عادیله‌ خان

11/23/2016 17:05:14


 



 عادیله‌ خان كچی عه‌بدولقادر به‌گی ساحێبقه‌ران و خێزانی وه‌سمان پاشای جاف ناسراو به‌ نازناوی (خانم) یه‌كێكه‌ له‌ ئافره‌ته‌ هه‌ره‌ ناوداره‌كانی مێژووی كوردستان و ناوچه‌كه‌ كه‌ له‌ مێژوودا به‌لێوه‌شاوه‌یی وسام و توانا ناوبانگی ده‌ركردووه‌.
 
 كاتی خۆیشی له‌ كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا، كه‌ وه‌سمان پاشا ئه‌م ئافره‌ته‌ هه‌ڵكه‌وتووه‌ی به‌هاوسه‌ری خۆی هه‌ڵبژاردووه‌، مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیی ئه‌وه‌ بووه‌، له‌ خانه‌واده‌ی ڕه‌سه‌ن و به‌شكۆی (خانم) كه‌ سه‌ر به‌ وه‌زیره‌كانی میرنشیینی ئه‌رده‌ڵانی جاران بووه‌، نزیك بێته‌وه‌ و ئاشنایه‌تییان بكات.
 
 هه‌ر كه‌ خانم له‌ هه‌ڵه‌بجه‌دا نیشته‌جێ ده‌بێت یه‌كسه‌ر ده‌ست ده‌كات به‌ پته‌وكردن و جێگیركردنی هێز و ده‌سه‌ڵاتی خۆی، ئه‌ویش به‌ پشتبه‌ستن به‌توانای خۆی و شۆرت و ناوبانگی خانه‌واده‌كه‌ی، هه‌روه‌ها به‌سوودوه‌رگرتن له‌و ئازادییه‌ی كه‌ وه‌سمان پاشا بۆی فه‌راهه‌م كردبوو .
 
 ئه‌مه‌ وێڕای ئه‌وه‌ی وه‌سمان پاشا ، میری جاف و قایمقامی هه‌ڵه‌بجه‌، به‌هۆی كاروباره‌ فه‌رمییه‌كانییه‌وه‌ له‌ مووسڵ و كه‌ركووك و سلێمانیدا، زۆر جار له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ دوور ده‌كه‌وته‌وه‌.
 
ئیدی به‌و هۆیانه‌وه‌، خانم بووبه‌ فه‌رمانڕه‌وای ڕاسته‌قینه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌و شوێنانه‌ی سه‌ر به‌ ئه‌وێ بوون (هه‌ورامان و پێنجوێن و شاره‌زوور...) و له‌سه‌ر ڕێبازی وه‌سمان پاشای مێردی گه‌لێك ده‌سكه‌وت و پێشكه‌وتنی شارستانی و ئابووریی له‌وێ وه‌دیهێنا. ئه‌وه‌بوو دوو خانووی قه‌شه‌نگ و نایابی له‌سه‌ر شێوه‌ی (سنه‌) دروستكرد كه‌ له‌ سه‌رتاپای سلێمانیدا بێ هاوتا بوون .
 
 هه‌روه‌ها ڕێگای بازرگانیی له‌گه‌ڵ سنه‌ (پایته‌ختی ئه‌رده‌ڵانی جاران) و شاره‌كانی ده‌راوسێدا به‌ واڵایی هێشته‌وه‌ و، بازاڕێكی ڕازاوه‌ی بنیاتنا كه‌ له‌ چوار ڕێز دوكانی گومه‌زیدار پێكهاتبوو، بۆیه‌ بازرگانی له‌ شاردا گه‌شه‌ی كرد و په‌ره‌ی سه‌ند. هه‌میسان خانم به‌ندیخانه‌یه‌كی نوێ و دادگایه‌كی له‌ شاردا دامه‌زراند و خۆی بوو به‌ دادوه‌ری دادگاكه‌. ئه‌مه‌ وێڕای چاندنی چه‌ند باغچه‌ و دارگه‌لێكی زل و خۆشسێبه‌ر له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و دوروبه‌ریدا .
 
