كەلامی ئیلاهی و دەنگی ئینسانی

01/18/2017 18:21:19


 مودریك عەلی عارف   


قورئان كەلامێكە كەلامی ئیلاهی، نەفخەیەكە لە ڕەوحی ڕەحمانی، نورێكە پرشنگی خۆی دەهاوێ بۆ سەر زەوی و بۆ نێو دڵ و عەقڵی مرۆڤەكان و حورمەتگرتن و پاراستنی جوانییەكانی سروشت و خزمەتكردنیان، لەبەرامبەردا ئاواز و دەنگەكەشی دەنگێكە دەنگێكی ئینسانی و پێغەمبەرانە و سازگار و تەبایە بە توانای دەرك و تێگەیشتن و تەحەمولكردنی ئینسانی، بەڵێ دەنگ و ئاوازێكە كە سنووری گوێ تێدەپەڕێنی و خۆی دەكات بە ژوور و تونێلەكانی عەقڵ و ژیریدا و لە ژێر كەژاوەی ڕۆح و دڵدا ئۆقرە دەگرێت، كەلامێكە پڕ لە وشەی جوان و بایەخدار و پێویست بۆ مرۆڤایەتی، قورئان دەنگێكە كە ساز و تەبایە لەگەڵ ناخ و دڵ و ڕۆحی مرۆڤدا و لەگەڵ هەموو گیان و ژیانی مرۆڤدا دەدوێت، هێندەش ئارامبەخش و دڵنشینە كە ئەگەر عەقڵی كاڵ و ناكامڵی هەندێكیش قبوڵی نەكەن و لێی تێنەگەن، ئەوا هەر تەقە دەدا لە دەرگای دڵیان و هەستیان بە خەبەر دێنێت و فیترەتیان داوای بیستن و خوێندنەوە و جێبەجێكردنی دەكات.

حەزرەتی موحەممەدی دوایین نێردراوی ئیلاهی و پێغەمبەریش(دروودی خوای لەسەر بێت) باشترین و ڕاستترین و ڕاستگۆترین گەیەنەر و ڕوونكەرەوە و شرۆڤەكار و (مُبلّغ) و (مُبیّن)ی قورئان و ئەو كەلامە ئیلاهییەیە، ئەو زاتە (مُبلّغ) و (مُبیّن)ێكی ئەمین و ئەمانەتپارێزە وەك برا پێغەمبەرەكانی پێش خۆی، ئەو بە دەنگ و هەستی پێغەمبەرانە و مرۆییانە دەقی كەلام و نامە و پەیامەكەی وەك خۆی گەیاندووە، ئەگەرچی ناتوانێت دەنگە ئاسمانی و ئیلاهییەكە بگەیەنێت، ئەگەرچی ناتوانێت قووەت و لەززەت و چێژ و هەست و كاریگەری ئەو دەنگە ئیلاهییەی كە بە جوبرەئیلی گەیاندووە بگەیەنێت، یان دەنگە فریشتەییەكەی جوبرەئیل وەك خۆی بگەیەنێت، بەڵام حەتمەن كە دەنگی پێغەمبەرانەی پێغەمبەریش(دروودی خوای لەسەر بێت) دەنگێكە ئاوێتەیە بە ڕەنگ و بۆ و تامی دەنگێكی ئیلاهی، كە هەمیشە (صیبغەیەكی ئیلاهی) وەك هەوێن لە دەنگ و دەربڕینەكەیدا حزووری هەبووە، بۆیە هێندە كاریگەر و بەچێژ و دڵگیر و دڵنشین بووە، تا ئەو ئاستەی كە -وەك لە كتێب و سەرچاوە مێژووییەكانی سیرە و ژیاننامە و فەرموودەدا هاتووە- بەشێك لە نەیار و ناحەزانیشی تامەزرۆی بیستنی دەنگ و ئاوازی ئەو زاتە بوون كە وشە و كەلامی ئیلاهی (قورئان)ی خوێندووەتەوە، بۆیە بە پەنهانی چوون لە پشت پەردە و دیوارەكانەوە گوێیان ڕاگرتووە بۆ كەلام و دەنگە دڵگیرەكەی.

بە سەرنجدان لە ئەركی پێغەمبەرانەی پێغەمبەر(دروودی خوای لەسەر بێت) ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت كە قورئان بەو شێوەی كە هەیە، پیت بە پیت و وشە بە وشەی كەلامی خوایە و دەقی كەلام و دەستووری ئیلاهییە بۆ مرۆڤەكان، كە لە ڕێگەی پێغەمبەرەوە(دروودی خوای لەسەر بێت) نێردراوە بۆ مرۆڤەكان، ئەو زاتەش هیچ پیت و وشەیەكی بۆ زیاد و كەم نەكردووە، هەر ئەمەش وادەكات كە خەسڵەتی (ئەمین)ی و (حوججییەت) بوونی پێ بدرێت[رُسُلاً مُبَشِّرِينَ وَمُنْذِرِينَ لِئَلاَّ يَكُونَ لِلنَّاسِ عَلَى اللهِ حُجَّةٌ بَعْدَ الرُّسُل وَكَانَ اللهُ عَزِيزَاً حَكِيمَاً.]ألنساء/، كە خەسڵەتێك بووە بۆ هەموو پێغەمبەران سەلام و دروودی خوایان لێبێت، هەموویان ئەمانەتپارێز بوون و وەك خۆی نامەكەیان گەیاندووە، وەك چۆن خوای گەورە لە قورئانی پیرۆز و لە وەسفی كار و ئەركی پێغەمبەرانەی پێغەمبەردا(دروودی خوای لەسەر بێت) دەفەرمووێت: [وَمَا يَنْطِقُ عَن الْهَوَى إِنْ هُوَ إِلاَّ وَحْىٌ يُوحَى.]ألنجم/3-4.

