌ك مورشيدى شێخ عوسمان پياوێكيان نارده‌ سه‌ره‌وه‌ و وتيان پێى بڵێن ميوانى هاتووه‌، شيخ نه‌يئه‌توانى بێت بۆ لاى ئێمه،‌ تۆزيكى مابوو، ئێمه‌ى بانگكرد و چووينه‌ سه‌ره‌وه‌، هه‌موومان ده‌ستمان ماچكرد و دانيشتين، دواتر يادداشته‌كه‌يان خسته‌ به‌رده‌مى شێخ، دواى خوێندنه‌وه‌ى وتى من زۆر موافيقم، پێشتر شێخ بيستبووى كه‌چى به‌سه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌دا هاتووه‌، كه‌ ياداشته‌كه‌ى خوێنده‌وه‌ وتى ئه‌مه‌ فكره‌ى كێيه‌، مامۆستا شێخ خاليد ده‌مى سوعبه‌تى هه‌بوو، وتى وه‌ڵا ئه‌و مناڵه‌ بچكۆله‌ هه‌موومانى كۆكردووه‌ته‌وه‌، ئێمه‌ش پشگيرييمان كردووه‌ و هاتووين داواى بينينى سه‌دام حسه‌ين ئه‌كه‌ين، نازانم مامۆستا شێخ نوره‌ين بوو ياخود شيخ خاليد كه‌ هه‌ردووكيان ئێستا كۆچى دواييان كردووه‌ وتى به‌ شێخ بۆچى نايه‌يت له‌گه‌ڵمان، شێخ وتى من ناڕۆم بۆ لاى ئه‌و، ئه‌گه‌ر ئه‌و ئيشى به‌ من هه‌يه‌ با ئه‌و بێت بۆ لاى من، ئه‌ويش چه‌ند شتێكى له‌سه‌ر ياداشته‌كه‌ نووسى و ئيمزاى كرد. وتى منيش پشتيوانى له‌ داواكارى ئه‌م براو لێقه‌وماوانه‌ ئه‌كه‌م، دواى هه‌ندێك سوعبه‌ت و قسه‌ و چا خواردنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ شێخ هاتينه‌ خواره‌وه‌ى خانه‌قاكه‌ و خه‌وتين، دوو سێ شه‌و له‌وێ ماينه‌وه‌.

به‌يانى كه‌ هه‌ستاين مامۆستا موحسين و مه‌لا له‌تيف و مامۆستا مووسا سوارى ئۆتۆمبيله‌كه‌ى من بوون كه‌ سۆپه‌ريكى سوورى تازه‌ بوو، سێ هه‌زار كيلۆمه‌تر ڕۆيشتبوو، براده‌ران وتيان ياداشته‌كه‌ ئه‌به‌ين بۆ ڕيئاسه‌ى جمهورى و ته‌سليمى ئه‌كه‌ين، منيش به‌ كوێريى و نه‌شاره‌زايى خۆم ڕۆيشتم هه‌تا گه‌يشتمه‌ به‌رده‌م ئيستيعلاماتى ڕيئاسه‌ى جمهورى، ئه‌فسه‌رێك هاته‌ خواره‌وه‌ من شێوه‌يم نه‌ئه‌كرد، تومه‌ز له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ لێپرسراوى قاتعى سه‌ربازى شاخى باڵامبۆ بووه‌، منيش وه‌كيلى غاز بووم له‌ هه‌ڵه‌بجه‌، له‌ نزيك كتێبخانه‌ى گشتى هه‌ڵمئه‌ڕشت، جێب قياده‌يه‌ك هه‌فته‌ى جارێك يان دوو جار ئه‌هات بتڵێك دوو بتل غازى ئه‌كڕى لێمان، منيش كرێكارم هه‌بوو، ئه‌و بتڵه‌كه‌ى دائه‌گرت، ئه‌م وت به‌ كرێكاره‌كه‌ بتڵه‌كه‌ى بۆ سه‌رخه‌، ئه‌فسه‌ره‌كه‌ منى ‌ناسييه‌وه‌، ده‌ستى كرده‌ ملم و ئه‌ملاولامى ماچ كرد، منيش وه‌ك ئه‌وه‌ وابوو له‌ سه‌ربان فڕێم بده‌نه‌ خواره‌وه‌ حه‌په‌سابووم، هه‌رچى ئه‌مهێنا و ئه‌م برد نه‌م ئه‌ناسى، وتم تۆ كێيت، من عه‌ره‌بيم نه‌ده‌زانى، به‌ڵام ئه‌و كوردييه‌كى باش فێر ببوو، ئاگام لێ بوو براده‌ران وتيان نانمان كه‌وته‌ ڕۆن، وتى من ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌م كه‌ ئه‌هاتم بۆ غاز گۆڕين، به‌ڵام من له‌ناو سه‌ياره‌كه‌ دانه‌ئه‌به‌زيم، هێشتا من هه‌ر به‌ ڕه‌نگ و شێوه‌ نه‌مده‌ناسى.

