ڕێگریی مه‌زهه‌بی له‌به‌رده‌م چاكسازیی سیاسیی ئیسلامی

02/19/2017 21:34:33



ئوممه‌تی ئیسلامی پێویستی به‌ نوێگه‌رییه‌ له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌، یه‌ك له‌وانه‌ بواری فه‌رمانڕه‌وایی كه‌ چۆن سوود له‌ ئه‌زموونی پێغه‌مبه‌رایه‌تی‌و خیلافه‌تی ڕاشیده‌ بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ نوێیه‌مان وه‌ربگرین، چۆن بنه‌مای شوورا له‌ فه‌رمانڕه‌وایی فراوان بكه‌ین، چۆن تیۆرێكی دژ به‌ سته‌مكاری‌و فه‌رمانڕه‌وایی بنه‌ماڵه‌یی‌و دیكتاتۆریه‌ت دابمه‌زرێنین.... كه‌چی تازه‌ به‌ تازه‌ بانگه‌شه‌ بۆ تیۆره‌كانی سته‌مكاری‌و دواكه‌وتوویی و خۆبه‌كه‌م زانین ده‌كرێت:
1- داعش‌و هاوشێوه‌كان كه‌ فه‌رمانڕه‌وا نموونه‌ییه‌كه‌ی خۆیان وه‌ك كه‌سێك ته‌ماشا ده‌كه‌ن به‌ده‌ستێك شمشێری گرتووه‌ سه‌ری پێ ده‌په‌ڕێنێت‌و به‌ ده‌سته‌كه‌ی تر قامچییه‌ك له‌ پشتی خه‌ڵكی پێ ده‌دات، ئه‌و ڕه‌حمه‌ته‌ش كه‌ له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ر نێردرا لایان شمشێره‌. رق‌و كینه‌ش به‌رامبه‌ر موخالیفه‌كانیان فێری شوێنكه‌وتووانیان ده‌كه‌ن، با سوننه‌‌و موجاهیدیش بن.
2- سه‌له‌فیه‌تێكی جامی (مه‌دخه‌لی) گوێڕایه‌ڵیكردنی فه‌رمانڕه‌وای شمشێر‌و قامچی به‌ده‌ست ده‌كاته‌ به‌شێك له‌ ئاین، مرۆڤیش ده‌خاته‌ ڕیزی ئاژه‌ڵه‌وه‌ كه‌ ناچاره‌ به‌رگه‌ی سته‌مكاریی خاوه‌نه‌كه‌ی بگرێت، كه‌رامه‌تی مرۆڤی موسڵمانیش له‌ ئاست فه‌رمانڕه‌وا لای ئه‌و له‌ پاشه‌ڕۆی ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ بێ بایه‌ختره‌. وه‌كو داعشیش رق‌و كینه‌ به‌رامبه‌ر موخالیفه‌كانی فێری شوێنكه‌وتووانی ده‌كات، با سوننه‌‌و سه‌له‌فیش بن.
3- شیعه‌گه‌راییه‌ك بێزار نابێت له‌ وتنی شتێكی نه‌سه‌لمێنراو و بێ بایه‌خ ئه‌ویش كه‌ عه‌لی كوڕی ئه‌بو تاڵیب موسته‌حه‌قی خیلافه‌ت بوو نه‌ك ئه‌بو به‌كر‌و گوایه‌ ئه‌بو به‌كر زوڵمی له‌ فاتیمه‌ كرد كه‌ (فه‌ده‌ك)ی نه‌دایه‌ به‌ میراتی‌و چه‌ندین شتی تر سه‌رده‌مه‌ تاریكه‌كان. ئینجا هه‌موو ئیسلام، به‌ڵكو هه‌موو گه‌ردوونیش، ده‌خولێنێته‌وه‌ له‌ده‌وری ئه‌هلولبه‌یت، خوا له‌ هه‌موویان ڕازی بێت به‌ڵام وه‌ك چۆن خوا له‌هه‌موو گه‌ردوون ته‌نها ئه‌وانی لا مه‌به‌ست بێت‌و ئه‌وانی تری بۆ خزمه‌تی ئه‌وان دروست كردبێت. وه‌كو دوانه‌كه‌ی تریش رق‌و كینه‌ به‌رامبه‌ر موخالیفه‌كانی فێری شوێنكه‌وتووانی ده‌كات، با موسڵمانیش بن‌و عه‌لی‌و ئه‌هلولبه‌یتیشیان خوش بوێت.