به‌دیعوززه‌مان سه‌عیدی كورديی و ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی له‌ دوو به‌ڵگه‌ی عوسمانیدا

04/06/2018 15:53:04

به‌دیعوززه‌مان سه‌عیدی كورديی و ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی

له‌ دوو به‌ڵگه‌ی عوسمانیدا

د.هێمن عومه‌ر خۆشناو

كاروانی ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی، دوای ده‌رچوونی ڕۆژنامه‌ی كوردستان، هه‌وراز و نشێوی زۆری له‌سه‌ر ڕێ بووه‌، به‌تایبه‌تی له‌ ده‌ ساڵی یه‌كه‌می مێژووه‌كه‌یدا، به‌و حاڵه‌شه‌وه‌ له‌ به‌شێك له‌و ڕۆژنامانه‌ هه‌موو كوردی له‌خۆی كۆكردبۆوه‌ به‌جۆرێك خۆی له‌ چوارچێوه‌ی یه‌ك شێوه‌زاریش ده‌رباز كردبوو و له‌ هه‌موو لایه‌كی كوردستانه‌وه‌ ئومێدیان پێ هه‌‌بوو و كاروانه‌كه‌ش ئه‌گه‌ر پچڕانی له ‌به‌رده‌م نه‌بووبایه‌ به‌ بێگومانی  ڕه‌نگ و ده‌نگی هه‌موو كوردێك بوو.

كۆتاییه‌كانی ده‌یه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م، كوردستان له‌ چاوه‌ڕوانی گۆڕانكاریی گه‌وره‌دابوو، هاوشێوه‌ی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی ئێستا له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌ن، كوردیش ده‌یه‌ویست خاوه‌نی ده‌نگ و ڕه‌نگی خۆی بێت، بۆیه‌ له‌ناو ئه‌و كاروانی ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌دا ده‌نگێكی دیكه‌ له‌ناو كورددا په‌یدا ده‌بێت، كه‌ ڕۆژنامه‌گه‌ری به‌ ئامرازی هۆشیاركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌زانێت، له‌پاڵ ئه‌و ئامرازانه‌ی دیكه‌ كه‌ خاوه‌نی ئه‌و ده‌نگه‌ ده‌ستی دابوێ و له‌ناو كورداندا ببووه‌ ده‌نگێكی تایبه‌ت و هه‌وڵه‌كانی بۆ مه‌سه‌له‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ری ده‌چنه‌ قاڵبی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی كه‌ تائێستا وه‌ك سه‌ربازی ون ده‌خه‌مڵێندرێن و به‌ دووریش نازانرێت هه‌وڵی دیكه‌ی هاوشێوه‌ هه‌بووبن و تائێستا كه‌س پێ نه‌حه‌سیا بێت و له‌ كونجه‌ تاریكه‌كانی مێژوودا به‌بێ ده‌نگی كه‌وتبن.

له‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ سه‌روكارم له‌گه‌ڵ ئه‌رشیفی عوسمانیدا هه‌بوو، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر كه‌سایه‌تیيه‌كانی كورد به‌ دوای به‌ڵگه‌ ده‌گه‌ڕام، له‌و نێوانه‌شدا چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كم له‌سه‌ر به‌دیعوززه‌مان سه‌عیدی كوردی (1877-1960) دۆزینه‌وه‌ و هه‌ر كه‌ له‌سه‌ریان سه‌نگرامه‌وه‌ دوو به‌ڵگه‌یان تایبه‌ت بوون به‌ داواكاریی ناوبراو بۆ ڕه‌زامه‌ندیی وه‌رگرتنی چاپكردنی ڕۆژنامه‌یه‌ك به‌ زمانی كوردی و توركی، له‌ شوێنێكی هه‌ستیار و له‌كاتێكدا كه‌ له‌و مێژووه‌دا هیچ ڕۆژنامه‌یه‌كی كوردی له‌ ئیسته‌نبوڵ چاپ نه‌بووه‌. ناوبراو جیاواز له‌ زانایانی كوردی سه‌رده‌می خۆی و له‌كاتی جیاجیادا بۆ ڕه‌وشی گه‌له‌كه‌ی خۆی خاوه‌نی هزر و ڕامانی تایبه‌ت بووه‌، جا بۆئه‌وه‌ی گه‌له‌كه‌ی هۆشیاربن و پێشبكه‌ون زۆر به‌ مه‌سه‌له‌ی یه‌كبوون له‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌ و هه‌روه‌ها به‌ مه‌سه‌له‌ی زانین و زانست له‌ ڕووی پێشكه‌وتنه‌وه‌ مژوول بووه‌، ئه‌مه‌ش له‌ ته‌واوی به‌رهه‌مه‌كانی كه‌ به‌ (په‌یامه‌كانی نوور) ناسراوه‌ به‌ ڕوونی ده‌رده‌كه‌وێت.