ڕاپۆرته‌كه‌ى لێوه‌رگرتين و برديه‌ سه‌ره‌وه،‌ نزيكه‌ى نيو سه‌عاتى پێچوو، هاته‌ خواره‌وه‌ وتى ئه‌مڕۆ ناتوانێت بتانبينێت، ميوانى ئه‌مريكيى و بيانى هه‌يه‌، وتى ناونيشانى شوێنى دانيشتنى خۆتان و ژماره‌ ته‌له‌فونى ئه‌وێم بده‌نێ بۆئه‌وه‌ى په‌يوه‌نديتان پێوه‌ بكه‌م، ئێمه‌ ئه‌و چاكه‌مان كردبوو ژماره‌ ته‌له‌فونى ماڵى شێخ عوسمانمان له‌گه‌ڵ خۆمان بردبوو، دواتر ئێمه‌ گه‌ڕاينه‌وه‌ بۆ ماڵى شێخ عوسمان و له‌وێشه‌وه‌ سه‌ريكى بازاڕماندا و بێتاقه‌تيه‌كى خۆمانمان ده‌ركرد. ئه‌و شه‌وه‌ نوستين، به‌يانى سه‌عات نۆ ته‌له‌فونيك هات بۆ ماڵى شێخ ئاگاداريان كردينه‌وه‌ كه‌ بگه‌ڕێينه‌وه‌ بۆ سلێمانى هه‌تا ئه‌و كاته‌ى كات و شوێنى ديداره‌كه‌ ديارى ده‌كرێت، به‌ڵام ناونيشانى خۆمانيان لێوه‌رگرتين، ئێمه‌ش گه‌ڕاينه‌وه‌، با ئه‌وه‌ش بڵێم له‌ماوه‌ى ئه‌و چه‌ند ڕۆژه‌ى كه‌ له‌ به‌غداد بووين يه‌ك دوو جار چووينه‌ لاى مامۆستا عه‌بدولكه‌ريمى موده‌ڕڕيس، ئه‌ويش يه‌ك دوو دێڕى له‌سه‌ر ياداشته‌كه‌ نووسى و دوعاى خێرى بۆ كردين، وتى (ان شاالله‌) سه‌ركه‌وتوو ئه‌بن، ئێمه‌ ته‌نها ڕاوێژمان پێكرد و پێمان وت كه‌ بۆچى هاتووين بۆ به‌غداد.

دوو سێ ڕۆژ گه‌ڕانه‌وه‌كه،‌ له‌ دوكانى حاجى مه‌حمودى خه‌راجيانى دانيشتبووم(حاجى مه‌حمود له‌ ئه‌سحابه‌سپى ئه‌شياى سۆپه‌ر و به‌ڕازيلى و ئۆتۆمبيلى ترى هه‌بوو، دوكانێكى گه‌وره‌ بوو، ڕۆژانه‌ من له‌وێ دائه‌نيشتم وه‌ك دۆست و هاوڕێ، شوێنمان نه‌بوو لێى دانيشين)، نزيك سه‌عات هه‌شت و نۆى به‌يانى بوو‌ جيبێكى قياده‌ هات و سێ چوار سه‌بازى تيابوو له‌ به‌رده‌م دوكانه‌كه‌دا وه‌ستا، هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ له‌و نزيكانه‌ بوون ترسيان لێنيشت، خه‌ڵك ده‌ترسا، به‌ڵام حاجى مه‌حمود تێگه‌يشت وتى مه‌ترسن ئه‌وانه‌ كاريان هه‌يه‌، يه‌كێكيان پرسى: حاجى عه‌لى سۆفى ساڵح كێيه‌؟ وتم منم، ته‌وقه‌ى له‌گه‌ڵدا كردم و زه‌رفێكى سپى دايه‌ ده‌ستم و ڕۆيشتن، منيش خێرا ئه‌وێم به‌جێهێشت و ڕۆيشتم بۆ لاى مامۆستا شێخ موحسين، وتم مامۆستا ئه‌مه‌مان بۆ هاتووه‌، ئه‌بێ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ عه‌لى حه‌سه‌ن مه‌جيد بێت له‌ كه‌ركوك. وتم من ئێستا ئه‌ڕۆم هه‌موو براده‌ران كۆده‌كه‌مه‌وه‌، سه‌عات يه‌ك بۆ دوو هه‌موومان ئه‌ڕۆين بۆ كه‌ركوك، شه‌و له‌وێ ئه‌بين، سه‌ياره‌ په‌ككه‌وتنێكه‌، لێقه‌ومانێكه‌، مه‌كينه‌ هه‌ستانێكه‌، قه‌ده‌رێكه‌ ئه‌ڕۆين له‌وێ ئه‌خه‌وين.