جگه‌ له‌مانه‌، شاری هه‌ڵه‌بجه‌ له‌سایه‌ی خانم و وه‌سمان پاشای مێردیدا و تاهیربه‌گ و ئه‌حمه‌د موختار به‌گی كوڕانیاندا، گه‌لێك بینا و دامه‌زراوی گرنگی دیكه‌ی به‌خۆوه‌ بینی وه‌ك، قوتابخانه‌ و مزگه‌وت و گه‌رماو... هتد .
 
 به‌و شێوه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ گوندێكی پشتگوێخراوه‌وه‌ بووبه‌ شارێكی گه‌شاوه‌ و پێشكه‌وتوو، ئه‌مه‌ش بووبه‌ مایه‌ی حه‌سوودی كاربه‌ده‌سته‌ عوسمانییه‌كان كه‌ ویستیان له‌ ڕێگه‌ی دامه‌زراندنی  هێڵی پێوه‌ندیی (ته‌له‌گراف)ه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆیان به‌سه‌ر شاردا بسه‌پێنن. به‌ڵام دانیشتوانی هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌ر زوو ئه‌و هێڵه‌یان بڕی ،
 
 به‌وه‌ش ناڕه‌زایی خۆیان بۆ سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی عوسمانییه‌كان به‌سه‌ر شاره‌كه‌یاندا ده‌ربڕی. خانم - یش له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ ئامۆژگاریی كاربه‌ده‌ستانی عوسمانیی كرد كه‌ نه‌كه‌ن هێڵه‌كه‌ چاك بكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ی خێرا ده‌یبڕنه‌وه‌!
 
به‌گشتی خانم خاوه‌نی خه‌سڵه‌تگه‌لێكی به‌رز و ده‌سه‌ڵات و شكۆ و سامی تایبه‌تی خۆی بوو. ئه‌مه‌ وێڕای ئه‌وه‌ی خولیا و زه‌وقێكی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری و بیناسازیی به‌رز و توانایه‌كی بازرگانی و ئابووریی سه‌یری شك ده‌برد .
 
 ئه‌مانه‌ش به‌گشتی وایانكرد، خانم مایه‌ی بایه‌خ و سه‌رسامیی خه‌ڵكانێكی زۆری ئه‌و سه‌رده‌مه‌بێت به‌گشت چین و توێژ و پله‌ و پایه‌ فه‌رمی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیرییه‌كانیانه‌وه‌، نه‌خاسمه‌ توێژه‌ر و ڕۆژهه‌ڵاتناسه‌كان كه‌ مه‌تحی كه‌سایه‌تی و به‌هره‌مه‌ندی و لێهاتوویی و سه‌خاوه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م زاته‌یان كردووه‌.
 
محه‌مه‌د ئه‌مین زه‌كی به‌گ ئاماژه‌ی به‌ هه‌ڵكه‌وتوویی و هۆشیاری خانم و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر مێرده‌كه‌ی و عێله‌كه‌ی و تێكڕا ناوچه‌كه‌دا كردووه‌، هه‌روه‌ها به‌بایه‌خه‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌توانای خانم له‌ بواری شارستانی و بیناسازی و كاروباری فه‌رمی و كۆمه‌ڵایه‌تی و خێڵه‌كیدا داوه‌.
 
ئه‌دمۆندزیش باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ گشت ده‌سه‌ڵاتی وه‌سمان پاشا، له‌ پاش مردنی، كه‌وتووه‌ته‌ ده‌ستی خانمی ژنی كه‌ له‌ ڕاستیدا شاژنی (تاج پێ نه‌دراوی) شاره‌زوور بووه‌. ئینگلیزه‌كانیش له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ نازناوی به‌رزی هیندیی ( خان به‌ هادوور )یان پێ به‌خشیووه‌.