د. مسته‌فا زه‌ڵمی: دەستووری خوایی و دەستوورە دانراوەکان لە ئامانجەکەیاندا بەیەک دەگەنەوە، بەڵام لە چەندین بابەتی بنەڕەتیدا لێک جیاوازن

03/25/2018 12:02:34

خاڵ: سەرەتای پرسیارەکانمان لەوەوە دەست پێدەکەین دەستوور چيیە؟ یان بە واتایەکی تر دەپرسین قورئان چيیە و دەستوور چیيە؟

د. مستەفا زەڵمی: قورئان ئەو دەستوورە خوداییەیە کە هەمواری هەموو دەستوورە خوداییەکانی پێشتری کردوە کە بەر لە هاتنە خوارەوەی قورئان بۆ پیغەمبەران-سەلامی خوایان لێبێت- رەوانە کراون، بەمەش هەموو ئەو بنەمایانەی کە دەکرێت بەتێپەڕبوونی کات و شوێن و کەس گۆڕانیان بەسەردابێت گۆڕدراون، قورئان ئەمەی بە (شرعە) ناو بردووە (لِكُلّ جَعَلْنَا مِنكُمْ شِرْعَةً وَمِنْهَاجاً)، لە هەمان کاتدا ئەو بنەما بنەڕەتیانەی وەک خۆی هێشتۆتەوە کە ناکرێت لەگەڵ گۆڕانی زەمان و مەکان و گەشەسەندنی شارستانیەت و پێگەیشتنی عەقڵی مرۆڤدا بگۆڕدرێن، قورئان ئاماژەی بۆ ئەمە کردووە: (إِنَّ هَذَا لَفِي الصُّحُفِ الْأُولَى صُحُفِ إِبْرَاهِيمَ وَمُوسَى)، ئەمەشی بە دین ناوبردووە کە لە نیوان هەموو پەیامە ئاسمانیەکاندا هاوبەشە، لەمبارەیەشەوە خوای گەورە دەفەرمووێت: (شَرَعَ لَكُم مِّنَ الدِّينِ مَا وَصَّى بِهِ نُوحاً وَالَّذِي أَوْحَيْنَا إِلَيْكَ وَمَا وَصَّيْنَا بِهِ إِبْرَاهِيمَ وَمُوسَى وَعِيسَى أَنْ أَقِيمُوا الدِّينَ وَلَا تَتَفَرَّقُوا فِيهِ).

ئەم دەستوورە خواییە کە قورئانی مەزنە بنەما گشتيیەکان و رێسا بنەڕەتیيەکانی لەخۆ گرتوو، بواری بەعەقڵی مرۆڤ داوە لەبەر رۆشنایی ئەمانەدا لە رێگەی ئیجتیهادەوە بابەتەکانی دیکە پەیوەست بکاتەوە بەو بنەما گشتیانەوە و حوکمەکانی دەربهێنێت. دەبێت ئەوەمان لەیاد نەچێت کە دەلالەتەکانی ئەم دەستوورە کە قورئانە بۆ سەر واتا و حوکمەکانی دوو جۆرە:

یەکەمیان: قەتعیە، ئەمەش ئیجتیهاد و هەموار و گۆرانکاری هەڵناگرێت، واتە دەقی ئایەتی لەسەرە بە دەلالەتێکی قەتعی، وەک: (وَلَكُمْ نِصْفُ مَا تَرَكَ أَزْوَاجُكُمْ إِن لَّمْ يَكُن لَّهُنَّ وَلَدٌ فَإِن كَانَ لَهُنَّ وَلَدٌ فَلَكُمُ الرُّبُعُ مِمَّا تَرَكْنَ مِن بَعْدِ وَصِيَّةٍ يُوصِينَ بِهَا أَوْ دَيْنٍ وَلَهُنَّ الرُّبُعُ مِمَّا تَرَكْتُمْ إِن لَّمْ يَكُن لَّكُمْ وَلَدٌ فَإِن كَانَ لَكُمْ وَلَدٌ فَلَهُنَّ الثُّمُنُ مِمَّا تَرَكْتُم مِّن بَعْدِ وَصِيَّةٍ تُوصُونَ بِهَا أَوْ دَيْنٍ).