له‌ڕاستيدا من مه‌منونى هه‌موويانم، به‌ كوڕى هه‌موويان ئه‌ژمێرام، بچووكى هه‌موويان بووم له‌ ته‌مه‌ندا، سه‌عات يه‌ك هه‌موويان كۆبوونه‌وه‌ و ياداشتێكى ديكه‌يان نووسى و سوارى ئۆتۆمبيل بووين، بوو به‌ مشتومڕ بۆ كوێ ئه‌ڕۆين بۆ كوێ بڕۆين؟ مامۆستا شێخ خاليد كردى به‌ سوعبه‌ت وتى كوره‌ گێله‌گيل ئێستا ئه‌تانبه‌م بۆ شوێنيك به‌دڵى خۆتان، بردينى بۆ ماڵى شێخ عه‌لى له‌ كه‌ركوك، دواى عه‌سرێكى دره‌نگ بوو، سه‌عاتيك ڕۆژى مابوو، چووينه‌ ته‌كيه‌ و لێى دانيشتين، له‌ نێوان بانگى مه‌غريب و عيشادا شێخ عه‌لى هات بۆ لامان و بردينييه‌ ژووره‌كه‌ى خۆيى و دانيشتين، دواى ئه‌وه‌ى يادداشته‌كه‌ى خوێنده‌وه،‌ وتى: زۆرم به‌ دڵه‌، داوايه‌كى جوانتا كردووه‌، ئێوه‌ عێراقين، ئه‌بێ چاره‌سه‌رێكتان بۆ بدۆزنه‌وه‌، نه‌ك هه‌موو ڕۆژێك له‌ سلێمانى ئازارتان بده‌ن (ئێمه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌يى دووجار گيراين بێحورمه‌تى زۆرمان به‌رامبه‌ر كرا)، هه‌رچۆنێك بێت ئه‌ويش هاوڕا بوو له‌گه‌ڵمان و پشتيوانى داواكارييه‌كه‌ى كردين.

عه‌لى حه‌سه‌ن مه‌جيد دوو شوێنى هه‌بوو، يه‌كێكيان له‌سه‌ر ڕێگه‌ى كه‌ركوك به‌غدا بوو، ئێمه‌ بۆ ئه‌وێ ڕۆيشتين، له‌ كه‌ركوك ده‌رده‌چى بۆ به‌غداد به‌نزينخانه‌يه‌كى لێ بوو، له‌ پشت به‌نزينخانه‌كه‌وه‌ بوو، ئێستا تا ئه‌و‌كات نازانم ئه‌و شوێنه‌ كوێ بوو، ڕۆيشتينه‌ ئه‌وێ، ئه‌وان ئاگادار كرابوون كه‌ ئه‌م نوێنه‌رانه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ دێنه‌ ئه‌وێ، بيانهێنن بۆ عه‌ره‌فه‌ بۆ شه‌ريكه‌ى نه‌وت، له‌ عه‌ره‌فه‌ش باره‌گايه‌كى سه‌ره‌كى لێ بوو، منيش له‌به‌رئه‌وه‌ى وه‌كيلى غاز بووم شاره‌زاى عه‌ره‌فه‌ بووم، هه‌موو ڕۆژێك ئه‌ڕۆيشتم له‌ بانك باره‌م دا‌ئه‌نا و ئه‌مكرد به‌چه‌ك بۆئه‌وه‌ى نه‌وت و غازم بۆ بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ شاره‌زاى ئه‌و ناوچه‌ بووم.