وه‌نه‌بێ به‌دیعوززه‌مان كه‌ بیرۆكه‌ی چاپكردنی ڕۆژنامه‌یه‌كی بۆ هاتبێت، پێشتر سه‌روكاری له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌دا نه‌بووبێ، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی لێ ده‌فامرێته‌وه‌ كه‌ دوای وه‌ستانی ڕۆژنامه‌ی كوردی یان زمانحاڵی كوردان، ئینجا ناوبراو به‌ده‌ستی خۆی هه‌وڵی نه‌پچڕانی ئه‌و كاروانه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ريی و زمانحاڵی كوردان ده‌دات، ده‌نا پێشتر له‌ ساڵی 1908 له‌ ڕۆژنامه‌ی (شه‌رق و كوردستان)(1) نووسینی خۆی بڵاوده‌كرده‌وه‌ و ته‌نانه‌ت هه‌ر له‌و ڕۆژنامه‌یه‌دا نامه‌ بۆ سولتان عه‌بدولحه‌مید ده‌نووسێ و داوای سه‌ربه‌خۆیی كوردان و دانی مافی كوردان ده‌كات.  دوای ئه‌وه‌ش له‌ كۆمه‌ڵه‌ی ته‌عاون ته‌ره‌قی كوردی و له‌ ڕۆژنامه‌كه‌یان به‌ناوی (كورد ته‌عاون ته‌ره‌قی غه‌زه‌ته‌سی )(2) كه‌ پیره‌مێرد خاوه‌ن ئیمتیاز و سه‌رنووسه‌ری بوو، نووسینی خۆی تێدابڵاوده‌كرده‌وه‌ و تێیدا په‌یامی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و باسكردن له‌ یه‌كێتیی كوردان مژاری سه‌ره‌كیی ئه‌و بوون، ته‌نانه‌ت له‌ ژماره‌ یه‌كی ڕۆژنامه‌كه‌ له‌ په‌یامه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌یدا به‌ زمانی كوردی بانگی كوردان ده‌كات. ئه‌م ڕۆژنامه‌یه‌ به‌ زمانی كوردی به‌ هه‌ردوو شێوه‌ئاخاوتنی باكوور و باشوور و به‌ زمانی توركی چاپ ده‌بوو. دوای وه‌ستانی، به‌دیعوززه‌مان له‌ 1ی شوباتی ساڵی 1909 داوای مۆڵه‌تی چاپكردنی ڕۆژنامه‌یه‌ك ده‌كات به‌ ناوی (مه‌عریفه‌ت و ئیتتیحادی ئه‌كراد) كه‌ درێژه‌پێده‌ری په‌یامه‌كانی دیكه‌یه‌تی كه‌ خۆی له‌لایه‌نی نه‌ته‌وه‌یی و زانستی ده‌بینێته‌وه‌، چونكه‌ ناوبراو له‌ لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌می ڕۆژنامه‌ی شه‌رق و كوردستاندا بانگی گه‌لی كورد ده‌كات: ئه‌ی گه‌لی كورد....سێ دوژمنتان هه‌ن، یه‌كه‌میان نه‌فامی، دووه‌میان هه‌ژاری، سێیه‌میان ناكۆكی و ئیختیلاف...) ته‌نانه‌ت له‌ نووسینی دیكه‌دا له‌باره‌ی نه‌ته‌وایه‌تی ورد ده‌بێته‌وه‌ و بانگی گه‌له‌كه‌ی ده‌كات: ئه‌ی ئه‌و كوردانه‌ی كه‌ له‌ سه‌رده‌می ئاشوورییه‌كاندا له‌گه‌ڵ له‌شكره‌ قاره‌مانه‌كه‌تاندا له‌ پێشه‌وه‌ بوون، پێنجسه‌د ساڵه‌ ده‌خه‌ون، ئیدی به‌سه‌ هشیاربن.

