ژمارەیەک دامەزراوەی فیکریی کوردستان (کۆڕبەندی هزر و کەلتوور) پێکدەهێنن

06/23/2017 22:37:52




ڕۆژی پێنجشەممە 2017/6/22 بەرانبەر 27ی ڕەمەزانی ساڵی 1438ی کۆچی، چوار دامەزراوەی فیکریی، بە ئامانجی کار و چالاکیی هاوبەش (کۆڕبەندی هزر و کەلتوور)یان پێکهێنا و لەمیانەی کۆبوونەوەیەکدا لە هۆڵی ئوتێل (های کریست) لە شاری سلێمانی، کە بە ئامادەبوونی سەرۆک و ستافی دامەزراوەکان ساز کرا، لێکتێگەیشتنی نێوان ئەو دامەزراوانە بۆ پێکهێنانی کۆڕبەندەکە ئیمزا کرا.

ئەو چوار دامەزراوەیەشی کە کۆڕبەندەکەیان پێکهێناوە، بریتین لە هەریەک لە (سەنتەری زەهاوی بۆ لێکۆڵینەوەی فیکریی، ڕێکخراوی زانست بۆ باس و توێژینەوە، پەیمانگای کوردیی بۆ دیالۆگ، ناوەندی هزریی و ڕۆشنبیریی خاڵ).

لە میانەی کۆبوونەوەکەشدا، سەرۆک و بەرپرسانی هەر چوار دامەزراوەکە تیشکیان خستە سەر بیرۆکەی پێکهێنانی کۆڕبەندەکە و ئامانج لە دروستکردنی، ئاماژەشیان بەوە کرد کە پێکهێنانی ئەو کۆڕبەندە دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە و گفتوگۆ دێت و هەوڵ و هەماهەنگییەکی دەستەجەمعییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێشهاتە فیکریی و کەلتوورییەکان و پێداچوونەوە بە کەلەپووری ئیسلامیی و گەڵاڵەکردنی دیدێکی کوردستانییانەی مەنهەجی لە بواری هزر و کەلتوور، لەگەڵ بونیاتنان و پەخشکردنی بیرێکی هاوچەرخ و گونجاو لەگەڵ واقیعی کوردستان، لە ڕێگەی کۆمەڵێک میکانیزمی کاریگەر و سەردەمییانەوە.

هەروەها لە خاڵی یەکەمی لێکتێگەیشتنەکەشدا کە تایبەتە بە پێناسەی کۆڕبەندەکە، هاتووە (دەستپێشخەرییەکی هەرەوەزییانەیە، هەوڵ بۆ لێکۆڵینەوە لە باری هزریی و کەلتووریی لە کوردستان و ناوچەکە دەدات، لەگەڵ دەستنیشانکردن و ئایندەبینیی بۆیان و پێداچوونەوە بە کەلەپووردا، لە ڕێگەی فەراهەمهێنانی سەکۆیەکی ئازاد بۆ گفتوگۆ و دیالۆگ، کە دەبێتە هۆکاری گەڵاڵەکردن و داڕشتنەوەی هزرێکی ئیسلامییانەی هاوچەرخ، لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی نوێگەریی گەشەسەندوودا).

بەرپرسانی چوار دامەزراوەکە کە پێکهاتبوون لە دکتۆر سەباح بەرزنجی لە سەنتەری زەهاوی، دکتۆر عومەر عەبدولعەزیز لە ڕێکخراوی زانست، مامۆستا ئارام قادر لە پەیمانگای کوردیی بۆ دیالۆگ، مامۆستا تۆفیق کەریم لە ناوەندی خاڵ، ڕاشیانگەیاند کە هەوڵ دەدەن کۆڕبەندەکە لەسەر ئاستی کوردستان ببێتە  هۆکاری بەیەکگەیشتن و لێکنزیکبوونەوەی هەموو کەسایەتی و توانا و دامەزراوەکانی دیکەی کە لە بوارەکانی هزر و کەلتووری ئیسلامییدا کار دەکەن و ئامادەن خزمەتی دەستەجەمعی پێشکەش بکەن لەو بوارانەی دەچنە چوارچێوەی کارەکانی کۆڕبەندەکەوە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ئامادەبوان دید و تێڕوانینی خۆیان سەبارەت بە پرۆژەی کۆڕبەندەکە و پێشهاتە فیکرییەکانی کوردستان و ناوچەکە و چۆنێتیی ڕووبەڕووبوونەوەیان خستە ڕوو. پێکهێنانی کۆڕبەندەکەشیان بە دەستپێشخەرییەکی گرنگ و پێویست وەسف کرد و بە سەرنج و پێشنیازەکانیان پرۆژەی مونتەداکەیان دەوڵەمەندتر کرد.