ئه‌فسه‌رێك به‌ جێب قياده‌يه‌كه‌وه‌ پێشمان كه‌وت و ڕۆيشتين بۆ عه‌ره‌فه‌، له‌ناو عه‌ره‌فه‌دا له‌ نزيك بانكه‌كه‌وه‌ هه‌ندێك به‌ره‌و ژوور ڕۆيشتين، له‌ پرسگه‌كه‌‌(استيعلامات) دابه‌زين بچينه‌ ژووره‌وه‌ سێ چوار ئه‌فسه‌ر هاتن، وتيان نوێنه‌ره‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ كێن؟ فه‌رموون پێشمان كه‌ون، ئێمه‌ش پێشيان كه‌وتين، تا بردينيانه‌ لاى عه‌لى حه‌سه‌ن مه‌جيد، ژوورێكى گه‌وره‌ى هه‌بوو، عه‌لى حه‌سه‌ن مه‌جيد خۆى له‌ناو درگاكه‌دا وه‌ستابوو، يه‌ك يه‌ك به‌خێرهاتنى كردين، ئێمه‌ش ته‌قريبه‌ن نيوه‌ى ژووره‌كه‌ى ئه‌ومان بڕدا و دانيشتين، به‌خێرهاتنێكى باشيان كردين،  چاو و قاوه‌يان بۆ هێناين، عه‌لى حه‌سه‌ن هه‌ر خۆى بوو له‌ ژووره‌كه‌دا، زۆرى پێ نه‌چوو ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ى كه‌ له‌ دواى سه‌دامه‌وه‌يه‌ و كورسييه‌كه‌ى بۆ ڕێك ئه‌كرد ڕۆژێك پێشتر هاتبوو بۆ كه‌ركوك و ڕاپۆرته‌كه‌ى به‌غداى ئێمه‌ى له‌گه‌ڵ خۆى هێنا بوو، هاته‌ ژووره‌وه‌ و ماوه‌يه‌ك له‌ ژووره‌وه‌ مايه‌وه‌، به‌ڵام دواتر چوويه‌ ده‌ره‌وه‌، هه‌ر عه‌لى حه‌سه‌ن مه‌جيد خۆى مايه‌وه‌.

ئێمه‌ ڕاپۆرته‌كه‌مان دايه‌ ده‌ستى، به‌پێى پلانه‌كه‌ ده‌بوو مامۆستا شێخ خاليد و شێخ موحسين و مه‌لا له‌تيف قسه‌ بكه‌ن، باس له‌ مه‌زڵومييه‌تى خه‌ڵكى هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ عه‌لى حه‌سه‌ن مه‌جيد بكه‌ن، بڵێن ئێمه‌ خوازيار نه‌بووين شتيوامان به‌سه‌ربێت، له‌ شه‌ودا دراوه‌ به‌سه‌رماندا و كه‌وتووينه‌ته‌ ناو ته‌ڕ و وشكه‌وه‌، عه‌لى حه‌سه‌ن ڕێزێكى زۆرى لێگرتين، كورسييه‌كه‌ى له‌ پشتى مێزه‌كه‌وه‌ هه‌ڵگرتوو هێنايه‌ به‌رده‌مى مێزه‌كه‌ى خۆيى و دانيشت، به‌ مه‌تريك بۆ مه‌تر و نيوێك له‌ مامۆستا شێخ خاليد نزيك بوويه‌وه‌، مامۆستا شێخ خاليد هه‌ستا قسه‌ بكات، عه‌لى حه‌سه‌ن مه‌جيد وتى دانيشه‌، ئێمه ‌ترسمان لێنيشت و گومانمان په‌يدا كرد، به‌ڕێز و ته‌قديريكه‌وه‌ وتى: نا نا تۆ ڕيشت سپييه‌ چۆن به‌پێوه‌ قسه‌ ئه‌كه‌ى، فه‌رموو دانيشه‌ به‌ دانيشتانه‌وه‌ قسه‌كانت بكه‌، ئيتر مامۆستاش دانيشته‌وه‌ و ده‌ستى به‌ قسه‌كانى كرد، ئێمه‌ش گه‌شبووينه‌وه‌، دواى ئه‌و مه‌لا له‌تيف قسه‌ى كرد و دواى ئه‌ويش مامۆستا شێخ موحسين، به‌ڵام ئه‌مان به‌پێوه‌ قسه‌كانيان كرد. هه‌ر ئه‌و سێ كه‌سه‌ش قسه‌يان كرد، ئێمه‌ باسى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌مان له‌گه‌ڵ نه‌كرد.