به‌دیعوززه‌مان ئه‌وه‌نده‌ خه‌مخۆری دۆزی كورد بووه‌‌، ويستويه‌تى له‌ بناغه‌وه‌ ئه‌و هۆشیارییه‌ بچه‌سپێنێ، بۆیه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌كانیدا ئه‌م خه‌مخۆرییه‌ بۆ یه‌كێتیی ناو كوردان وه‌ك بنه‌مایه‌ك نیشان ده‌دات كه‌ ده‌ڵێت: ته‌نیا ڕێگایه‌ك هه‌یه‌ كه‌ هێزی خۆتان تێدا ببیننه‌وه‌ و نامووسی خۆتانی پێ بپارێزن، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێ ئێوه‌ خاوه‌نی هۆشمه‌ندییه‌كی نه‌ته‌وه‌یی بن و كه‌ به‌وهۆیه‌وه‌ قازانجی نه‌ته‌وه‌یی و مادديی و مه‌عنه‌وی ده‌كه‌ن(3). هه‌ر ئه‌و خه‌مخۆرییه‌شه‌ وا له‌ ناوبراو ده‌كات به‌گوێره‌ی ئه‌و دوو به‌ڵگه‌ی له‌به‌رده‌ستمانن كه‌ سه‌ر له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاپه‌مه‌نی بدات و داوای مۆڵه‌تی چاپكردنی ڕۆژنامه‌یه‌ك بكات.

ئه‌وه‌ی له‌و دوو به‌لگه‌نامه‌یه‌ ده‌فامرێته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌:

-داواكارییه‌كه‌ له‌ 10ی موحه‌ڕه‌می ساڵی 1327ی كۆچی بووه‌، ده‌كاته‌ 1/2/1909 ی زایینی و له‌و مێژووه‌ هیچ ڕۆژنامه‌یه‌كی كوردی له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌دا نه‌بووه‌.

-خاوه‌نی ڕۆژنامه‌كه‌ كه‌ به‌ به‌دیعوززه‌مان سه‌عیدی كوردی ناوی هاتووه‌، به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی داوه‌ ڕۆژنامه‌ سه‌ره‌تا حه‌فته‌ی یه‌ك جار ده‌ربچێت و پاشان ببێته‌ ڕۆژانه‌.

-بابه‌ته‌كانی سیاسه‌تی شه‌رعيی و زانستی و هه‌مه‌ڕه‌نگ و جۆربه‌جۆربێ.

-مه‌رجه‌كانی چاپكردنی ڕۆژنامه‌كه‌ ته‌واوبوونه‌ و هیچ گرفتێكی نه‌بووه‌ و به‌ڕێوه‌به‌ری چاپه‌مه‌نیش بۆ وه‌زاره‌تی زه‌بتییه‌ی به‌رزكردۆته‌وه‌ و ئه‌وانیش ڕه‌زامه‌ندیان له‌سه‌ر نواندووه‌، به‌ڵام پێده‌چێ ئه‌م هه‌وڵه‌ بووبێته‌ قوربانی كوده‌تا و ڕووداوه‌كانی 31ی ئاداری ساڵی 1909 كه‌ كاری كرده‌ سه‌ر ڕه‌وشی سیاسی ئه‌وسای ئه‌سته‌نبوڵ و ده‌سته‌ڵاتی عوسمانی.

-ئه‌گه‌ر ڕۆژنامه‌كه‌ چاپ بووبایه‌، له‌ ڕووی ڕیزبه‌ندی ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی، ده‌بووه‌ شه‌شه‌مین ڕۆژنامه‌ی كوردان له‌ دوای ڕۆژنامه‌ی كوردستان (1898) و ڕۆژنامه‌ی ئومێد (1900) و ڕۆژنامه‌ی كوردستان (1908) و ڕۆژنامه‌ی شه‌رق و كوردستان (1908) و ڕۆژنامه‌ی كورد ته‌عاون ته‌ره‌قی غه‌زه‌ته‌سی (1908) و ده‌كه‌وته‌ پێش ڕۆژنامه‌ی په‌یمان له‌ حوزه‌یرانی 1909.

ده‌قی به‌ڵگه‌نامه‌كان:

یه‌كه‌م: (4)