دووەم: هەیانە دەلالەتەکەی زەنیە، ئەمەیان ئیجتیهاد هەڵدەگرێت چونکە زیاد لە واتایەک هەڵدەگرێت، وەک: (وَأَعِدُّواْ لَهُم مَّا اسْتَطَعْتُم مِّن قُوَّةٍ وَمِن رِّبَاطِ الْخَيْلِ تُرْهِبُونَ بِهِ عَدْوَّ اللّهِ وَعَدُوَّكُمْ)، لەم ئایەتەدا هێز واتایەکی فراوانی هەیە، هەموو کەرەستەکانی بەرگری شەرعی دەگرێتەوە لە هەموو سەردەم و شوێنەکاندا، مەبەستیش لە وشەی (ترهبون)ە ئیرهاب نيیە بە واتا هاوچەرخەکەی، بەڵکو ترساندنی دوژمنە، چونکە دوژمن کە زانی هێزەکەت هاوتای هێزیەتی یان لە هێزی ئەو زیاترە لێت دەترسێت و ناوێرێت دەستدرێژیت بکاتە سەر.

خاڵ: پێش ئەوەی باسی دەستوورمان بۆ بکەیت، پێمان خۆشە بپرسین رۆڵی پێغەمبەر – درودی خوای لێ بێت- لە دەستووردا چيیە؟

د.مستەفا زەڵمی: لەوەی باسم کرد دەگەینە ئەو ئەنجامەی دەستووری خوایی تەنها قورئانی پیرۆزە، رۆڵی پێغەمبەر –درودی خوای لێ بێت- لە خودی قورئاندا بەئایەت باس کراوە، ئەویش:

١- (التبین) واتە: روونکردنەوە، (وَأَنزَلْنَا إِلَيْكَ الذِّكْرَ لِتُبَيِّنَ لِلنَّاسِ مَا نُزِّلَ إِلَيْهِمْ)، خوێنەری بەرێز بۆ زانینی درێژەی ئەمە دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ خوێندنەوەی کتێبەکانم.

٢- ( التبلیغ) واتە: گەیاندنی، خوای گەورە دەفەرموێت: (وَمَا عَلَى الرَّسُولِ إِلَّا الْبَلَاغُ الْمُبِينُ)، بۆیە دەتوانین بڵیین کە قورئان تاکە سەرچاوەی دانانی حوکمی خوای گەورەیە و سوننەتەکانی پێغەمبەریش سەرچاوەی خستنەروو و روونکەرەوەی ئەو حوکمانەی خوایە، ئەو سەرچاوانەی دیکە وەک: ئیجماع، قیاس و سەرچاوەکانی تر هەموویان سەرچاوەی دۆزینەوەی حوکمەکانی خوای گەورەیە، واتە کەشفی حوکمەکە دەکات.

بەمە دەگەینە ئەو راستیە، دەستەڵاتی دانانی دەستور بۆ خوای گەورەیە، دەستەڵاتی یاسا دانانیش بۆ مرۆڤەکانە کە ئەوانیش موجتەهیدەکانن.

فیقهی ئیسلامیش لە هەموو کات و شوێنەکان ئەو حوکمانەی خوای گەورەی لەو دەستوورە کە قورئانە دەرهێناوە بە مەبەستی رێکخستنی ژیان، فیقهی ئیسلامیش وەک یاسا وایە گۆرانکاری و هەمووارکردنی تێدا دەکرێت بەپێی گۆرانکاریەکانی ژیان.