ئێمه‌ نه‌چووينه‌ ناو ئه‌و بابه‌ته‌ى كه‌ كێ تاوانباره‌ و كێ ئێمه‌ى كيمياباران كردووه‌، ته‌نها وتمان ئێمه‌ له‌ خه‌ودابووين ئه‌و كاره‌ساته‌مان به‌سه‌ردا هاتووه‌، له‌ڕاستيدا خواخوامان بوو گوێمان لێبگرێت، نه‌مانده‌وێرا قسه‌ى زۆر بكه‌ين و هه‌ندێك شت بڵێين، له‌ ياداشته‌كه‌دا پوخته‌ى داواكارييه‌كانمان نوسيبوو.

دواى ئه‌م قسانه‌ عه‌له‌ حه‌سه‌ن مه‌جيد به‌خێرهاتن و پێشوازييه‌كى گه‌رمى لێكردين، وتى ئێمه‌ عێراقيين، به‌رگريش له‌ عێراق ئه‌كه‌ين، قبوڵناكه‌ين هيچ وڵاتێك چه‌پۆكمان لێبدات، هه‌ركه‌س چه‌پۆكمان لێبدا ئێمه‌ ئاگرى تێبه‌رده‌ده‌ين، ئه‌وه‌ى ده‌رزييه‌كمان پيابچه‌قێنيت گاسن ئه‌چه‌قێنين به‌ چاويدا، ئه‌وه‌ى هه‌نگاوێك بێت به‌ره‌و ڕوومان ئێمه‌ سه‌د هه‌نگاو ئه‌ڕۆين به‌ره‌و ڕووى، وتى به‌و خوا كه‌ هه‌موومانى دروستكردووه‌ خاڵم به‌ڵێنى داومه‌تێ، هه‌ر داواكارييه‌كتان هه‌بێت‌ جێبه‌جێى بكه‌م، ده‌ستى برد بۆ سمێڵى و وتى به‌ شواربم هه‌موو داواكارييه‌كانتان بۆ جێبه‌جێ ئه‌كه‌م، ئێمه‌ش دڵمان خۆش بوو،  گفتوگۆكه‌ نزيكه‌ى سه‌عات و نيوێكى خاياند، له‌و دانيشتنه‌دا هيچ شتێكى خراپى به‌رامبه‌ر به‌ ئێمه ‌نه‌گو‌وت، سبه‌ينێش پارتى و يه‌كێتى بانگم بكه‌ن، هه‌موو عاله‌م زه‌مى بكات من باسى ئه‌و گفتوگۆيه‌ ئه‌كه‌م، وتى ئه‌وه‌ى به‌ردێكمان تێبگرێت ناپاڵم ئه‌ده‌ين به‌سه‌ريدا، ته‌عه‌دا له‌كه‌س قبوڵناكه‌ين، به‌ كوێرى ئێمه‌يان تێگه‌ياندووه‌ و ئێمه‌ش به‌ كوێرى وه‌ڵاممان داوه‌ته‌وه‌، ئه‌و زمانى وشكه‌ من زمانم ته‌ڕه‌، نيوه‌ى شانده‌كه‌مان مردووه‌ و نيوه‌مان ماوين، دواى گفتوگۆكه‌ يه‌ك يه‌ك هه‌ستاين و خواحافيزيمان كرد. به‌ڵينيدا هه‌موو داواكارييه‌كانمان جێبه‌جێ بكات، به‌ڵام باسى گه‌ڕانه‌وه‌ى تيانه‌بوو بۆ هه‌ڵه‌بجه‌. له‌وكاته‌دا مامۆستا مه‌لا محه‌مه‌دى سه‌وڵێ له‌ پێشى منه‌وه‌ بوو، ده‌ستيكرد به‌ پشتوێنى عه‌لى حه‌سه‌ن مه‌جيددا خه‌ريك بوو فرمێسك به‌ چاويدا بێته‌ خواره‌وه‌، وتى: تكات لێ ئه‌كه‌م داواكارييه‌كانمان بۆ جێبه‌جێ بكه‌، منيش وتم ئێمه‌ مه‌زڵومين، خه‌ڵكى هه‌ڵه‌بجه‌ مه‌زڵومه‌ و زوڵمى لێكراوه‌.

