زانایانی ئایینی لە پێودانگی وەزارەتی ئەوقاف

02/28/2017 20:16:11



حەسەن عەبدوڵا

زانایانی ئیسلام لە مێژوی کۆن و نوێ گەلی کورددا خاوەن مێژویەکی پڕشنگدار و لێوان لێو لەشانازی و سەروەرین، هەمیشە پێشەنگ بوون لە ئاڕاستەکردنی تاک و خێزان و کۆمەڵگە بەرەو بەرزترین بەها و باشترین ڕێگە و پاکترین ژیان.

 زانایان تەمەنی خۆیان بۆ خزمەتکردنی بەرامبەر سەرف دەکەن و وەک مۆم سوتاون لە پێناو ڕۆشنکردنەوەی ڕێبازی ژیانی ئەوانی تر، کام مەیدان هەیە زانایان ئەسپی خۆیان تێدا تاو نەدابێت؟ چ بوارێکی پۆزەتیڤ هەیە ئەوان تێیدا باڵادست نەبوبن؟ قوتابخانە ئەدەبیەکان قەرزداری حوجرە و زانایانی ئیسلامن.
لەڕوی ئاشتی کۆمەڵایەتیدا هەمیشە مایەی دڵنیایی و تاکە خاڵی گرەنتی بوون، ئیتر ئەوان بەجۆرێک لەگەڵ خەڵک و جەماوەردا ژیاون کە هیچ شین و شاییەک نیە ئەوانیش هاوسۆز و هاوئاهەنگ نەبوبن!.
هەر ئەوەشە وای کردووە کە زانایان مەزییە و ڕێزێکی تایبەتییان لەلای سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگەدا هەبێت و جۆرێک لە پارێزبەندی کۆمەڵایەتییان پێ بڕابێت. 

لەبەرامبەردا وەزارەتی ئەوقاف وەک تاکە لایەنی فەرمی و پەیوەست بە کاروباری ئایینی و زانایانی ئایینیی، ئەرکی سەرشانی ئەوەیە کە پارێزگاری بکات لە شکۆی زانایان و کارئاسانییان بۆ بکات لە پێناو زیاتر ڕاییکردنی ئەو خزمەتانەی کە پێشکەشی مرۆڤ کوردیان کردووە، دەبوایە ئەوقاف هەمیشە وەک ماڵی دووەمی زانایان بوایە و وەک پەنایەک لەکاتی پێویست دا پەنایان بۆی بردبایە و داوای هاوکاریان لە بەرپرسانی ئەوی بکردبایە، بەڵام بەداخەوە ئەوقاف لە جیاتی ئەوە، بەردەوام ڕۆڵی دەزگایەکی هەواڵگری و سەربازی گێڕاوە لەئاست زانایان و سەرکەوتوترین فەرمانگە بووە لە سەرکوتکردنی زانایان و فەرمانبەرانی لەسەر هەندێک بنەمای تەسکی حزبایەتی، دەتوانم بڵێم زۆر بێ ئەمەکانە ڕەفتاری کردووە دەرهەق بە قوربانی دانی زانایان. 

ڕێنمایی و بڕیارەکانی ئەوقاف ئەوپەڕی بێ متمانەیی تێدا بەدی دەکرێت لە ئاست ئەو توێژە کاریگەرەی نێو کۆمەڵگە، کە دواترین بڕیاریشی دوای ئەنجام دانی کۆنفڕانسێک 'بەناو' بۆ پێشخستن و پەرەپێدانی وتاری هەینی ئەوەیە کە زانایان بابەتیان بۆ دەستنیشان بکرێت و لەوەش خراپتر هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندن بۆی نیە بەبێ ئاگاری ئەقاف وتاری مامۆستایان بگوازێتەوە یان تۆماری بکات، دەی ئەگەر ئەوقاف بڕوا و متمانەی بە زانایان و فەرمانبەرانی خۆی هەبێت وەها بڕیارێک دەدات؟ 
ئەگەر ئەوقاف لەگەڵ زانایان تەبا و خاوەن نیازێکی پاک بێت ئازادیتەکانیان لێ زەوت دەکات؟ 
ئایا چ کۆڕ و بۆنە و چالاکییەکی تر هەیە کە دەزاگاکانی ڕاگەیاندن بۆ ڕوماڵکردنی ناچار کرابن مۆڵەت لەدام و دەزگای پەیوەندی دار وەربگرن؟ 
ئایا گواستنەوەی بۆنە ئایینییەکانی کریستیان و ئێزیدی و شیعەکانیش بە فەرمان و ئاگاداری ئەوقاف بوە یان دەبێ؟ 
بێگومان نەخێر.

بۆیە بەڕاستی وەزارەتی ئەوقاف پێویستە بێتەوە هۆش خۆی و وەزیری بەوەکالەتەکەشی لەجیاتی بەردەوام بوون لەسزادان و بەرتەسککردنەوەی ئازادی زانایان، باشتر وایە بچێت لەسەر ئەژنۆ لەخزمەت زانایان وانەی خزمەتکردن و ئیجابی بوون بخوێنێت! .
دڵنیاشم وا ناکات، چونکە ئەو هەندێک بەناو زانا و مامۆستای ئایینی هەن کە موجامەلەی دەکەن و لەجیاتی خوا لەخۆ ڕازیکردن خەمی ئەوەیان چۆن جەنابی وەزیر و خەڵکی تر لێیان ڕازی دەبن، ئەو بەرپرسانەی خۆیان پێگەیشتوی نێو شەڕی براکوژییە دەبێ ئەوە بزانن کە زانایان ئاڕاستەکاری کۆمەڵگە بوون و پێوست بەوە ناکات وەک چینێکی تێنەگەیشتوو و بێ ئەزمون مامەڵەیان لەگەڵ دا بکرێت. 

لە کۆتاییدا دەنوسم با ئەوقاف و وەزیر و ستافەکەی بیرخۆیان بێننەوە کە ئەوە زانایان نین کە مەرگەسات و گەندەڵی و بێ دادی و سەروەر نەبونی یاسا و چینایەتی و نەخوێندەواری و دەیان قەیرانیان ڕوبەڕوی کۆمەڵگە کردۆتەوە تاسزا بدرێن، بەڵکو هەر ئەو کەس و لایەنانەی کە لە ئێستا و ڕابردودا خەریکی سزادان و پەڕاویزخستن و سوکایەتیکردن بووون بە زانایان هەر ئەوانیشن کۆمەڵگە و ژیانی مرۆڤی کوردیان پڕ کردوە لە نەهامەتی و قەیرانی دارایی و تێکدانی شیرازەی خێزان و داڕمانی ئەخلاق و پەرەسەندنی بازگانی بە ماددەی هۆشبەر، جا ئێستا کێ شایستەی سزادانە؟ 
کێ شایستەی ئەوەیە لیژنەی بۆ پێکبهێنرێت و کارە چەوتەکانی ڕاست بکرێتەوە؟ زانایان هەر دەمێنن و پەیامەکەشیان هەر بەردەوام دەبێت و خۆری ناحەقی زوو یان درەنگ چاری ناچارە هەر ئاوا دەبێت .