خاڵ: بابێینە سەر دەستوور یان یاسای دەستووری؟

د. مستەفا زەڵمی: یاسای دەستووری باڵاترین یاسایە لە هەر وڵاتێکدا، لەبەر ئەوە نابێت هیچ یاسایەک لەو وڵاتەدا دەربچێت کە لەگەڵی دژ بێت، ئەگەر دەقێکی دەستوور لەگەڵ دەقێکی یاسادا دژ بەیەک بوون، دەبێت دادوەر دەقە یاساییەکە رەتبکاتەوە چونکە نادەستووریە.

دەستوورە دانراوەکان بەوە پێناسە دەکرێن کە کۆمەڵێک بنەمای گشتيی بنەڕەتیە کە لە واقیعی کۆمەڵگاوە سەرچاوەیان گرتووە و ئەرکەکەی دیاریکردنی شێوازی دەوڵەت و دیاریکردنی بنەماکانی حوکمرانيیە تێیدا، هەروەها گرەنتیەکانی مافی تاکەکان لەخۆ دەگرێت و دەستەڵاتەکانی یاسادانان و دادوەری و جێبەجێکردن لێک جیا دەکاتەوە، تایبەتمەندی هەریەکەیان و پەیوەندیان بەیەکەوە دیاری دەکات.

خاڵ: چ پەیوەندییەک هەیە لە نێوان دەستووری خوایی کە قورئانە و دەستوورە دانراوەکانی مرۆڤ؟

د.مستەفا زەڵمی: هەردوو دەستوورەکە لەوەدا یەک دەگرنەوە کە مەبەستیان رێکخستنی ژیانی مرۆڤ و بەدیهاتنی بەرژەوەندیەکانیەتی بە باشترین شێوە، خوای گەورە دەفەرموێت: (وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا رَحْمَةً لِّلْعَالَمِينَ)، رەحمەت لێرەدا بەرژەوەندی مرۆڤایەتيیە، ئەم رەحمەتەش یان ئەوەتا ئیجابیە وەک بەدیهێنانی بەرژەوەندییەک، یان سلبیە وەک دوور خستنەوەی خراپەیەک.

بە هەمان شێوە هەموو دەستوور و یاسا دانراوەکانیش دەیانەوێت خزمەتی مرۆڤ بکەن، هەریەکەیان به‌ بەشێوازی خۆی، کەوابوو دەستووری خوایی و دەستوورە دانراوەکان لە ئامانجەکەیاندا بەیەک دەگەنەوە، بەڵام لە چەندین بابەتی بنەڕەتیدا لێک جیاوازن، لەوانە:

1- لە رووی سەرچاوەوە: وەحی سەرچاوەی دەستووری خوایە، لە کاتێکدا سەرچاوەی یاسای دەستووری عەقڵی مرۆڤ و کۆششەکانیەتی، گومانی تێدا نیيە عەقڵیش هەرچەندە پێگەیشتوو تێگەشتوو بێت دوور نابێت لە کەموکورتی و بەئاگابوون لە رابردوو ئێستا و داهاتوو، لەبەر ئەوەیە دەستوورە دانراوەکان هەمیشە پێویستیان بەهەموار و گۆڕانکاریيە.

2- لە رووی گشتێتیەوە: دەستوورە دانراوەکان بۆ یەک کۆمەڵگان، بەڵام دەستووری خوایی پەیامەکەی رووی لە تەواوی مرۆڤایەتيیە و داننانێت بە سنوورە سیاسيی و جوگرافیيەکاندا.

3- لە رووی بەردەوامی و جیگرییەوە: دەستووری خوای گەورە زیندووە و گۆڕان و هەموارکردنەوە و سڕینەوە قبوڵ ناکات، چونکە بنەما گشتیيەکانی لەخۆ گرتووە و بنەما گشتيیەکانیش پێویستی بە گۆڕانکاری نیيە.

4- لە رووی کەموکورتی و هەڵەوە: قورئان دوورە لە هەڵە و کەموکورتی، چونکە خوای گەورە داینناوە و خوای گەورەش زاتێکی کاملە.

