مەرجەعییەت

04/20/2016 07:02:28

دوا خاڵ

 

له ‌ئیسلامدا، جگه‌ له ‌بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی ئایین له ‌بواری عه‌قیده ‌و عیباده‌تدا، وه‌ك بناغه‌كانی باوه‌ڕ به‌خوا بوون ‌و وابه‌سته‌كانی، یان په‌رستشه‌ سه‌ره‌كیه‌كان له‌ نوێژ، ڕۆژو، حه‌ج ‌و زه‌كات، ئیتر ده‌ست بۆ هه‌ركایه‌یه‌ك ده‌به‌یت‌ و ورده‌كاری له ‌هه‌ر بابه‌تێكدا ده‌كه‌یت، بیروبۆچون‌ و ئیجتیهادی جیاوازی لێدروست ده‌بێت، ئه‌م بۆچونه‌ جیاوازه‌ش داهێنراوی ئه‌مڕۆ نییه‌، به‌ڵكو ڕیشه‌داره‌ و له‌ پاش وه‌فاتی پێغه‌مبه‌ری خواوه‌ (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) په‌یدا بووه‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ تایبه‌تیش نییه‌ به‌ ئایینی ئیسلامه‌وه‌، به‌ڵكو سه‌رجه‌م ئایین‌ و ئاینزا ئاسمانی، زه‌مینیه‌كان ‌و ئایدۆلۆژیه‌ جیاجیاكان هه‌مان كێشه‌یان هه‌یه‌، چه‌ندین بۆچون ‌و ڕێچكه‌ له‌ ته‌فسیری ده‌قه‌كانیاندا سه‌رهه‌ڵده‌دات، له‌وانه‌ش زیاتر هه‌موو كایه‌ مرۆیی ‌و مه‌عریفیه‌كانی دیكه‌ی ژیانی گرتوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ جیاوازی پێكهاته‌ی خودی مرۆڤ له ‌شێوه‌ی بیركردنه‌وه‌ و ته‌سه‌وركردن بۆ شته‌كان ‌و لێكدانه‌وه ‌و شیكردنه‌وه‌كانی له‌ هه‌موو كایه‌كاندا. به‌ڵام ده‌كرێت بپرسین، ئایا ئه‌م جیاوازیانه‌ به‌ ئه‌رێنی له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێن یان نه‌رێنی؟

ئه‌گه‌ر دورنه‌كه‌وینه‌وه ‌و بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ئیسلام، جیاوازیه‌كه‌ هه‌ردوو خاڵی ئه‌رێنی‌ و نه‌رێنی زۆری له‌خۆگرتوه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر جیاوازی نه‌بێت داهێنان ‌و گونجاوی ئایین‌ و نوێبونه‌وه‌ی بۆ گشت سه‌رده‌م‌ و شوێنه‌كان دروست نابێت. به‌ڵكو وه‌ك زۆر ئایین ‌و باو‌ونه‌ریتی دیكه‌، له‌جێگه‌ی خۆی ده‌چه‌قێت، ده‌بێته‌ كه‌له‌پورێكی پیرۆز و بۆ پیاده‌كردن ‌و شوێنكه‌وتن ناشێت.

لایه‌نه‌ نه‌رێنیه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ جیاوازیه‌كه‌ له‌ بازنه‌ی ئاییندایه‌، زۆرجار ئه‌و بۆچونانه‌ له ‌سنووری جیاوازی تێده‌په‌ڕن‌ و ده‌بنه‌ مایه‌ی لێكترازان ‌و په‌یدابوونی گروپ‌ و تاقمی هاودژ، كه‌پێیان وه‌هایه‌ ده‌بێت خه‌ڵكه‌كه‌ش وه‌ك ئه‌وان بیربكه‌نه‌وه‌ و ڕێچكه‌ی خۆیان به ‌خودی ئایین ده‌زانن‌، سه‌رجه‌م ده‌ق و به‌ڵگه‌كان به‌پێی ڕێبازی بیركردنه‌وه‌كه‌یان ته‌فسیر ده‌كه‌ن، به‌ڵكو له‌ناویاندا په‌ڕگیری وه‌ها په‌یدا ده‌بێت ئه‌وی وه‌ك خۆی نه‌بێت له‌ بازنه‌ی ئوممه‌ت ده‌ریده‌كات‌ و فه‌توای بێدینی به‌سه‌ردا ده‌دات.

كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ حه‌قیقه‌ت بێت، ده‌بێت چاره‌سه‌ری ڕیشه‌یی بۆ دابنرێت، چاره‌سه‌ریش داهێنانی من ‌و تۆ نییه‌ كه‌ پێشتر كه‌س په‌ی پێنه‌بردبێت، به‌ڵكو له‌ زۆر قۆناغدا جێبه‌جێكراوه‌، كه‌ به ‌كورتی بوونی مه‌رجه‌عه‌ بۆ گشت لایه‌ك تا له‌ جیاوازیه‌ سه‌ره‌كیه‌كاندا هه‌موان په‌نای بۆ به‌رن‌ و قسه‌ی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بێت.

له‌ سه‌ره‌تای سه‌رده‌می ئیسلامه‌وه‌ وه‌ها بووه‌، هاوه‌ڵان كه‌ مشتومڕیان ده‌بوو له‌سه‌ر لێكدانه‌وه‌یه‌ك، پێغه‌مبه‌ری خودا مه‌رجه‌عی سه‌ره‌كی بوو مشتومڕه‌كه‌ی كۆتایی پێده‌هێنا.

پاش پێغه‌مبه‌ر، ده‌سه‌ڵات هه‌مان كه‌لێنی پڕكردوه‌ته‌وه،‌ بۆیه‌ زانایان ده‌ڵێن ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتداری یه‌كه‌م ئه‌وه‌نده‌ شاره‌زایی ئایینی هه‌بێت بتوانێت ئیجتیهاد بكات، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌م مه‌رجه‌عیه‌ته‌ نه‌گونجا، یان خراپ به‌كارهێنرا وه‌ك له‌چه‌ند قۆناغێكی مێژوویدا ڕویداوه‌، ئه‌وكات ده‌كرێت شێوه‌‌كه‌ی بگۆڕێت به ‌مه‌رجه‌عیه‌تی زانستی، واته‌ زانایه‌كی باڵای هه‌ڵكه‌وتوو، یان كۆمه‌ڵه‌ زانایه‌ك ئه‌و بۆشاییه‌ پڕبكه‌نه‌وه، بابه‌ته‌ جیاوازه‌كان یه‌كلابكه‌نه‌وه‌ و كۆتا قسه‌ هی ئه‌وان بێت.

بۆیه‌ هه‌ندێك له ‌زانایان ده‌سته‌واژه‌ی (ولي الامر) له‌ ئایه‌تی (يا أيها الذين امنوا اطيعوا الله واطيعو الرسول واولي الامر منكم) به‌ زانایانیان ته‌فسیر كردوه‌. ئه‌م چاره‌سه‌ر و ده‌ره‌چه‌یه‌ به ‌ته‌نیشت ئێمه‌وه‌ شیعه‌ مه‌زهه‌به‌كان جێبه‌جێیانكردوه‌ و بۆ خۆیان تا ئه‌ندازه‌یه‌ك سه‌ركه‌وتوو بوون.

خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌م شێوازه‌ سه‌رنه‌گرێت، ده‌كرێت شێوازی مه‌رجه‌عیه‌ت بگۆڕێت ئه‌و مافه‌ به‌ گه‌ل بسپێررێت، به‌ڵام گه‌لێكی هۆشیارو به‌ئاگا و پێگه‌یشتوو، كه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ گشتییه‌كان بزانێت ‌و له‌ ئاستی سه‌رده‌مدا بیربكاته‌وه‌. ئه‌مه‌ش ته‌نها چه‌ند سه‌ره‌ قه‌ڵه‌مێكن، ده‌كرێت گفتوگۆ و لێكۆڵینه‌وه‌ی تێروته‌سه‌لی له‌سه‌ر بكرێت.