مامۆستا مه‌لا محه‌مه‌دى سه‌وڵێ عه‌نه‌بى بوو، دانيشتووى هه‌ڵه‌بجه‌ بوو، باوكى نه‌جمه‌دينى شورته‌يه‌ ئێستا مردووه‌، هه‌ردوكمان داواكارييه‌كه‌مان تازه‌ كرده‌وه‌ و خواحافيزيمان لێكرد، هاتينه‌ خواره‌وه‌ سوراى سه‌ياره‌ بووين بگه‌ڕێينه‌وه‌، هه‌ندێك له‌ بازاڕى كه‌ركوكدا ماينه‌وه‌، دواتر به‌ڕێكه‌وتين و گه‌يشتينه‌ قه‌ره‌هه‌نجير، دوو سه‌ياره‌كه‌ى تر له‌ پێشه‌وه‌ بوون، مامۆستا شێخ خاليد له‌ سه‌ياره‌كه‌ى مندا بوو، وتى بانگى مه‌غريبى داوه‌ نوێژه‌كه‌مان له‌ مزگه‌وته‌ بچووكه‌كه‌ى لاپاڵه‌كه‌ى قه‌ره‌هه‌نجير به‌ جه‌ماعه‌ت ئه‌كه‌ين، منيش سه‌ياره‌كه‌م ڕاگرت، ئه‌وان چوار مه‌لا بوون و منيش حاجييه‌ك، دابه‌زين و جه‌ماعه‌ته‌كه‌مان كرد، دواتر به‌ره‌و سلێمانى به‌ڕێكه‌وتين، له‌ سايلۆكه‌ى سلێمانى ئه‌و‌كاته‌ ئه‌سپه‌كان هه‌بوو له‌ چوار ڕيانه‌كه‌دا جاده‌كه‌ ته‌واو نه‌ببوو ئه‌هاتيته‌وه‌ مه‌عره‌زه‌كان دواتر ‌ئه‌چوويته‌وه‌ بۆ سه‌رچنار، ئێمه ‌ماڵمان له‌ سه‌رچنار بوو، ته‌قريبه‌ن بانگى عيشا ته‌واو ببوو ته‌واو نه‌ببوو، چوار پێنج چه‌كدار په‌لامارى سه‌ياره‌كه‌يانداين و گرتينيان، جاش ڕه‌بيعه‌ بوون، كورد بوون، ده‌موچاويان هه‌ڵبه‌ستبوو، ملى منيان له‌ جامه‌كه‌وه‌ گرت دامگرنه‌ خواره‌وه‌، منيش وتم بۆ وامان لێ ئه‌كه‌ن، گوناحتان ئه‌گات چيمان لێ ئه‌كه‌ن، منيان دابه‌زاند، من پاره‌ى ورده‌م ئه‌وه‌نه‌ پێ نه‌مابوو، چه‌ند دينارێك له‌ باخه‌ڵمدا بوو، دوو هه‌زار دينارم هێنا بوو، دوو سه‌د دينارم لێ ده‌رهێنابوو، له‌و دوو سه‌د ديناره‌ خه‌رجى هاتوچۆ و به‌نزين ئه‌و چه‌ند ديناره‌ له‌ باخه‌ڵمدا بوو، ئه‌ويكه‌ى له‌ سه‌ياره‌كه‌مدا بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ى پاره‌كه‌م نه‌به‌ن، بۆچى پاره‌كه‌شم ته‌سليم نه‌كرد، ساڵحى سه‌ليم براى عه‌لى سه‌ليم، له‌گه‌ڵ فه‌ره‌جى برامدا به‌يانييه‌كيان له‌ سلێمانييه‌وه‌ بۆ كه‌ركوك‌ بۆ هێنانى غاز ڕۆيشتبوون، ده‌مانچه‌يان نابوو به‌گوێى ساڵحه‌وه‌ له‌ گه‌ڵابه‌كه‌يدا، حه‌وت سه‌د ديناريان لێ سه‌ندبوو، هه‌موو جارێك سه‌رمان ئه‌خسته‌ سه‌رى ئه‌مانووت تۆ له‌ ترسا پاره‌كه‌ت داوه‌ پێيان.