5- دەستووری خوای گەورە کە قورئانە گرنگی و بایەخی زۆری داوە بە رەوشت، لە کاتێکدا یاسای دەستووری و یاسا ئاساییەکان ئەو گرنگی و بایەخە زۆرە نادەن بە رەوشت.

6- لە روی پاداشت و سزاوە: دەستوورە دانراوەکان و یاسا هەمیشە لێپێچینەوەیان تێدایە و سزا لەخۆدەگرن بۆ سەرپێچیکار، بە پێچەوانەی دەستووری خوای گەورەوە کە سزای بۆ خراپەکار بڕیار لێداوە، لە هەمان کاتدا پاداشتیشی بۆ چاکەکار بڕیار داوە.

7- لە رووی سنووری پاداشت و سزاوە: سنووری دەستووری خوایی فراوانە و پاداشتی دونیا و قیامەت لەخۆ دەگرێت.

8- لە رووی بواری جێبەجێکردنەوە: لە دەستوورو یاسا دانراوەکاندا حوکم بەسەر زاهیردا دەدەن و ناچنە قوڵایی ناخی مرۆڤەوە تا بڕیار لەسەر نیەتە خراپەکانی بدەن، بە پێچەوانەی قورئانەوە کە دەیەوێت مرۆڤەکان ناخیان و نیەتیشیان پاک بێت.

چەندین خاڵی دیکەش هەیە کە لێرەدا بابەتەکە درێژ دەبێت لێی بدوێین، دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ کتێبە نوێیەکەم لەسەر دەستوور.

خاڵ: دەکرێت نمونەی ئەو ئایاتانە کە بنەمای دەستووریان تێدایە بۆمان بخەیتە روو؟

د. مستەفا زەڵمی: قورئانی پیرۆز زۆر بنەمای دەستووری بەهێزی تێدایە کە هەموو دەستوورە هاوچەرخەکان لەخۆیان گرتووە، وەک: راوێژ، دادپەروەری و یەکسانی، هەندێ ئایەتی دیکەی قورئان هەیە کە بابەتی گرنگی لەخۆ گرتووە و لە کاتی دانانی دەستوورێکی ئیسلامیدا دەکرێت بگەڕێینەوە و بۆیان، لەوانە:

  1. [وَشَاوِرْهُمْ فِي الأَمْرِ]،  [وَأَمْرُهُمْ شُورَى بَيْنَهُمْ].
  2. 2.     [وَإِذَا حَكَمْتُم بَيْنَ النَّاسِ أَن تَحْكُمُواْ بِالْعَدْلِ]، [إِنَّ اللّهَ يَأْمُرُ بِالْعَدْلِ وَالإِحْسَانِ].
  3. 3.     [إِنَّمَا الْمُؤْمِنُونَ إِخْوَةٌ].

4.  له‌و ئایه‌تانه‌ش داوا دەکات پێویستە حوکم بەوە بکرێت کە خوای گەورە دایبەزاندووە: [وَأَنِ احْكُم بَيْنَهُم بِمَا أَنزَلَ اللّهُ].

5.  نمونەی ئەو ئایەتانەشی کە دادوەریکردن لە نێوان خەڵکیدا لەخۆ گرتووە: [وَلاَ يَجْرِمَنَّكُمْ شَنَآنُ قَوْمٍ عَلَى أَلاَّ تَعْدِلُواْ اعْدِلُواْ هُوَ أَقْرَبُ لِلتَّقْوَى].

6.  بنەمای ئاشتی و جەنگ لە ئیسلامدا: [وَإِن جَنَحُواْ لِلسَّلْمِ فَاجْنَحْ لَهَا وَتَوَكَّلْ عَلَى اللّهِ  هەروەها لەئایەتێکی دیکەدا هاتووە: [وَقَاتِلُواْ الْمُشْرِكِينَ كَآفَّةً كَمَا يُقَاتِلُونَكُمْ كَآفَّةً].

زۆر نمونەی دیکەم لەم بابەتەدا باس کردووە لەدواین کتێبمدا هیوادارم بتوانن سوددی لێوەربگرن.