لە بواری كار و ئەركی (مُبلّغ)ی و (مُبیّن)ی و پێغەمبەرایەتیدا و بەدەر لە بەشە ئینسانی و حاڵەتە مرۆییەكەی، پێغەمبەری خۆشەویست موحەممەد(دروودی خوای لەسەر بێت) بەم چەشنە بووە و هیچ شتێكی لە خۆوە و بە خواست و حەزی خۆی نەوتووە، هەرچی وتووە (وەحی) و نیگای ئیلاهی و گەیاندنی پەیام و كەلامی خوایی بووە، بەمەش توانیویەتی (حوجییەت) و (شهودییەت)ی هەبێت بەسەر موخاتەب و گوێگرەكانیەوە.

هیچ كەسێكی (ناصح امین) ناتوانێت و شیاو نیە كە نامەكەی خوا وەك خۆی نەگەیەنێت، یاخود بیەوێت بە زمان و تێگەیشتنی خۆی دایبڕێژێتەوە و دەستكاری و گۆڕانكاری تێدا بكات، ئەو سەرەتا دەقی نامە و پەیام و كەلامە ئیلاهییەكەی وەك خۆی گەیاندووە، دوای ئەوە بە فەرموودە و سوننەت و سلوكی شیرین و جوان و شیاوی ڕۆژانەی بووەتە ڕاڤەكار و شرۆڤەكاری ئەو نامە و پەیامە ئیلاهییە.

ئەو پێغەمبەرە(دروودی خوای لەسەر بێت) كە پەیامهێنی دوایین پەیامی ئیلاهییە، وەك شرۆڤەكارێكی دەستووری وایە كە دێت شرۆڤە و ڕاڤەی دەستوور و ماددە دەستوورییەكان دەكات بەبێ هیچ جۆرە دەستكاری كردنێكی خودی دەستوورەكە و ماددە دەستوورییەكان، ئەو سەرەتا مەتنی قورئانی وەك خۆی گەیاندووە بێ زیاد و كەم، دواتر بە وتە و كردار و سلوك و مامەڵەی ڕۆژانەشی بە جوانترین و شیاوترین شێواز ڕاڤە و شرۆڤەی ئەو دەق و مەتنە ئیلاهییەی كردووە بۆ موخاتەب و مرۆڤەكان، تا بە وردی و بە جوانی لە مەتنەكە تێبگەن، نەكا بەهۆی چڕی مەتنەكە و ئەو دۆخ و شوێنكاتەی كە تیایدا دەژین وەك پێویست لە دەق و ئایەتەكان تێنەگەن، بەمەش ئەو پەیامەی گەیاندووە كە قورئان مەتنێكی نەگۆڕی ئیلاهییە و بەڵام قابیلی تێگەیشتن و هەڵێنجان و ڕاڤە و شرۆڤەی جیاوازە بۆ شوێن و كاتە جیاوازەكان.

ئەو پەیامبەرە نامەهێنە ئیلاهییە، بەهیچ شێوەیەك نە خاوەن و نە نووسەری دەستوور و مەتنەكە (قورئان) نییە، بەڵكو ئەو تەنها گەیەنەر (مُبلّغ)ـەو هێندە ئەمانەتپارێز و ئەمین بووە لە گەیاندنی نامەكەدا، تەنانەت ئەو بڕگە و ئایەتانەش كە بە چەشنێك لۆمە و سەركۆنە و گازندە لە خودی خۆی دەكەن، ئەوانەشی وەك خۆی گەیاندوون و نەیشاردوونەتەوە و گۆڕانكاری تێدا نەكردوون لە بەرژەوەندی كەسێتی خۆیدا، كە ئەمەش خەسڵەتی هەموو پێغەمبەران بووە سەلامی خوایان لێبێت، كە بە پێناسە و وەسفە خواییەكە لە قورئاندا هەموویان (ناصح أمین) بوون.

بەندە بەو تێگەشتنەی كە هەمە بۆ دین و قورئان و ئەركی پێغەمبەرانەی پێغەمبەر(دروودی خوای لەسەر بێت)، پێغەمبەرم بەم چەشنە ناسیوە و دەیناسم و هەر بەم چەشنەش نەك تەنها باوەڕی عەقڵی و زەینیم پێی هەیە، بەڵكو ئیمانێكی تەواو قوڵی قەلبیم هەیە كە ئەو زاتە بەو شێوەیە بووە و ئەمینێكی تەواو بووە لە گەیاندنی نامە و پەیامەكەدا، بە دروستترین شێوەی تیۆری و پراكتیكی و زارەكی و كردەیی ڕاڤە و شرۆڤەی ئەو پەیام و نامەیەی كردووە كە خوای گەورە متمانەی مەقامی پەیامبەری و هەڵگرتنی ئەو بار و ئەركی بەرپرسیارێتییەی پێ بەخشیوە.