DH.MKT

به‌ڵگه‌نامه‌كانی داخلییه‌/ مه‌كتووبی سه‌داره‌ت

2730/76

14ی موحه‌ڕه‌می 1327

بابی عالی

وه‌زاره‌تی كاروباری ناوخۆ

فه‌رمانگه‌ی چاپه‌مه‌نی

ژماره‌: 1498

ئه‌و داواكارییه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن جه‌نابی به‌دیعوززه‌مان سه‌عیدی كوردی ئه‌فه‌ندییه‌وه‌ بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خزمه‌ت نێردراوه‌، كه‌ داوای مۆڵه‌تی چاپكردنی ڕۆژنامه‌یه‌كه‌ به‌ زمانه‌كانی توركی‌‌ و كوردی به‌ناوی (مه‌عریفه‌ت و ئیتتیحادی ئه‌كراد)‌، كه‌ ئێستا حه‌فته‌ی جارێك و دواتریش به‌ ڕۆژانه‌ ده‌ربچێت و تێیدا سیاسه‌تی شه‌رعی، زانست و بابه‌تی جۆراوجۆری تێدا باس بكرێت. جا ده‌رحه‌قی خاوه‌نی داواكارییه‌كه‌ و بۆئه‌وه‌ی بگاته‌ ئه‌نجامێك و به‌ جێبه‌جێكردنی ڕێنماییه‌ پێویستییه‌كان، به‌ گوێره‌ی به‌ندی یه‌كه‌م و خاڵی چوار و پێنجی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاپه‌مه‌نی، ئه‌و كاروباره‌ش بۆ وه‌زاره‌تی پایه‌بڵندی زه‌بتییه‌ و ئه‌مر و فه‌رمانیش هه‌ر بۆ خاوه‌ن فه‌رمان (سوڵتان)ـه‌.

له‌ 10ی موحه‌ڕڕه‌می سالی 1327ی كۆچی و 20ی كانوونی دووه‌می سالی 1324ی ڕۆمی.

به‌ڕێوه‌به‌ری چاپه‌مه‌نیی ناوخۆ

محه‌مه‌د تۆفیق

دووه‌م: (5)

قه‌ڵه‌می نووسراوی ناوخۆ

بۆ وه‌زاره‌تی پایه‌بڵندی زه‌بتییه‌

مێژووی ڕه‌شنووس21ی كانونی دووه‌می ساڵی 1324ی ڕۆمی

14ی موحه‌ڕه‌می 1327ی كۆچی

مێژووی نووسراو: 24ی كانوونی دووه‌می 1324

ئه‌و داواكارییه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن جه‌نابی به‌دیعوززه‌مان سه‌عیدی كوردی ئه‌فه‌ندییه‌وه‌ بۆ مۆڵه‌تی چاپكردنی ڕۆژنامه‌یه‌ك به‌ زمانه‌كانی توركی‌‌ و كوردی به‌ ناوی (مه‌عریفه‌ت و ئیتتیحادی ئه‌كراد) هاتووه‌، كه‌ ئێستا حه‌فته‌ی جارێك و پاشانیش به‌ شێوه‌ی ڕۆژانه‌ ده‌ربچێت و تێیدا سیاسه‌تی شه‌رعییه‌ و زانسته‌كان و مژاری جۆراوجۆر باس بكرێت. جا بۆئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ جێبه‌جێ بكرێت و به‌ جێبه‌جێكردنی ڕێنمایی پێویست به‌ گوێره‌ی به‌ندی یه‌كه‌م و خاڵی چوار و پێنجی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاپه‌مه‌نی، تكایه‌ هاوكاریی داواكار بكه‌ن.

 

سه‌رچاوه‌ و په‌راوێزه‌كان

 1ـ شه‌رق و كوردستان ڕۆژنامه‌یه‌ك بووه‌، به‌گوێره‌ی زانیاری ئێمه ته‌نیا یه‌ك ژماره‌ی له‌به‌رده‌ستايه‌ و نازانرێت ‌چه‌ند ژماره‌ی لێ ده‌رچووه‌، ژماره‌ 1 له‌ 25ی شه‌ووالی 1326ی كۆچی كه‌ ده‌كاته‌ 20ی 11ی 1908 ده‌رچووه‌، له‌ دامه‌زرێنه‌رانی: ئه‌حمه‌د‌ شه‌ریف هه‌رسه‌كلی، به‌دری مه‌لاتییه‌یی، ئیسماعیل هه‌رسه‌كلی بووه‌ و به‌ توركی عوسمانی چاپ بووه‌.

2ـ  وه‌ك له‌ ڕووپه‌ری یه‌كه‌می هاتووه‌ كه‌ هه‌فته‌نامه‌یه‌كی ئایینی، زانستی، سیاسی، ئه‌ده‌بی كۆمه‌ڵایه‌تی بووه‌، خاوه‌نی ئیمتیاز و سه‌رنووسه‌ر: سلێمانیه‌لی تۆفیق (پیره‌مێرد) بووه‌ و به‌ هه‌ردوو زمانی كوردی و توركی له‌ ئیسته‌نبوڵ چاپ بووه‌ و یه‌كه‌م ژماره‌ی له‌ 5/12/1908 ده‌رچووه‌ و كۆتا ژماره‌شی كه‌ ژماره‌ 9 یه‌ له‌ 3/1/1909 چاپ بووه‌.

  “3 Marifet Ve İttihad-i Ekrad” Gazetesi, Muhammed Zübeyir Şivan, http://www.nasname.com

 

 4 DH_MKT__02730_00076_001_001

5  DH_MKT__02730_00076_002_001