دايانگرتم قۆناغه‌ تفه‌نگێكيان كێشا به‌ده‌موچاومدا، داواى پاره‌يان لێ ئه‌كردين، مامۆستا شێخ خاليد و مامۆستا شيخ نوره‌دين و مه‌لا محه‌مه‌دى سه‌وڵێيان ڕيز كردبوو، مه‌لا محه‌مه‌دى سه‌وڵێ سه‌د دينارى له‌ باخه‌ڵدا بوو، پاره‌كه‌يان له‌ باخه‌ڵى ده‌رهێنا، سوێندى خوارد وتى ته‌نها ئه‌و سه‌د ديناره‌ شك ئه‌به‌م، هه‌رسێ مامۆستاكه‌ش مێزه‌رى سپييان به‌سه‌ره‌وه‌ بوو، منيان پێچابوويه‌وه‌ ئه‌وه‌نه‌ هێناميان و بردميان چۆخه‌كه‌م بوو به‌ سێ پارچه‌وه‌، له‌وكاته‌دا سه‌ياره‌يه‌كى قه‌مه‌ره‌ هات، په‌لامارى ئه‌وياندا و وازيان له‌ ئێمه‌ هێنا، ئيمه‌ش سواربووين و ڕۆيشتين، كاتێك گه‌يشتمه‌وه‌ به‌رده‌م ماڵى خۆمان مناڵه‌كان منيان بينى پشتوێنم له‌ پشتدا نه‌ماوه‌ و چۆخه‌كه‌م دڕاوه‌ و ده‌موچاوم شين بووه‌ته‌وه‌ ماڵ و مناڵه‌كه‌م و ژن خوشكێكم كه‌ ماڵيان له‌ ماڵماندا بوو هه‌موويان ده‌ستيان كرد به‌ هاوار و گريان، ده‌ستيان ئه‌كرد به‌قژى خۆڕنين، وتم من سه‌لامه‌تم مه‌گرين، هيچ نه‌بووه‌ و به‌س له‌ من دراوه‌، ئه‌ويش بۆ پاره‌، پاره‌كه‌يان بۆ نه‌دۆزرايه‌وه‌ و سه‌ياره‌كه‌شيان بۆ ون نه‌ده‌بوو.

هه‌رچى خوڵكى مامۆستاكانم كرد كه‌ بێنه‌ ژووره‌وه‌ و نان بخۆن، مامۆستا شێخ خاليد كردى به‌ سوعبه‌ت وتى به‌ ماڵه‌وه‌ ئه‌ها مێرده‌كه‌تمان له‌ دزى هێنايه‌وه‌، چۆنيان تێهه‌ڵداوه‌، نه‌هاتنه‌ ماڵه‌وه‌، ماڵى حسه‌ينى ڕۆسته‌م كه‌ خه‌ڵكى گرێزه‌ و كانى پانكه‌ بوو بايه‌عى هه‌بوو به‌رامبه‌ر ماڵمان بوو، ئه‌ده‌واتى سه‌ياره‌شى هه‌بوو، وتم كاك حسه‌ين گيان به‌و سه‌ياره‌ى خۆم هه‌موويان بينگه‌يه‌نه‌ره‌وه‌ ماڵى خۆيان.

دواتر دراوسێكانمان زانيان، ماڵمان قه‌ره‌باڵغ بوو، به‌يانى هه‌ستام خۆم شۆرد و ده‌سێك جلى تازه‌م له‌به‌ركرد، چاوم شين ببوويه‌وه‌، له‌به‌ر ئازارى قۆڵ و باڵيشم به‌ زه‌حمه‌ت سوكانم بۆ ئه‌گيراو گێڕم بۆ ئه‌گۆڕا. خێزانم وتى تۆ تێكچووى بۆ كوێ ئه‌ڕۆى، دوو ڕۆژ له ‌ماڵه‌وه‌به‌، وتم فاتمه‌ خۆ له‌سه‌ر دزيى و حيزى وام لێنه‌هاتووه‌، شه‌ڕى نابه‌جێم نه‌كردووه‌، ئيتر بۆ نه‌ڕۆم بۆ بازاڕ، كات نزيك سه‌عات هه‌شت و نيوو نۆى به‌يانى بوو.

دواى ئه‌و چاوپێكه‌وتنه‌ بڕيار له‌سه‌ر بڕيار بۆ خه‌ڵكى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌رده‌چوو، خوێندكاران ده‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ خوێندنه‌كه‌يان، فه‌رمانبه‌ران ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سه‌ر كاره‌كانيان، ڕۆژى دواتر بڕيار ده‌رچوو بۆ خه‌ڵكى هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ سه‌ردانى عه‌ربه‌ت بكه‌ن بۆئه‌وه‌ى هه‌ويه‌ى نازيحينيان بۆ بكه‌ن، هه‌فته‌ى دواتر وتيان خه‌ڵكى هه‌ڵه‌بجه‌ بڕۆن چه‌كى پاره‌ وه‌ربگرن، ئه‌وه‌ى فه‌قيره‌ (100)دينار و ئه‌وه‌ى ده‌وڵه‌مه‌نده‌ (150)دينار وه‌ربگرێت، ڕۆژانه‌ به‌ مكه‌به‌ره‌ جاڕيان ئه‌دا بۆ خه‌ڵكى هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ بڕۆن  بۆ شه‌قامى سه‌هۆڵه‌كه‌ به‌مه‌به‌ستى ئازووقه‌ وه‌رگرتن، له‌وێ ئازووقه‌يان ئه‌دا به‌ خه‌ڵك، لێره‌‌ به‌دواوه‌ ده‌ركردنى خه‌ڵكى هه‌ڵه‌بجه‌ش‌ له‌ سلێمانى كۆتايى هات، پێشتر براو خوشك نه‌يانده‌توانى خانوو بده‌ن به‌ كرێ به‌يه‌كتر.

هه‌فته‌يه‌ك دواتر وتيان عيززه‌ت دوورى هاتووه‌ ده‌شتى مالوانى مه‌سح كردووه‌ و زه‌وى ئه‌ده‌ن به‌ خه‌ڵكى هه‌ڵه‌بجه‌، ئێمه‌ به‌هار لێمان قه‌وما، له ‌كۆتايى هاويندا زه‌وى مه‌سح كرا و مالوان به‌ناوى سه‌دامه‌وه‌(صداميه‌ حلبجه‌) دروستكرا، هه‌موو كه‌سێكى هه‌ڵه‌بجه‌يى زه‌وى وه‌رگرت، دواتر سولفه‌يان پێدان، ڕاسته‌ زه‌ويى و خانوويان به‌و كه‌سانه‌ ‌ده‌دا كه‌ به‌ر له‌ كيمياباران ئاواره‌ى سلێمانى و نه‌سر و باريكه‌ و عه‌ربه‌ت ببوون، به‌ڵام ژماره‌يه‌كيش له‌ خه‌ڵكانى گه‌ڕاوه‌ زه‌وى و خانوويان وه‌رگرت. سه‌ره‌تا ويستيان له‌لاى كانى پانكه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ دروست بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام سه‌رى نه‌گرت، نازانم هۆكاره‌كه‌ى چى بوو.

هه‌رچۆنێك بێت زه‌ويى و سولفه‌يان و شيش و چيمه‌نتۆشيان پێداين، خه‌ڵكيش ده‌ستيكرد به‌ خانوو دروستكردن، هه‌ركه‌سه‌ و دوو ژوور و هه‌يوان يان سێ ژوور و هه‌يوانێكى دروستكرد، ماڵه‌كانيان برده‌ ناوى، ڕێگه‌شيانداين كه‌ هه‌رچيمان مابوو له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و تيانه‌چووبوو بيهێنين، له‌ تۆوقوته‌وه‌ ئه‌ڕۆيشتين بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ هێنانى شته‌كانمان، ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌ى خانووه‌كانى خۆمان ده‌رئه‌هێنا و ئه‌مانهێنا بۆ ئه‌و خانووه‌ى كه‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ى تازه‌ دروستمان ده‌كرد، تا ئه‌وكاته‌ش هه‌ڵه‌بجه‌ نه‌ته‌قێنرابوويه‌وه‌، دواتر ته‌قانديانه‌وه‌.

دواى دروستكردنى خاوه‌ه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ى تازه‌ خه‌ڵك چوونه‌ نێو خانووه‌كانيان، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ى من له‌ سلێمانى خانووم كڕى بوو، ئه‌وه‌ى خۆم ته‌نها هه‌يكه‌له‌كه‌يم دروستكرد كه‌چكاريى و شتم نه‌كردبوو، هه‌ر له‌ سلێمانى مامه‌وه‌، ئيمانم پێى نه‌بوو، جوانترين خانووشم كردبوو، به‌ڵام ته‌واوم نه‌كرد و نه‌ڕۆيشتمه‌ ناوى.

بائه‌وه‌ش بڵێم، زۆربه‌ى گه‌ڕاوه‌كانيان برد بۆ ئۆردووگاكانى به‌رحوشتر و گرده‌چاڵ له‌ نزيك هه‌ولێر، ده‌بێ ئه‌وه‌ بۆ مێژوو بنوسرێت كه‌ خه‌ڵكى هه‌ولێر زۆر هاوكارى ئاواره‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌يان كرد، دواتر عه‌فوات بۆ ئه‌وانه‌ى هه‌ولێر ده‌رچوو، ڕێگه‌ياندان كه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سنوورى سلێمانى.